یەکێکە لەزانا ئایینی یە بەناوبانگەکان و شاعیرە گەورەکانی کورد. ناوی محەمەدی کوڕی حاجی حەسەنی سنجوێیەو بەئیبنولحاجب ناسراوە. زوربەی سەرچاوە مێژووییەکان ئەڵێن ساڵی 1698 لەگوندی (سنجوێ)ی ناوچەی سەردەشت لەدایک بووە. بە منداڵی لای باوکی دەستی داوەتە خوێندن و دواتر لە حوجرەی فەقێیان درێژەی بەخوێندن داوە. هەر لەم پێناوەشدا تەواوی ناوچەی موکریان گەڕاوەو ماوەیەکی زۆریش لە سلێمانی و قەڵاچوالان ماوەتەوە. پاش وەرگرتنی ئیجازەی مەلایەتی ڕووی کردۆتە ناوچەکەی خۆی و سەرقاڵی دەرس وتنەوە بووە، بەڵام لەدوای چەند ساڵێک چۆتە گوندی (هەزارمێرد)ی نزیک شاری سلێمانی و پاشماوەی ژیانی لەوێ بەرێنمایی کردنی خەڵکەوە بەسەر بردووە. ئەم پیاوە خوێندەوارە گەلێ زانای گەورەی پێگەیاندووە، لەوانە مەلا عەبدوڵڵای بێتووشی و شێخ مارفی نۆدی و کاک ئەحمەدی شێخ، سەرباری ئەمانەش، مەلا محەمەدی هەزارمێردی مامۆستایەکی ناسراوی زانستە ئایینییەکان بوو. چوار کتێبی گرنگریشی لەو بوارانەدا بەزمانی عەرەبی نوسیووە و لەساڵی 1755یشدا کتێبی (مەهدی نامە)ی بەزمانی کوردی نوسیووە کە لە (256) دێڕە شیعر پێکهاتووە. مەلا محەمەد ساڵی 1778 لەگوندی هەزارمێرد کۆچی دوایی کرد و هەر لەوێ بەخاک سپێردرا.