نەورۆز
نەورۆزنەورۆز دابونەریتێکی زۆر کۆن و دێرینە کە لە لایەن کورد و فارس و... بە شێوەی جۆربەجۆر دەگیرێ. رەگ و ریشەی دەگەڕێتەوە بۆ کەونارایەکی پێش لە مێژوو. هەندێ کەس بە هەڵە پێیان وایە زاڵبوونی کاوە بەسەر زوحاک سەرچاوەی نەورۆزە. بەڵام نەورۆز زۆر لە ئەفسانەی زوحاکیش کۆنترە. شارەزایانی نەورۆز، بڕوایان وایە جەمشێد کە یەکێک لە پاتشاکانی پێشدادییەکان بووە، نەورۆزی داهێناوە. ژیانی ئەو پاتشایانە لە ئەفسانە بەدەر نییە و بەسەرهاتەکانیان زۆر خەیاڵین و سەردەمەکەشیان پێش لە چاخی مێژووە. کەوا بێت بنەمای نەورۆز دەگەڕێتەوە بۆ چاخە دێرینەکان.
کەوناراییەکان پێیان وا بووە کە لە مانگی نەورۆزدا گیانە پاکەکان سەردانی کەسوکارەکانیان لەسەر زەوی دەکەنەوە و ئاگر هەڵدەکەن و خوانی حەوت سین دەچنن و بەدەوریدا دادەنیشن. بۆیە چەند رۆژێک پێش لە هاتنی نەورۆز، خەڵک دەست دەکەن بە تەکاندنی کەلوپەل و ناوماڵەیان و جلی نوێ لەبەر دەکەن و بە ئاگرهەڵکردنەوە دەچنە پێشوازی نەورۆز. دیارە نەورۆز لە ناوچە جۆربەجۆرەکاندا بە شێوەی جیاواز دەگیرێ و دابونەریتەکانی نەورۆز لای گەلانی ناوچەکەش جیاوازیی هەیە.
[1]