ژیان و لەدایکبوونی
لەسەرەتای سالانی سەدەی ڕابردوودا (شێخ محەمەد شێخ حەسەنی
کەسنەزانکەسنەزان) ی باپیری، لە گوندی کەسنەزانی شارۆچکەی
قەرەداغقەرەداغی سەر بە
سلێمانیسلێمانی، وەکوو ڕێبەرێکی ڕێبازی قادری ڕوو لە گەرمیان دەکات و لەهەندێ ناوچەی هەردەی زەنگەنە و بنەی جاف و بناری گل تەکێداری دەکات و بانگێشتی خەڵک دەکات بۆ پەیوەست بوون بەرێبازی قادرییەوە.
باپیری ژیانێکی ئەفسانەیی ژیاوە و سەرگوزشتە و سەربوردەکانی ژیانێکی شاعیرانەیان پێ بەخشیوە، کاتێ باپیری یادی کەسنەزانی کردووەتەوە زۆرجار شیعری پیادا هەڵداوە لە و دێرە شیعریانەش کە لەسەر زاری هەندێ کەسی بەتەمەنی بنەماڵەکەیان ماوەتەوە کەیادی کەسنەزانی کردووەتەوە وتوویەتی:
بۆی بەیان مەیۆ.... بۆی بەیان مەیۆ
بۆی تەهلیلەکەی کەسنەزان مەیۆ
ساڵی 1947 یاخود ساڵی 1950 ماڵی باوکی باپیری لە
کفریکفری جێگیر دەبن، لەتیف هەڵمەت لە و ساڵەدا ئاوێزانی ژیان بووە و لەبنەماڵەیەکی پڕ لەپەڕتووک و ڕۆشنبیردا گۆشکراوە و گەورە بووە، باوکی پەڕتووکخانەیەکی دەوڵەمەندی هەبووە جگە لەقورئانی پیرۆزو چیرۆکی ژیان و بەسەرهاتی پێغەمبەران و پیاو چاکان، دەیان و سەدان پەڕتووکی ئایینی دی و ئەفسانە و داستان و هەقایەت و شیکردنەوەی ئایەتەکانی قورئان و هەروەها ئینجیلی کوردی و دیوانی هەندێ لەشاعیرانی هەبووە، باوکی شاعیر بووە و گەلێ شیعری لەدوا بەجێماوە و پەڕتووکێکی چاپکراویشی بەناوی (میحراجی ڕاستی) هەیە، هەروەها پەڕتووکێکی دی چاپکراوی بە زمانی عەرەبی هەیە بەناوی (نداء الحق) . جگە لەوەش باوکی دوعا نووس بووە و دوعای (دێو بەند، قاقەز بالا، ئەبوو دووجانە، سکپڕ بوون و منداڵبوون، باران بارین و گرانەتاو دەیان جۆر نەخۆشی دی) نووسیوە.
لەتیف هەڵمەت هەر لەمنداڵییەوە بەگشتی و لەسەرەتای قۆناغی سەرەتاییدا لە ماڵی خۆیاندا عاشقی واتاو سۆزو ڕیتمی وشەی جوان بووە، لە و کاتانەدا زۆربەی شەوان باوکی شیعری حافزی شیرازی و جەلالەدینی ڕۆمی و سەعدی شیرازی (بەتایبەتی بوستان و گوڵستان) و فەریدە دینی عەتار...هتد دەخوێندەوە و ئەنجا ماناو واتاکانی بۆ دەروێش و میوان و موریدەکانی خۆی ڕوونکردووەتەوە و نهێنی ئەودیو وشە و جەڤەنگەکانی ئەو شیعرانەی بۆ ئاشکرا کردوون، هەر لە و ڕۆژانەوە لەتیف هەڵمەت سەودا سەری شیعر بووە و عاشقی ئاوازو واتاو نهێنی وشە بووە، بەبێ ئەوەی پیتێ بزانێ هۆگری دانیشتنەکانی باوکی بووە، ئەگەرچی منداڵێکی هاروهاج و لاسار بووە، بەڵام لە و دانیشتنانەدا وەک سەلارترین و سەنگینترین منداڵ دانیشتووە و گوێی لە شیعر گرتووە، شیعر ئاسمانێکی نوێ و سەربانێکی نوێ و دەزوویەکی نوێی پێ دەبەخشی بۆ هەڵدانی کۆلارە ڕەنگاو ڕەنگەکانی هەر بەمنداڵی لەکۆڕی شیعردا چاوی هەڵهێناوە و گەورە بووە، لەگەڵیدا منداڵێتی خۆی ون نەکردووە و گەمە منداڵییەکانی خۆیی لەگەڵ هاوڕێکانیدا بەسەر بردووە و زیاتر حەزی لە کۆلارە بووە و کۆلارەشی بۆ هاوڕێکانی درووستکردووە، بەڵام هی خۆیی لە هەموویان جوانتر درووستکردووە، چونکە حەزی کردووە کۆلارەی خۆی لەهی هەمووان چاکتر بێت، وەکوو چۆن ئێستا حەز دەکات شیعری خۆی لە شیعری هەمووان چاکتر بێت. بناغەی خوێندەواری و ڕۆشنبیری و شاعیری لەماڵەوە دەستی پێکردووە و وەک خۆیشی دەڵێت: قەرزاری پەڕتووکخانەکەی باوکمم، لەپەڕتووکخانەکەی ئەودا کۆمەڵێ پەڕتووکی ئەفسانەیم خوێندۆتەوە وەک (شیرین و فەرهاد، لەیل و مەجنون، خورشید و خاوەر، ئەلف لەیلەوە لەیلە، ڕۆستەم و زۆراب و...هتد) . لەتیف هەڵمەت لەشارێکدا بووە کورد و عەرەب و تورکمانی تێدا ژیاوە هەر لەبەرئەوەشە، بەزارەکی تورکمانییەکی باش دەزانێ و وەک باسیش لەوە دەکات و دەڵێ: (من خەڵکی هەموو شوێنێکم، خەڵکی شاری وشەم، ئەگەر جیاکردنەوە بێ بڵێم خەڵکی کفریم، ئەمە جیاکردنەوەی کفری بێت لە کوردستان، بەڵامەوە پەسەند نییە، بەڵام بەرەچەڵەک و بنەچە باوو باپیرم خەڵکی سلێمانییە) . ساڵی 1963 یەکەم شیعری لەکفری بە بۆنەی شەهیدبوونی بیست و هەشت پێشمەرگەی قارەمانەوە کە لە (قاتەکان) ی کفری کەوتبوونە بۆسەی دوژمنەوە نووسیوە، یەکەم دەقی شیعریشی لەژمارە 9ی گۆڤاری ڕزگاری-دا ساڵی 1969 بلاوکردۆتەوە کە بە کوردییەکەم دەقی شیعری و یەکەم بانگەشەی نوێگەرییە لەدوای نوێگەرییەکەی گۆران لەناوەندی شەستەکانی سەدەی بیستەوە، ئەو بابەتە دەقێکی نوێ بووە و وەک بەیاننامەیەکیش وابووە بۆ نوێگەری.
جێی خۆیەتی گەر بڵێین یەکەمین شیعری درێژی نوێ، لەتیف هەڵمەت نووسیویەتی کە شیعری (ئەم کوولەکانە ئەشکێنم، چوار هەڵبەست لەرۆژمێری ڕێبوارێکی ماندوودا، بۆ ئەو ڕۆژەی هالی دەکشێ، ئەمە دوا هەڵبەستم نییە، گۆرانی پاشەرۆژ یا بەیاننامەی شاعیرە شێتەکە) کە لەسەرەتاو کۆتایی حەفتاکاندا بلاوکراونەتەوە نموونەی ئەو شیعرە درێژانەن. گەلێ لە شیعرەکانی لەلایەن کۆمەڵێک لەنووسەران (ئامانج شاکەلی، د. هەڵکەوت مەلا حەکیم، مامۆستا سەدرەدین عارف، مامۆستا نەرمین، د. کەمال مستەفا مەعروف، قەیس قەرەداغی، ئەمەل جبووری، جەلال مەلەک شا، فریاد شیعری، سەید عەلی ساڵحی، کامبیز کەریمی، محەمەد مورتەزایی، ئیسماعیل مەحموودی، ڕێبوار سیوەیلی و سەلاح بەهلوول و دەیان نووسەری دییەوە) کراون بەفەرەنسی و ئینگلیزی و ئەڵمانی و هۆڵەندی و سویدی و فارسی و تورکی.
شیعری بەرگری
لەتیف هەڵمەت لەبارەی شیعری بەرگری و سیاسی، (پابەندە بەقۆناغێکی دیاریکراوە و زۆر ناژین) ، کە ئەمە وتەی (ئەدۆنیس) ی شاعیرە دەڵێت: جاران بڕوام وابوو کە شیعری دڵداری تایبەتە بەقۆناغێک و شیعری بەرگریش تایبەتە بەقۆناغێکی دی، بەڵام ئێستا بەپێی تەمەن و ئەزموون گەیشتوومەتە ئەوەی کە ژیان سەرتاپای دڵدارییە لەگەڵ هەموو شتێکدا، لەگەڵ (ژن و مانگ و خۆرو ئاوو شیعرو وشەی جوانیدا) ، هەروەها بەرگریش لە هەموویاندا هەیە دژی شتە نێگەتیڤەکانی ژیان، وادەزانم ڕۆژگارێک دێتە پێشەوە کە ئیتر داگیرکاری نامێنێ، بەڵام بەداخەوە وا نییە، هەتا ستەم بمێنێ، شیعری بەرگریش هەردەمێنێ، ئەو کۆمارە پڕ لە بەختەوەرییەی ئەفلاتۆن و فارابی داوای دەکەن مەحاڵە لەسەر زەوی درووست بێ، هەر بۆیە دەتوانین بڵێین هەتا دونیا هەیە شیعری دڵداری و بەرگری هەر دەمێنێت، شیعری بەرگری سەردەمی بەسەر ناچێت. (مایکۆفسکی) بەخوێندن و ئێسقان مارکسی بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا شیعرەکانی لە هەموو شوێنێک دەخوێنرێتەوە، ئەگەرچی (پوشکین) زیاتر دەخوێنرێتەوە، یان (رەسوڵ حەمزاتۆف) کە نووسەرێکی مارکسی بووە، بەڵام بەرهەمەکانی تائێستاش دەخوێنرێتەوە بەهەمانشێوە ئەراگۆین شیعری بەرگری هەیە، هەروەها ئەگەر شاعیرێک خۆی بەلایەکدا هەڵنەواسێ و بەپێی ڕەچەتەی ئەو لایەنە شیعر نەنووسێ شیعرەکانی بەسەر ناچن، نووسەر ئازادە لەدەرەوەی ئەدەب چ بیروڕایەکی هەبێت، بەڵام بە تەنیا بۆ بەرژەوەندی حزبێک یان لایەنێک نەنووسێت، ئەدەب هیچ پاسپۆرتێکی نییە و بەنێو چەندین زمانی جیاجیای جیهاندا بلاودەبێتەوە، ئەگەر ئێمە شیعرمان بۆ حزبێک نووسی و لەرێگەی وەرگێڕانەوە خوێنەرێکی جیبۆتی یا ڕووسی یان بەریتانی خوێندیانەوە، چ چێژێک وەردەگرێت؟ ئەگەر شیعر هەڵگری جیهانبینییەکی قوڵ بێت، لە هەموو سەردەمێکدا دەخوێنرێتەوە.

لەتیف هەڵمەت
ڕوانین بۆ گرووپ
کەشوهەوای تازەکردنەوەی شیعری کوردی لەسەرەتای حەفتاکاندا بەهۆی چەند گرووپێکەوە دەرکەوت، ڕوانینی لەتیف هەڵمەت بەرانبەر گرووپ ئەوەیە کە: گرووپ ڕێککەوتنی چەند کەسێکە لەسەر ئامانجێکی دیاریکراو، واتە ئامانجێک هەیە و چەند کەسێک لەدەووری یەک کۆدەکاتەوە، وەک چۆن لەحزبدا ململانێ هەیە، بەهەمانشێوە لەگرووپی ڕۆشنبیریشدا هەست بە و ململانێیە دەکرێت، بائامانجێکی سەرەکی هەبێت، بەڵام بۆ گەیشتن بە و ئامانجە بیروڕای جیاواز هەیە و هەموو ئەندامانی گرووپەکە یەک بیروڕای جێگیریان نییە، ئێمە وەک گرووپی کفری لەگەڵ ئەوەی ئامانجێکی دیاریکراومان هەبووە، بەڵام ململانێیش لەنێوانماندا هەبوو بۆ ئەوەی خۆمان بەدەستپێشخەری بزانین.
هەرچەندە لەسەرەتادا هیچ بڕیارێکیان نەبووە بۆ دامەزراندنی گرووپی کفری و لەوکاتەدا خوێندکاری ئامادەیی کفری بوون، کە کۆمەڵێک هاوڕێ بوون باسی شیعرمان دەکرد لەوانەش (مامۆستا عەلی عەبدوڵڵا ئەندامی پێشووی پەڕڵەمانی کوردستان، محەمەد داماو، ئەمجەد شاکەلی و ئەنوەر شاکەلی) کە لە و خوێندنگەیەدا یەکیانگرتووە و باسیان لەرۆشنبیری کردووە و بەپێی ئەو گفتوگۆیەی ئەوکاتە کردووەیانە لەسەر شیعرو ئەدەب، لەتیف هەڵمەت و چەند هاوڕێیەکی بیروڕایان جیاواز بووە لەوانی دی، لەبەرئەوە جیابوونەتەوە و بیروِاکانی خۆیان گەلاڵەکردووە بۆئەوەی گرووپێک درووستبکەن کە جگەلە و ناوانەش چەند کەسێکی تریش هەبوون کە هەندێ خوێنەرو شاعیری سەرەتایی تورکمان بوون، ئەوانیش زۆرجار بەشداری گفتوگۆکانیان کردووە لەئەنجامی قسەکردندا لەنێو ئەو گرووپەدا کە لەنزیکەی 10 کەس پێکهاتبوون، لەتیف هەڵمەت و ئەحمەد شاکەلی و فەرهاد شاکەلی، چونکە ڕۆحی نوێگەرییان هەبووە و ڕۆحی ئەوان جۆرێکی تربوو، خۆیان وەک گرووپێک جیابوونەتەوە. گرووپی کفری تەنیا شیعری لەخۆنەگرتبوو، بەڵکوو لە و گرووپەدا ئەحمەد شاکەلی چیرۆکیشی نووسیوە.
بنەماکانی ئەو گرووپە
سەرکێشی یەکێک بووە لەوبنەمایانەی کە ئەو گرووپە ئیشیان لەسەر کردووە و بەرای لەتیف هەڵمەت گۆڕانکاری ڕژێمی پادشایەتی لەئێراقدا بۆ ڕژێمی کۆماری سەرکێشی کۆمەڵێک ئەفسەری ئێراقی بوو لەسەروویانەوە (عەبدولکەرم قاسم) کە ڕژێمی پادشایەتی گۆڕاو ڕژێمی کۆمارییان دامەزراند، هەربۆیە دەڵێت: ئێمە یەکێک لەبنەما هەرە سەرەکییەکانمان سەرکێشی و خۆدەرخستن بوو، بەیاننامەی سووریالییەکان و هەواڵی سووریالییەکانمان لەگۆڤاری (شیعری 69) ی ئێراقی و گۆڤاری (شیعر) ی لوبنانیدا خوێندبۆوە و زۆر کاریگەریی ئەوانمان لەسەر بوو، بەتایبەتی کاریگەریی (سلڤادۆر دالی) مان لەسەر بوو، کە زۆر شێتانە هەڵسوکەوتی کردووە، هەروەها هەندێ لەشێتییەکانی (مایکۆفسکی) کە خوێندبوومنەوە، مایکۆفسکی بەکراسێکی زەردەوە لەشاقەمەکەی مۆسکۆدا شیعری خوێندۆتەوە، بۆیە بەردەوام حەزمدەکرد لەکاتی شیعر خوێندنەوەدا کراسێکی زەرد لەبەر بکەم.
بتەکانم هەمووی پەراش پەراش دەکەم
من چۆن ئیتر بەئارەزووی دڵی ئێوە تەراش ئەکەم
لەتیف هەڵمەت بۆ ئەم دێڕە شیعرییە دەڵێت: ئەمە لەپێشدا یاخیبوونێکی سەرکێشی بوو، بەڵام سەرکێشی بەبەرنامەوە، ئێمە بەرهەمی شیعری نوێ و چیرۆکی نوێ و ڕۆمانی نوێی ئەوروپی و عەرەبیمان دەخوێندەوە، لە و سەردەمەدا (ناتالی ساروت) و (سلڤادۆر دالی و پیکاسۆ) مان دەناسی، ئەمانە کە بەگیانێکی نوێگەرییەوە لەبواری شێوەکاریدا کاریان دەکرد. ئێمە زیاتر ڕووکەش و سەرکێشییەکەیمان وەرگرتبوو کە دوایی بوو بەبەرنامە بۆ گۆڕانکاری.
سۆفیگەرێتی
سۆفێگەرێتی لەلای لەتیف هەڵمەت جیایە لەشەریعەت و سۆفیگەرێتی ئیسلامی، لەئەنجامی ئەوەدا هاتۆتە کایەوە کە ناسیۆنالیزمی عەرەبی جڵەوی فەرمانڕەوانی دەوڵەتی ئیسلامیان گرتە دەست، ئایینی پیرۆزی ئیسلاممیان کرد بەهۆکارێک بۆ دایگرکردنی وڵاتان و چەوساندنەوەی گەلان و تالانکردنی ماڵ و سەرو سامانی ئەو ناوچانە و وڵاتانەی عەرەب بوون، کاتێ مێژووی دوو دەوڵەتی زلهێزی وەکوو ئەمەوی و عەباسی دەخوێنینەوە بۆمان دەردەکەوێ کە چۆن ئەم دوو دەوڵەتە ئیسلامیان وەکوو پەیامێکی پیرۆز ئاڕاستەی خەڵکی دی نەکردووە، بەڵکوو وەکوو گوزەرێک بەکاریانهێناوە بۆ تالانکردن و سڕینەوەی کولتوورو ناسنامەی ئەو گەل و نەتەوانەی کە عەرەب نەبوون و بۆ ئەم مەبەستەش سوپایان ناردۆتە سەر سەدان وڵات وەکوو هیندستان و تاجیکستان و تورکستان و ئەرمەنستان و گورجستان و کوردستان و خۆراسان و...هتد، بەسەدان هەزار ژن و کچ و منداڵیان لەپاشکۆی ولاخەکانیان بەدیلی دەهێناو لەبازاڕەکانی بەغداو بەسراو قاهیرە و شام و مەککە و مەدینەدا هەراجیان دەکردن و ئەتک دەکران و داوێن پیسیان لەگەڵدەکرا نێربازی لەدەربارەی خەلافەتی دەوڵەتی عەباسدا برەوی پێدراو، هەندێ لەخەلیفە عەباسییەکان سەرباری هەزاران کەنیزەک و کچۆڵە دەیان منداڵی جوانیان لەکۆشک و تەلارەکانیاندا مۆڵدا بوو داوێن پیسیان لەگەڵدا دەکردن، بەمجۆرە مرۆڤ کەمەزنترین و پیرۆزترین ئەفرێنراوی خوایە لەلایەن خەلیفە ئەمەوی و عەباسییەکانەوە بەناوی پیرۆزی ئیسلامەوە سووک و ڕیسوا دەکراو هەموو مافەکانی پێشێل دەکرا، ئیتر لەئەنجامی ئەم لەڕێ لادان و پێشلێکارییەی فەرمانڕەواکانی عەرەبەوە ڕێبازێکی دی لەرووبەڕووی ئیسلامدا هاتەکایەوە و بەرانبەر شەریعەت وەستاو ئەورێبازەش تەسەوف بوو.
داهێنانەکانی لەتیف هەڵمەت جگەلەوەی گەورەترین بەرهەم و شۆڕشی بەشیعری نوێگەری کوردی بەخشیوە و سەرەرای بەرهەمە ئەدەبییەکانیشی شیعرو چیرۆکی بەخەیاڵی زانستی و ئەفسانەیی بۆ دنیای جوانی و بێگەردی منداڵ بەرهەمهێناوە، دەشێ ڕووداوی خەیاڵی سەرسوڕهێنەر ڕۆژێ لەرۆژان ڕووبدەن، بەتایبەتی چیرۆکی خەیاڵی زانستی کە زۆرجار ڕووداوە لەخەیاڵ درووستکراوەکانی پەیوەستن بەداهێنراوەکانی بواری فیزیاو فەلەکگەریی و گەردوونناسییەوە هەروەک منداڵ لەخەیاڵدا دەفڕێت یاخود لەژێر ئاودا دەم دەکاتەوە و ناخنکێ، ئەوەی ئاشکراشە داڤنشی هونەرمەندی ئیتاڵی چەندین سەدە بەر لەداهێنان تانک و زرێپۆش و فرۆکەی بەخەیاڵ وێنەی کێشاون، داواتر ئەو خەیاڵە لەلایەن زانایانی بواری فیزیاوە بەراستی بەرجەستە کراوە و بۆتە بەشێک بەپێویستەکانی ژیانی دەوڵەت، لەتیف هەڵمەت پێیوایە چیرۆکنووسی بواری منداڵ دەتوانێ سوود لەفەنتازیای خەیاڵ و دارشتن و ناوەرۆکیان ببینێ و بەخەیاڵی خۆی بە جۆرێکی نوێ بۆ منداڵ دایدەڕێژێتەوە.
دەربارەی چەند نووسەرێک
لەتیف هەڵمەت دەربارەی چەند نووسەرێک بەمشێوەیە ڕای خۆی لەسەرییان دەردەبڕێت:
ئەدۆنیس: مامۆستای نوێگەری شیعری عەرەبییە و کاریگەرییەکانی بەشیعری کوردیشەوە دیارە.
عەبدوڵڵا پەشێو: شیعری کوردی بەبێ عەبدوڵڵا پەشێو ناتەواوە و کەلێنێکی تێدەکەوێت.
شێرکۆ بێکەس: ڕەوتی شیعری کوردی بەبێ شێرکۆ بێکەس ڕەوتێکی ناتەندرووستە و هێڵێ ئاسایی خۆی لەدەست دەدات، لەگەڵ ئەوەشدا خۆزگە هەندێک شیعری هەیە نەینووسیایە.
بەختیار عەلی: جوانییەکانی لەرۆمانەکانیدایە، نەک لە شیعرەکانیدا، چونکە ئەوەی ئەو لە شیعردا دەیکات پێشتر هەمووی کروان، هەربۆیە ئەو بەرۆمانەکانییەوە دەبێتە نووسەرێکی سەرکەوتوو.
محمەد عومەر عوسمان: یەکێکە لەیاخیگەرییەکانی شیعری کوردی، بەبێ شیعریش ژیان و هەڵسوکەتی ئەو بەشێکە لەیاخبوون.
محەمەد ماغوت: چاوگەیەکی نوێگەریی بوو بۆ ئێمە و زۆریش لەوەوە فێربووین.
گرووپی ڕوانگە: ئەگەر گرووپی کفری نەبوایە، گرووپی ڕوانگە درووست نەدەبوو، یان درووستبوونی دوادەکەوت.
ڕامبۆ: سەرچاوەیەکە بەردەوام دەبێ بخوێنرێتەوە.
سەلیم بەرەکات: لەگەڵ ئەوەی ئەدۆنیس دەڵێ (کلیلی زمانی عەرەبی لەگیرفانی کوردێکدایە) ، بەڵام من چێژم لەهیچ شیعرێکی بەرەکات نەبینیوە.
ئەنوەر مەسیفی: خاوەنی شێوازێکی تایبەتە بەخۆی و لە شیعرەکاندا زیاتر بایەخ بەفۆرم دەدات نەک بەناوەرۆک.
بەرهەمە بلاوکراوەکانی لەتیف هەڵمەت لە چەند بەرهەمێکی شیعری پێکهاتوون لەگەڵ چەند لێکۆڵینەوە و شیعرو چیرۆک بۆ منالان، هەروەها زۆر بەرهەمی شیعری بە زمانی عەرەبی بلاوکردۆتەوە بەناوی (المدن الحدیدیە، شیخوخە کیلوباترا واگفال المگر) .
لەگەڵ ئەوەی خاوەنی چەند شاکاری ئەدەبییە و خاوەن ئەزموونێکی دیاری نێو ئەدەبی کوردییە، تائێستا چەند خەلاتێکی وەرگرتووە لەوانە (خەلاتی ئاپیک لەسوید بۆ بەرگی یەکەمی دیوانی منالان ساڵی 2000، خەلاتی زێڕینی باوەگوڕگوڕ ساڵی 2005، خەلاتی زێڕینی ئیبراهیم ئەحمەد ساڵی 2008، خەلاتی وەزارتی ڕۆشنبیری هەرێم لە شیعری منداڵدا... هتد) .
لەتیف هەڵمەت بە درێژایی 30 ساڵ خزمەت بە زمان و ئەدەبی کوردییەکێکە لە خودانی ڕەوت و شێوازی نوێ لە وێژەی کوردیدا.
هەندێ لە بەرهەمە چاپکراوەکانی ئەمانەن :
- خواو شارە بچکۆلەکان
- ئامادە بوون بۆ لە دایک بوونێکی تر
- پرچی ئەو کچە ڕەشماڵی گەرمیان و کوێستانمە
- گەردەلوولی سپی
- ئەو هۆنراوەیە کە تەواو دەبێ و تەواو نابێ
- ئەو نامانەی کە دایکم نایان خوێنێتەوە
- وشەی جوان گوڵە گوڵ
- سروودی هەژاران
- ئەم ڕووبارە وشک ناکات
- گورگەکانی لەتیف هەڵمەت
سەرچاوە
گۆڤاری ڕۆڤار ژمارە 49
ئەدەب و هونەری کوردستانی نوێ
ڕووبەڕوو لەگەڵ لەتیف هەڵمەت، دیداری شەمێران سڵێمان
[1]
www. knwe. org