ساڵی 1955 لەناحیەی میرزا ڕۆستەم بناری کۆسرەت لەبنەماڵەیەکی کوردپەروەرو جوتیار لەدایکبووە، هەر لەمنداڵییەوە چوست و چالاکی و وریایی پێوە دیاربووە، خوێندنی سەرەتایی لەسەنگەسەر تەواوکردووە بۆ خوێندنی ناوەندی ڕووی لەشاری ڕانیە کردووە، توانی بگاتە پۆلی سێیەمی ناوەندیی و لەئازارو ئازادییەکانی ژیان تێبگات.
لە 1975 باوکی لەلایەن ڕژێمەوە دەستگیرکرا بەهۆی پەیوەندیبوونیەوە بەشۆڕشی ئەیلول، دوای شەش مانگ تەرمەکەی لەکەناری دەریاچەی دوکان لەناوچەی چوارقوڕنە دۆزرایەوە، دوای شەهیدبوونی باوکی، کاک موحسین بەهۆی ئەوەی کە کوڕە گەورەی بنەماڵەکە دەبێت ئەرکی بەخێوکردنی ماڵەوەی دەگرێتە ئەستۆ، ئەمەش دەبێتە هۆی وازهێنانی لەخوێندن و بڕیاریشدەدات کە لەسەر خەباتی باوکی بەدەوام بێت، بۆئەم مەبەستەش ساڵی 1976 پەیوەندی بەڕیزەکانی بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستانەوە دەکات، ڕوڵَی چالاک و کارا دەبینێ لەهاندان و کۆکردنەوەو وشیارکردنەوەی کۆمەلانی خەڵک بەوهۆیەشەوە بووە جێی چاودێری سیخوڕەکانی دوژمن لەناو شاردا، بەلام ئەوبێباک لەمردن کارەکانی ڕێکخستنی ئەنجامدەدا، دواجاردەسگیرکراو برایە هەیئەی خاسەی کەرکووک، دوای شەش مانگ گیران و ئەشکەنجەو ئازارێکی زۆر لەلایەن دوژمنەوە نەیانتوانی نهێنییەکانی پێبدرکێنن، لەبەرانبەردا دوژمن بەناچاری ئازادی کرد، زیندانیش بۆئەم قارەمانە بووە قوتابخانەی کەم و کەڵ ژیان و کۆڵنەدان، لەگەڵ ئازادبوونیشی دوای سێ مانگ ژیانی خێزانی لەگەڵ فاتمەخان پێکهێنا لەساڵی 1976، دوای چوار مانگیش ساڵی 1977 بووبەپێشمەرگەی بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان و خەمی گەورەی گەلەکەی کردە دروشم و ئامانج، لەژیانی پێشمەرگایەتیشدا بەهەڵمەت و بەورەو ڕۆشنبیرو سادەو ساکار بوو، خۆشەویستی خەڵک و هێزی پێشمەرگە و گوندو کوچەو کۆلانەکانی شار بوو. کاتێک چەکی کردە شان، کەسنورەکان لەلایەن دوژمنانی چواردەورمان داخرابوون و شۆڕشی گەورەی کورد هەرەسی هێنابوو، بۆیە ئەوانەی ئەمڕۆیان دروستکرد لەوشەوە زەنگ و ترسناک و نادیارەدا بەپەنجەی دەست دەژمێردران، شەهید موحسین یەکێک لەوانە بوو، کە شەرەفی ژیانەوەی هەڵسانەوەی شۆڕشی پێدەبڕێ.
1979 دەبێتە فەرماندەی هێزی سەرکردایەتی سۆسیالیست و ڕۆڵی شیاوو چالاکی خۆی لەم بوارەدا بینیوە، لەبەر لێهاتوویی لەلایەن سەرکردایەتییەوە دەکرێتە جێگری هەرێمی چواردەی سۆسیالیست، کە شەهید عەولا سوور فەرماندەی بوو کالا بەقەد بالا دەبێ لەم هەرێمەدا، کەئەم دوو ڕۆڵە کەم وێنە بوون لەئازایەتی، چیای قەندیل و خەڵکی سنورەکە شایەتی ئازایەتی هەردوونەمران موحسین بایز و عەولا سوورن کەچەندین داستان و شەڕیان لەدژی دوژمن تۆمارکردووە، هەر لەو ماوەیە گەورەترین داستانیان لەسماقوڵی گرتک ئەنجامدا بەژمارەیەکی کەمی پێشمەرگە، بەلام بەورەیەکی بەرزی وەکو چیاکان چوونە شەڕەوە، لەچوار قۆڵەوە ڕووبەڕووی دوژمن بوونەوە، جگەلەوەی هێزێکی زۆری دوژمن بەتانک و زرێپۆش و کۆپتەر ڕووبەڕوویان بوونەوە، بەلام بەئازایەتی و بڕوابوون بەڕێبازی شەهیدان توانییان دوژمن تێکبشکێنن، بەخوێنی سێ فەرماندەو پێشمەرگە ئەم داستانە گەورەیە تۆمارکرا.
لەساڵی 1981 بەنەخشەو بەرنامەی شەهید موحسین بوو کە ویستیان چالاکییەکی گورچکبڕ لەرانیە ئەنجامبدەن، بەلام بەهۆی ئاشکرابوونیان دوژمن بەهێزی پیادەو ئاسمانی هێرشی کردە سەریان و توانیان ڕووبەڕووی دوژمن ببنەوە، لەم شەڕە کەم وێنەیەدا سەعات 11ی نیوەڕۆ کاکە موحسین بەسەختی برینداردەبێت، بەلام سەرەڕای سەختی برینەکەشی تاکو خۆرئاوابوون بەرگرییەکی قارەمانانە دەکات و هاوکات پێشمەرگەیەکیش بەناوی محەمەد خدر حەمۆڵ شەهیددەبێت. دوای چاکبوونەوەی برینەکەی، دەبێتە جێگری هەرێمی چواردەی سۆسیالیست گواسترایەوە بۆ سەرکردایەتی و ساڵی 1982 کرابە فەرماندەی هەرێمی باواجی سۆسیالیست و بارەگاکەشیان لەگوندی سماقوڵی سەروچاوە بوو، ئەم کوردەتێکۆشەرە گەرمیان و کوێستانی بۆ نەبوو، وەکو هەڵۆو باز وابوو کوێ پێویستی بەئەو بووایە ئامادەبوو، لەشەڕەکانی دەشتی هەولێرو کۆیەو قەندیل و سورێن و شارباژێر شوێن پەنجەی ئازایەتی ئەویان پێوە دیاربوو، هەمیشە لەگەڵ خێزان و منداڵەکانیدا لەئاوارەیی و لێکدابڕان و بنبەردو ئەشکەوت و شاخەکاندا ژیانیان لەبرسێتی و سەربەرزیدا بەسەردەبردو بۆ تەنیا ساتێکیش فاتمە خانی خێزانی مەیدانی خەباتی لەگەڵدا چۆڵنەکرد. هەر لەبەر ئازایەتی و خۆڕاگری خۆی بوو کە لەشەڕەکاندا لەپێشەوەی پێشمەرگەوە بوو، بۆیە سێ جار بەسەختی برینداردەبێ، لەلێواری مەرگ دەگەڕێتەوە، ساڵی 1987 بەپیلانی دوژمن لەگەڵ بەڕێزان د. مەحمود عوسمان و عەدنان موفتی و مستەفا چاوڕەش و چەندین پێشمەرگەی تر دەرمانخواردکران و سێ کەسیشیان گیانیان لەدەستدا، بەلام ئەمان بەهۆی کەمی ڕێژەی ماددە ژەهراوییەکە لەجەستەیاندا لەمردن ڕزگاریان بوو. لەئەنفالەکانیشدا وەکو فەرماندەیەکی شارەزا ڕۆڵی کارای بینی لەبەرگری و بەرخودان و لەساڵی 1988 لەدەڤەری بالیسان بەر شالاوی کیمیاباران دەکەوێت. لەگەڵ ڕاپەڕینی بەهاری 1991دا موحسین بایزی نەومر وەک فەرماندەیەکی پارتیزان یەکەم مەفرەزە بووە کە لەچەخماخەی ڕاپەڕینی ڕانیە بەشداردەبێت و خەڵکیش بەبینینی ئەو پارتیزانە جۆش و خرۆش دەخواو لەدەوری کۆدەبنەوە. ساڵی 1993 لەیەکگرتنەوەی سۆسیالیست و یەکێتیدا کاک موحسین بوو بەئەندامی مەکتەبی عەسکەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پاشان بوو بەسەرلەشکری 11ی باڵەک و دواتر بوو بە ئەندامی فەرماندەی گشتی و پاشان بەکارگێڕی فەرماندەی گشتی (ه.پ.ک)، دوا پلەشی بەجێگری وەزیری پێشمەرگە بوو.لەسەنگەسەر بەهۆی کارەساتێکی دڵتەزێن لە 11-06-2009ماڵئاوایی لەکوردستان کرد.