چیرۆکنووسیی ناسراوی کورد، کاکینە یان جەمیل سائب کوڕی مەلا ئەحمەدی (سائب)ە.
(سائب) لەقەبێکە مەلا ئەحمەدی باوکی لە زەمانی عوسمانییەکاندا بۆ خۆی هەڵبژاردووە) کوڕی مەلا قادری قەرەداغی کوڕی مەلا حەسەنە (ئەم مەلا حەسەنە، هەندێ دەڵێن لە بنەچەدا خەڵکی دێی سەوسێنانی سەر بەشارەدێی قەرەداغە).
لە ڕۆژی 16ی مانگی ئابی ساڵی 1887دا لە شاری
سلێمانیسلێمانی هاتووەتە دنیاوە. بەمنداڵی لە حوجرەی مەلا ئامینە (مەلا ئامینە کوێرێکی خوێندەواری بەزەبر و توانای ئەوسا بووە، حوجرەی هەبووە، هیچ کاتێ لە (30) منداڵ کەمتری لانەبووه.) قورئان و فارسیی خوێندووە. دوای ئەوە لە
هەڵەبجەهەڵەبجە کە باوکی بەقازییەتی لەوێ بووە، لە حوجرەی مەلا ئەحمەدی تەکیەیی (سمایلنامە، ئەنشودەی شێخ مارفی نۆدێ، یۆسف و زولێخا و گولستانی شێخی سەعدی)ی خوێندووە. دوای ئەوە کە هاتوونەتە سلێمانی، دیسان لە حوجرەی مەلا عەزیزی زڵزڵەیی کتێبی فارسیی خوێندووه، ئینجا دەستی کردووە بەمەشقی خەتی درشتە، چونکە لەو کات و سەردەمەدا، منداڵ لە حوجرە قورئان و کتێبی فارسیی بە(متن)ەوە خوێندووە، کە نەختێک گەورە بوو ئەو کتێبانەی بەمەعناوە خوێندووە و لە دواییدا دەستی کردووە بەخەتی ڕێحانی، دوای ئەوەش مەشقی خەتی وردە.
جەمیل سائب دوای حوجرە چووەتە قوتابخانەی سەرەتایی کە ئەوسا هەر یەکێک هەبوو لە سلێمانی و هەمووی سێ پۆل بوو. دوای ئەوە باوکی بوو بەقازیی (قەڵادزە) ئەمیش لەگەڵیدا چوو، بەڵام لەبەر ئەوەی هیچ جۆرە حوجرە و قوتابخانەیە لەوێ نەبوو، ساڵ و نیوێ دانیشت تا گەڕانەوە سلێمانی، ئەوسا لە مزگەوتەکەی هەمزاغای باپیری پیرەمێرد (شاعری بەناوبانگ حاجی تۆفیق، کە ئەبێت بەخاڵی جەمیل سائب) دەستی کردەوە بەخوێندن، لەم کاتەدا تووشی نەخۆشییەکی قورس بوو، ئەوەندە کاری لێ کرد، تادوا ڕۆژی ژیانی شەقڵەکەی پێوە دیاربوو(ئەوەبوو، تۆزێک بۆی ئەلەنگی)، بەڵام ئەم پیاوە هەر کۆڵی نەدا، دیسان دەستی کردەوە بەخوێندنەوەی کتێبی فارسی و تورکی، تا باوکی کۆچی دواییی کرد، ئەوسا بەناچاری چووە ژێر باری فەرمانی میرییەوە وبووە بەکاتبی (وێرگو- باج) لە سلێمانی، تا عوسمانییەکان وڵاتیان بەجێ هێشت و ئینگلیزەکان دەستیان بەسەر کاروباری عێراقدا گرت. ئەوسا ئەمیش چووە دائیرەی (خەزێنە) کە حیساباتی
ئێستایە و بوو بە کاتب.
لە ساڵەکانی1919 و1920 دا کە ڕۆژنامەی پێشکەوتن لە سلێمانی دەردەچوو و نووسینی کوردیی بڵاودەکردەوە، ئەمیش لە نووسینەکانیدا بەشدار دەبوو.
لە ساڵی 1924 دا دوای ئاوابوونی حوکمی شێخ مەحموودی (حەفید) کە دەزگای میری لە سلێمانی دانرایەوه، ڕۆژنامەی (ژیانەوە) دەرچوو کە ئەم سەرنووسەری بوو، بەڵام لە دواییدا لەبەر کاروباری میری وازی لە ڕۆژنامەکە هێنا، ئیتر لە (خەزێنە)دا مایەوە و ئەو کارگێڕی بوو، تا لە ساڵی 1949دا خانەنشین کرا، دوای ئەوەش بەینێک بووەوە بەسەرنووسەری ڕۆژنامەی (ژین) کە هی پیرەمێردی خاڵی بوو، تا لە پایزی ساڵی 1951دا تووشی نەخۆشییەکی قورس بوو، هێنایانە بەغدا، لە پاش ڕۆژێک واتا لە 31ی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 1951دا فەرمانی یەزدانی بەجێ هێنا و تەرمەکەیان بردەوە سلێمانی، لەسەر تەوقەسەری گردەکەی (مامەیارە) لە تەنیشت پیرەمێردەوە نێژرا.
کاکینە دوای خۆی شەش کوڕ و دوو کچی بەجێ هێشت:
1-حەمە عەلی: کە ساڵی(1972) لە شاری بۆمبای لە هیندستان بەدەستێکی چەپەڵ کوژرا دوای ئەوەی گەیشتە پلەی (باڵیۆز-سەفیر).
2-فەوزی: ئەفسەر بوو. لە دواییدا چووە (ئیدارە)وە و گەیشتە پلەی (متسرف).
3-نەوزاد لە حقووق دەرچووە و بووە فەرمانبەر.
4-ئازاد: لە کشتوکاڵدا لە دەرەوە خوێندوویەتی و بووەتە فەرمانبەر.
5-بەهزاد: فرۆکەوان بووە لە سوپادا.
6-شەهزاد: (پشتیوان ۔ محامی) بووە.
7-نەسرین: کچی گەورەی بووە.
8-ڕوناک: مامۆستای قوتابخانە بووە.
ئەم منداڵانەش بەری سێ ژنن، حەمە عەلی و فەوزی دایکیان یەکە.
نەسرینیش دایکی جیایە.
منداڵەکانی تریش دایکیان یەکە کە حەپسەخانە و لە بنەماڵەی عیرفانە لە سلێمانی
نازناوی جەمیل سائب (کاکینە)یە، کە ئەمەش حاجی تۆفیقی خاڵی لە ئەنجامی خۆشەویستیدا بەسەریا بڕیبوو کە بەواتای کاکی ئێمە دێت.
[1]