یەکێک بوو لە کەمفامە ناسراو و قۆشمەچییەکانی شاری سلێمانی و ساڵانێکی زۆر بە (بوز کردن) بەهەرزەکارو کوڕانی گەنجەوە بەناوبانگ بوو، ڕۆژی 06-10-2008 لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی گیانی سپارد.
ڕینگۆ، لەناوەڕاستی مانگی ڕەمەزانی 2008ەوە هیچی نەخوارد بوو، چەند شەوێک بەر لەجەژن لەلایەن پۆلیسەوە لەشوێنی هەمیشەیی خۆیەوە کە (گوزەری سەعە تاکۆیی) بوو، برایە لای مزگەوتی گەورە و پاشان ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتن کرا، دوای ئەوەش لە نەخۆشخانە کرایە دەرو لەسەرشەقام فڕێدرا، پاش ئەوەش بردیانە سەرقەبرانو دوای ئەوەش جارێکیتر براوەیەوە نەخۆشخانەی فریاکەوتن تا ڕۆژی 6/10 گیانی لەدەست دا.
ڕینگۆ، بەمدواییە هەردوو چاوەکانی لەدەست دا بوو، لەوپەڕی سەرگەردانی و پیسو پۆخڵی و چڵکنیدا ژیانی بەسەر دەبردو ڕۆژانە هەر کە دەمی دەکردەوە بەلێشاو جوێنی ناشیرینی بە کورد و کوردستان و سەرکردەکانی ئەدا. ئەو لەکاتی کۆڕەوەکەدا کە لە سلێمانی بەجێما، سوپای بەعس چاوێکیان کوێر کرد. لەدەیەی هەشتای سەدەی ڕابردووشدا کە بنکەی سەرەکی گوزەری سەعە تاکۆیی و سەر شەقامی مەولەوی بوو، دەیانجار بەهۆی ستایشکردنی پێشمەرگەوە ڕووبەڕووی لێدانو ئازاری پیاوانی ڕژێم بووەوە.
ڕینگۆ، کە خەڵکی گەڕەکی چوارباخی سلێمانییە و لە سەردەمی هەرزەرکاریدا کە باوی فیلمی (عەسابەی ڕینگۆ) بووە، ئەم نازناوەی بەهۆی (شەقاوەیی و سنگ دەرپەڕاندنو شان وەشاندنو بزێوی و شەڕە چەقۆ و شەڕە بەردو قۆچەقانییەوە) بەسەردا دابڕاوە. ڕینگۆ تا پۆلی پێنجی ئامادەیی خوێندووە و لە ساڵی 1963دا کە حکومەت برایەکەی لەگەڵ سێ کەسی دیکە لەسێدارە دەداتو ئەمیش دێتە سەر جەنازەکانیان، عەقڵی لەدەست دەدا و کەمفام دە بێت.[1]