ناو: ئاشنا
ناوی باوک: زرار
ساڵی لەدایکبوون: 1978
شوێنی لەدایکبوون: #هەولێر#
$ژیاننامە$
ناوی تەواوی (ئاشنا زرار قادر کەریم) ە، ساڵی 1978 لە هەولێر لەدایکبووە و دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەولێر بەشی شێوەکارییە و ئێستا 2022 کاری مامۆستایی دەکات، ساڵی 1998 بۆ یەکەمجار لەگەڵ دڵزاری برایدا پێکەوە سێ گۆرانیان لەگەڵ تیپی مۆسیقای کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کورد لقی هەولێر تۆمار کرد، دوای ئەوەی ساڵانێک لە بواری هونەری گۆرانی گوتن کاری کرد، ئێستا بە هۆی چەند هۆکارێکەوە هونەرمەند ئاشنا زرار وازی لە گۆرانی گووتن هێنا، و ئامادە نییە بۆ جارێکی دیکە بەو بارودۆخەی ئێستا گۆرانی بڵێتەوە و گوتویەتی گۆرانی گوتن ئاواتی حەزی منداڵی من بوو و بەپێی پێویست کارم بۆ ئەو حەزە کرد، هەرچەندە زۆر زەحمەتیم بۆی کێشا بەڵام بەداخەوە لەو بارودۆخەی ئێستا کارکردن لەو بوارەدا زۆر سەخت بووە، بۆیە بڕیارمدا واز لەو پیشەیە بهێنم و بوارەکە جێبهێڵم، هەروەها ئەو خانمە گۆرانیبێژە ئەوەشی ڕاگەیاند هەرچەندە بڕیاری ئەوەیداوە لەو بارودۆخەی ئێستا کار لەو بوارەدا نەکات بەڵام ئەگەر ڕێگرییەکان نەمێنن و هاوکارییەکان وەک پێویست بوونی هەبێت ڕەنگە لەو بڕیارەی خۆی پاشەگەزبێتەوە، هەروەک خۆی دەڵێت ڕێگریەکانی کارکردن لە بواری گۆرانی گوتن لە کوردستان ئەوەندە زۆرە و زەقە، باوەڕ ناکەم جارێکی دیکە بتوانم لەو بوارەدا کار بکەمەوە، بەڵام ئەگەر ئەو ڕێگریانە نەما و ئاسانکاری بۆ هونەرمەندان دروست بوو وەک ئەو هاوکاریانەی کە ئێستا بۆ هونەرمەندانی ئەوروپا هەیە، لەوانەیە بڕیارەکەی خۆم بشکێنم. جێگای ئاماژە پێکردنە هونەرمەند ئاشنا زرار لە ساڵی 1998 یەکەم گۆرانی خۆی لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بڵاوکردەوە و لە ساڵی 2006 بە هاوبەشی لەگەڵ هونەرمەند دڵزار زراری برای یەکەم ئەلبوومیان بڵاوکردەوە بە ناوی (خەمێکی شێت).