زاناو ڕووناکبیری کورد عەرەبی شەمۆ ساڵی لە گوندی (سوسز)ی ناوچەی قارسی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانلی لە بنەماڵەیەکی سەر بەشێخانی (ئێزید-داستی) لەدایک بووە، سەرەتا ژیانی بە شوانکاری بەسەر بردووە و دواتر بۆ خوێندن چۆتە گوندی (ئەلکسەندەرۆڤ)و پێش سەر هەڵدانی شۆڕشی ئۆکتۆبەری ساڵی 1917 لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەو سەردەمەی ڕوسیاوە خراوەتە زیندانەوە.
دوای بەرپابوونی شۆڕش ڕووی کردە شاری (ستاڤ ڕۆپڵ)ی باکووری قەوقاز و چووە ڕیزی پارتی بەلشەفیکەوە، لە ساڵانی 1920-1924 پەیمانگای خۆرهەڵاتی لە مۆسکۆ تەواو کردووە، دواتر بووە بەنوێنەری کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئەرمەنستان لە یەریڤان.
ساڵی 1930 بووە بە سەرنووسەری ڕۆژنامەی (ڕێیا تازە) تا ساڵی 1938 ئەو ڕۆژنامەیەی بەپیتی لاتینی بڵاوکردەوەو دواتر گۆڕدرا بە پیتی سلاڤی ڕوسی، ساڵی 1932 لە شاری لینینگراد دەستی کردووە بە خوێندنی باڵا و وا بڕیار بوو تێزی دکتۆراکەی سەبارەت بە کوردو ڕووناکبیری کورد بێت، بەڵام لەلایەن دەسەڵاتدارانی سۆڤیەت و حوکمی ستالینەوە دەست گیر کراو بۆ ماوەی بیست ساڵ بەرەو سیبیریا دوور خرایەوە.
ساڵی 1946 هەر لە سیبریا کیژێکی ڕووسی بەهاوسەری ژیانی هەڵئەبژێرێ، دوای مردنی ستالین گەڕایەوەیەریڤان و خۆی بۆ کاری ئەدەبیات و نووسین تەرخان کرد، وێڕای یەکەم هەوڵی لە بیستەکاندا بۆ دانانی (ئەلف و بێ)یەکی کوردی بەپشت بەستن بە پیتی لاتینی زوربەی نووسینەکانی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەو دەمەی سۆڤیەتدا بڵاوکردۆتەوە، لە بواری نووسینی ڕۆماندا دەچێتە ئاستی نووسەرەناودارەکانی جیهانەوە.
لە بەرهەمەکانی: ڕۆمانی (شڤانی کورد -1930)، ڕۆمانی (بەربانگ-1957)، (ژیانی بەختەوەر -1959)، (کوردانی ئەرمەنستان-1961). ئەم نووسەرە گەورەیەی کورد ساڵی 1978 بۆ دوا جار ماڵئاوایی لە ژیان کرد.