ناوم، سدیق ساڵح عەزیزە، بە مامۆستا سدیق ناسراوم، لە دوای ئەوەی #جەمیل ڕەنجبەر# شەهید دەبێت، گەلێک لە هاوڕێیان بە سدیق ڕەنجبەر بانگیان دەکردم، یەکێک لەوانە کاک نەوشیروان، واتە سدیق ڕەنجبەریش ناوێکی تری منە. لە ساڵی 1954 لە گوندی گۆمەگڕوی سەربە شارۆچکەی #قوشتەپە#ی #دەشتی هەولێر# لەدایکبووم. خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی و هەتا ئامۆژگەی مامۆستایانم هەر لە هەولێر لە ساڵی 1974 تەواو کردووە. لە ساڵی 1974 هەتا هەرەسی شۆڕشی ئەیلول، پێشمەرگە و مامۆستابووم. لە ساڵی 1975 هەتا 1980 پیشەی مامۆستایەتیم کردووە، لە گوندەکانی دەربەندی ڕایات و پیرئۆمەری دۆڵی ڕووستێ و گوندی گۆمەشین.
لە ساڵی 1969دا پەیوەندیم بە #یەکێتیی قوتابییانی کوردستان# کردووە. لە دوای ئەوەی کە لە ساڵی 1970دا کۆمەڵەی مارکسی- لینینی درووستبوو، لە ئەڵقە ڕۆشنبیریەکانی کۆمەڵەدا بەشداریم کردووە. لە دوای هەرەسیش لەگەڵ دەسپێکردنەوەی شۆڕشی نوێ، هێڵی ڕێکخستنی نوێمان درووستکردووە، بە تایبەتیی لە کاتی نەکسەی گیرانەکانی ساڵی 1977ی هەولێر. دواجار لە ساڵی 1979 لە درووستبوونی یەکەم کۆمیتەی شاری هەولێر، وەک ئەندامی کۆمیتەی کۆمەڵەی ڕەنجدەران، کاری ڕێکخراوەییم کردووە.
لە هاوینی ساڵی 1980دا، بە هۆی سیخوڕێکەوە لە کاتی ئەنجامدانی چالاکییەکدا، لەگەڵ سەرداری کاکەحەمە دەسگیردەکرێم لە نزیک شارەدێی هیران. ڕاپێچماندەکەن بۆ دەزگەی ئەمنی ئیستیخباراتی مەدەنی لە هەولێر. لە دوای چەندین مانگ ئەشکەنجەی بەندیخانە، کە نەیانتوانی هیچمان لێهەلوەرێنن، بە هۆی پلانێکی تۆکمەوە، توانیم پەنجەرە مۆدێلکۆنەکەی ژووری بەندیخانە بشکێنم، بەبێئەوەی پاسەوانەکان هەستی پێبکەن، لە ئێوارەیەکی مانگی یازدەدا، لەگەڵ داکردنی ڕێژنەی باران، من هاتمە دەرەوە و خۆم دەرباز کرد، ئەو هاوڕێیەی کە لەگەڵ من گیرابوو، لە ژوورێکی تر بوو، ئاگاداری هەموو هەنگاوەکانی ڕاکردنەکەمبوو، چونکە بەتەمابووین بە نیشانەی تەپەی دیوار، هەردوکمان پێکەوە ڕابکەین.
لە مانگی یانزە خۆم گەیاندە هێزەکانی پێشمەرگە لە گوندی نێرەگینی بەستی شەرغە، دواتر بەناوچەکانی دۆڵی نازەنین و بالیسان. بەڕێکەوتم و خۆم گەیاندە سەرکردایەتی لە زەڵێ و نێوزەنگ و تووژەلە. ماوەی نزیکەی هەشت مانگ لە ئێسگەی دەنگی کوردستان لە تووژەڵە مامەوەو دوو بەرنامەم ئامادە دەکرد. کە کۆنفرانسی کۆمەڵەی ڕەنجدەران لە مالیمۆس تەواو بوو، من خۆم ئامادەکرد، بۆ ئەوەی بچمە خوارەوە، لەگەڵ ئەو قوەتە تازەیەی کە هاوڕێی شەهید شاخەوان عەباس لێپرسراوە سەربازیەکەی بوو. بۆیە لە هاوینەکەی کە دەکاتە ساڵی 1981 هاتینە خوارەوە بەرەو وەرتێ و خۆشناوەتی و دەشتی هەلێر.
لە دەشتی هەولێر وەک لێپرسراوی کۆمەڵەی ڕەنجدەران و لێپرسراوی ناوچەی یەکێتی بووم لە هەمان کاتدا. لە ساڵی 1982، گەڕاینەوە سەرکردایەتی و کۆنفرانسی دووەمی کۆمەڵە لە ناوزەنگ بەسترا. دوای ئەوە، ئەمجارەیان بەرەو ناوچەی #ڕواندز# بەڕێکەوتم، وەک لێپرسراوی پۆلی هەلگورد و دواتر لە ساڵی 1984 بوومە لێپرسراوی ڕێکخستنی ڕواندز..
لە ساڵی 1984 یش، لە کاتی گفتوگۆی یەکێتی و حکومەت، کۆنفرانسی سێیەمی کۆمەڵەی ڕەنجدەران لە پیرەمەگرون گرێدرا. لە کۆنفرانسەکە من یەکێکبووم لەوانەی کە گومانی چالاکی بەشداری ئۆپۆزیسیۆنی ئەو کاتی لێدەکرا، ئەو کاتە ناوی ئێراقچیان بۆ ئێمە هەڵبەستبوو، دواتر بووە ئالای شۆڕش، بۆیە لێپرسراوەتی ڕێکخستنی کۆمەڵەم لێسەندرایەوە.
وەک پێشمەرگەیەکی سەربەخۆ هەرجارەی لە شوێنێک بووم. تا ئەو کاتەی لە شوباتی ساڵی 1985 هاوسەرگیریمکرد و لە ژوورێکی قوتابخانەکەی گوندی کاموسەکی سەربە هیران، مانگی هەنگوینیم بەڕێکرد. ئێستاش دوو کوڕ و دووکچم هەیە. هەر بە هۆی ململانێکانی ئەو کاتەوە، ناچارکرام بچمە سەرکردایەتی کە لە دۆڵی جافەتی بوو ئەو کاتە، بۆیە بۆ ماوەی دوو ساڵان، ماڵم لە سەرگەلو بوو. پاشان ماڵم بردە گوندی خەتێ، لەوێش لە هێرشێکی #بەعس# و جاشی، ساڵی 1987 دا بۆ دۆڵی بالیسان، لەم هێرشەدا بەعس چەکی کیمیایی لە بالیسان و شێخوەسانان و خەتێش بەکارهێنا و کارەساتەێکی گەورەی بەدواوەبوو، بەڵام کیمیایییەکەی سەر گوندی خەتێ بە هۆی بارانێکی بەخوڕەوە پوچەڵبووەوە و کاری لە ئێمەنەکرد، بەڵام مالەکەم وەکوو ماڵی هەموو خەڵکی دێیەکە تاڵانکراو و سووتێندرا.
دواجار ماڵم بردە گوندی نازەنین، بۆ ماوەی ساڵێکیش لەوێ بووم، دواتر بە هۆی توندی هێرشەکانی ئەنفالەوە، تووشی پاشەکشە بووین بەرەو ئاکۆیان و وەرتێ و سەرکردایەتی. لەم ماوەیەدا، هەستمکرد تووشی نەخۆشی کوشندەی مەلاریا بووم، دواتر زانیم کە ئەوە حکومەتی بەعس میکرۆبی ئەم نەخۆشییەی وەک چەکی بایۆلۆجی بڵاو کردووەتەوە.
لە کاتی ڕاپەڕینی ساڵی 1991دا، کۆمیتەیەکمان درووستکرد بە ناوی کۆمیتەی شەهید جەمیل ڕەنجبەر کە من سەرپەرشتیم دەکرد، دواجار خۆم و خێزانم وەکوو ئەو خەڵکە تووشی کۆڕەوەکە بووین، بەرەو پیرمام و شەقڵاوەو ناوچەی ڕاوەندوز بەڕێکەوتین، بۆ ماوەی چەند مانگێک لە گوندی هاودیان ماینەوە. دواتر لە کاتی گفتوگۆی بەعس و بەرەی کوردستانی گەراینەوە هەولێر. دوای ئەم دابڕانە زۆرە لە پیشەکەم، سەرلەنوێ لە قوتابخانەی هەژار وەکوو مامۆستا دامەزرامەوە. زۆرنەبرد، چوومە زانکۆی سەڵاحەددین و لە ساڵەکانی 1992-1996 توانیم سەرکەوتووانە کۆلێجی زمان و ئەدەبی ئینگلیزیم تەواو بکەم
لە دوای 31 ئاب، کە ڕژێمی بەعس بە هاوکاری پارتی هەولێری گرتەوە، بە خێزانەوە چووین بەرەو ئۆردوگای ئەشکان لەسەر سنووری ئێران، پاشان گەراینەوە بۆ #سلێمانی#، لەبەر ئەوەی هیچ باوەڕم بە شەری براکوژی نەبوو، ئەم سەرکردانەشم بە لاواز دەهاتە بەرچاو، و لەبەر ئەوەی دەموچاوم مەرغوب نەبوو لە لای دەستەڵاتدارەکان، بەتایبەتیی کە ڕابردویەکی باشمان پێکەوە نەبوو، بۆیە بە ناچاری ملی ڕێگەی هات و نەهاتم گرت، بەرەو هەندەران، بە ئومێدی ئەوەی لەم بارودۆخە کارەساتبارە دەربازم ببێ کە تێی کەوتووم.
لە مانگی دوازدەی ساڵی 1996 بە قاچاخ ڕۆشتم بەرەو ئێران و تورکیا، ماوەی شەش مانگ بەزەحمەتی لە تورکیا مامەوە. پاشان هەر بە قاچاخ، سنووری وڵاتەکانی یۆنان و ئیتاڵیا و فەرەنساو ئەڵمانیام بڕی، دواجار لە مانگی تەموزی 1997 دا گەیشتمە هۆڵەندا، زۆر بەخێرایی ئیقامەم پێدراو و پاشان جنسیەی هۆلەندیم وەرگرت، ئێستاش لە هۆڵەندا نیشتەجێم.
لە دوای ڕووخانی ڕژێم بۆ ماوەیەکی زۆر لە کوردستان مامەوە، بەڵام کە تەماشامکرد، ئەو بارودۆخە ئەوە نییە کە من ئاواتم بۆی دەخواست، وەنەبێت هەوڵم نەدابێ کە کارێکی بچووکی حکومی وەگرم، بەڵام دیارە بە هۆی کۆنە قینی هەندێک لە دەستەڵاتدارەکان پێیان ڕەوانەدیتم، هەروەها زۆر هەوڵمدا وەکوو مامۆستای ئینگلیزی کە پیشەکەی خۆمە دابمەزرێمەوە، ئەویشیان نەکرد، ئینجا زانیم کە ئەم حکومەتە هەر کەس بۆ خۆیەتی و تەراتی تێدا نەماوە. هەرجارەو ئەوەم بەبیردەهاتووە کە دایی ڕەحمەتی بۆچی دەیوت، جانم لێدە شۆڕشە شۆڕش. بۆیە لە ساڵی 2014 بڕیارمدا بگەڕێمەوە لە هۆڵەندا بژیم. هەمیشە بە ئاواتم ڕۆژێک لە ڕۆژان کورستانێکی سەربەخۆ ببینم کە یاسا و کەرامەتی تاکی کوردی تێدا بەرقەراربێت و بە ئاسوودەیی بژیم. [1]