ناوی یونسی کوڕی مەلا ڕەئوفی کوڕی مەحمودی کوڕی مەلا سەعدی خادم ئەلسجادەیه. لە ڕۆژی #20-02-1918#دا لە شاری #کۆیە# هاتۆتە ژیانەوه.
لەبەرئەوەی ئەم وڵاتە لەژێردەستی تورکەکاندا دەیناڵاند و میری نەخۆشەکەی تورکیاش، بەهۆی ئەوەوە لە شەڕی یەکەمدا شکابوو و تەواو پەرێشان و کەنەفت بوو، گرانی و قاتوقڕی و نەخۆشی و بێدەرەتانی، وەک هەموو وڵاتێکی گیرۆدەی دەستی شەڕ و وێرانی، ئەم کوردستانەشی ئابڵۆقەدابوو.
ئێستەش چیرۆکی سامناکی شەڕی سەفەربەرلگ و ئاوارەیی و کوشتن و تاڵان و بڕۆ و بێگار و سەرانەو لافاوی نەخۆشی و کارەساتی ڕۆژانەی ژەندرمەکان و لەبرسانا بەکۆمەڵ مردن و نرکەو ناڵەی منداڵ و ئافرەت و پیری لێقەوماو و بێدەرەتان بەسەر دەمی هەموو ئەو پیرانەوەیە کەدڵ و زمانیان بەئاگری ئەو شەڕەبرژاوە و خۆیشیان نازانن چۆن ماون و بۆچی لەو کاروانی مردن و کۆچکردنە دابڕاون و ڕێگایان هەڵەکردوه... هتد.
لەو گێژاوەسەختەدا دڵدار سەری هەڵداوە و هاتۆتەجیهانەوه. باوکی فەرمانبەرێکی بچووک بووە و لەتاو هەژاری و نەبوونی و گەڕان بەشوێن پاروەنانێکی ژیان و گوزەریدا، خێزانەکەیان زۆر تاڵ و سوێری و سارد و گەرمی چەشتوه، پاش ماوەیەک باوکی دەکەن بەفەرمانبەری سەرژمێری #ڕانیە# و لە تەمەنی دەساڵیدا دڵدار دەخرێتە قوتابخانەوەو پۆلی یەک و دووی سەرەتایی لەرانیەتەواوکردوه.
دڵدار لەبارەی ژیانی ڕانیەوە دەڵێت: هەرچەند ڕۆژێکی چاک و چوار ڕۆژانیش نەخۆش بووم، سەرەڕای ئەوەش ڕانیەم هەر لەلا خۆش بوو، بەتایبەتی سەوداسەری قوللەبووم. هەر کاتێ چاک بووبامایەوه، مەلەم لەڕووبارەکەو لەبن دار بییەکان ڕاوە چۆلەکەم دەکرد.
دوای ماوەیەکی کەم باوکی لەسەر فەرمانەکەی لادەبەن و ناچار بەماڵەوە دەگەڕێنەوە بۆ کۆیە و خوێندنی سەرەتایی لە کۆیەتەواو دەکات. لەبارەی خولیای هۆنراوەی و چێژ لێ وەرگرتنی خۆیەوە دەڵێت: هێشتا لەقوتابخانەی سەرەتاییدا بووم، کەدیوانی حاجی قادری کۆییم زۆرتری لەبەر کردبوو، هەمیشەبەوردی سەرنجم لەهەڵبەستەکانی عەونی و ڕاجی و عاسی و حسێنی و هیرانی دەدا و لەبەریشم دەکردن، بەوانەش دابین نەبووم هەڵبەستی هەرکەسێکم دەستبکەوتایە دەمنووسیەوە و لەبەریشم دەکردن. بەتایبەتی هەڵبەستی وەفایی، کوردی، بێکەس، پێرەمێردم زۆر لەبەرکردن و هەر لەو ساڵەدا هەستم بەوەدەکرد، کەچێژ لەهەڵەبەست وەرگرم و زۆر گیرۆدەی بووم.
لە1935دا لەپۆلی یەکی ناوەندیدا بووم، کەدیوانی 'نالی'م زۆر بەوردی خوێندەوه، هەڵبەستەجوانەکانی 'نالی' لەگەڵ هەڵبەستە ئاگرینەکانی حاجی قادری لەسەر پێشەوایەتی وێژەی لەمێشکمدا شەڕیان بوو. ئەو کێشەکێشەدەرگای هونەری شاعیری لێکردمەوه، زۆر کەڵکەڵەی وام لەکەلەدا بوو حەزم دەکرد لەبۆتەی هەڵبەستەدا دایڕیژم. ئەوجا بەناو خەڵکیاندا بڵاوبکەمەوەو ئیتر هەر خۆم تاقیکردەوه.
دڵدار، یەکەمین هۆنراوەی لە ساڵی 1935دا داناوەو لەژمارەی 2ی ساڵی 1935دا لە گۆڤاری ڕووناکیدا بڵاوکردۆتەوه.
لە ساڵی 1940دا لە شاری #کەرکووک# قۆناغی دواناوەندی تەواو دەکات و ئینجا ڕوو دەکات بەغدا و چووەتە کۆلێژی یاسا و ساڵی 1945 بڕوانامەی کۆلیژی یاسایی وەردەگرێت و دەبێتەپارێزەر.
لە تەمەنی سی ساڵیدا بەژەهراویبوون لە 1948-11-12دا لە شاری #هەولێر# کۆچی دواییکرد و سەری جوانەمەرگی نایەوه.
وەک دیارەزۆر خولیای زانین و بەتایبەتی فەلسەفە بووه، ئەم یادگارانەشی بۆ بەجێهێشتووین:
1- فی طریقی الی معرفة الحقائق انتقادات الی قلب البهائیین
2- وتارێک دەربارەی عومەری خەییام
3- زمانی کوردی و ئەدەبیات
4- نارکۆزی کۆمەڵایەتیمان
5- اقتصادنا الوطنی
6- بیرەوەرییەکانی یونس ڕەئوف دڵدار
تێبینی: وێنەکەی دڵدار لەلایەن کاک #سۆران# کارباسیانەوە ساغکراوەتەوە و پێشکەشی کوردیپێدیا کراوە.