حەمە غەفور ئاغجەلەری
محەمەد غەفور ئەحمەد ساڵی 1939 لە خێزانێکی کوردپەروەرو ناسراوی شارۆچکەی ئاغجەلەر هاتۆتە دنیاوە.
بنەماڵەی ئەم رۆڵە هەڵکەوتووە خاوەنی مێژویەکی پڕ سەروەرییە لە جوامێری و کوردایەتی و فیداکاریدا. شەهیدی نەمر حەمە غەفور ئاغجەلەری ساڵی 1961 پەیوەندی کردووە بە شۆڕشی ئەیلولەوە.
بەهۆی ئازایەتی و لەخۆبوردوویی و رەوشت بەرزییەوە لەماوەیەکی کەمدا شەهید حەمەغەفور بووە سەردەستەی هەڤاڵەکانی و فەرماندەیەکی بەناوبانگی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
ئەم فەرماندە کۆڵنەدەرە لەشۆڕشی ئەیلولدا چەندین داستانی بێ وێنەی تۆمارکردووەو هاوڕێ لەگەڵ برا پێشمەرگەکانیدالە ناوچەی چەمچەماڵو ئاغجەلەر دەیان پەلامارو شاڵاوی هێزەکانی رژێمیان تێکشکاندووە.
شەهید حەمەغەفور کەهەموو ژیانی خۆی بۆ کوردو کوردستان تەرخان کردبوو، ساڵی 1976 بە بڕوایەکی پۆڵایینەوە پەیوەندی کرد بە شۆڕشی نوێی گەلەکەمانو لێپرسراوێتی سیاسی و عەسکەری مەفرزە سەرەتاییەکانی سنوری کەرکوکی گرتە ئەستۆو لەماوەیەکی کورتدا توانی جەماوەرێکی زۆر لەدەوری مەشخەڵانی شۆڕشی نوێدا کۆبکاتەوە.
چالاکییە سیاسی و عەسکەرییەکانی شەهید حەمەغەفور لەسنوری کەرکوکدا هێندە قوڵو بەرفراوان بوون کە ترسێکی گەورەیان خستە دڵی دوژمنانی ئازادییەوەو بەکرێگیراوەکانی رژێم هەموو هێزو توانای خۆیان خستەگەڕ بۆ لەناوبردنی ئەم هەڵۆ بەرزەفڕەی کوردایەتی و سەرەنجام پیلانی رەشی بەکرێگیراوان رۆژی 23ی تەمموزی 1977 بووبە خەنجەرێکی ژەهراوی و لەپشتەوە خوێنی شەهید حەمەغەفورو حەوت پێشمەرگەی تری بەناحەق رشت و ژانێکی بەسۆی خستە دڵی دڵسۆزانی کوردو کوردستانەوە.