لە ساڵی 1923دا لە شاری #کۆیە# لەدایکبووه، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە ساڵی 1941دا لە شارەکەی خۆیدا تەواوکردووە و چۆتە بەغدا و لەخانەی مامۆستایانی سەرەتایی وەرگیراوە و لە پاییزی 1944دا بووەتە مامۆستایەکی پەروەردەکار و ڕێبازێکی چەپڕەوی نیشتمانی گرتووە و گەلێک جار تووشی ڕاوەدونان و گرتن بۆتەوه.
کاتێک کە مامۆستا بووە لە شاری #قەڵادزێ#، لەدوا دوای ساڵی 1945دا پەیوەندی بەبزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لەرۆژهەڵاتی کوردستان کردووە و لەسەرەتای ساڵی 1946دا خۆی گەیاندۆتە شاری #مەهاباد# و بەشداریی لە ئاهەنگی درووستبوونی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە 1946-01-22دا بەسەرۆکایەتی پێشەوا قازی محەمەد کردووە و لەگەڵ دامەزراندنی کابینەی یەکەمی کۆماری کوردستان لە 1946-02-11دا بەمامۆستای قوتابخانەی سەرەتایی دادەمەزرێ و لەو یازدەمانگەی تەمەنی کۆمارەساوایەکەی کوردستان خزمەتی نەوەی نوێی کورد دەکات و کاتێکیش کەئەو تاقیکردنەوە ڕامیارییەی کورد شکستی هێناوە کۆمارەکە لە 1946-12-17دا ڕووخا، مامۆستا وردی بۆ مانگی 1947 گەڕایەوەکۆیەو بێ کار و فرمانی مایەوە و چووەڕێزی پارتی کۆمۆنیستی ئێراق - ڕێکخراوی کوردستان و بەدڵسۆزی چالاکی ڕامیاری نواند و لەدوای شۆڕشی 14ی تەممووزی 1958دا گەڕایەوەسەر کارەکەی و وەک مامۆستایەکی پەروەردەکار خزمەتی نەوەی نوێی کرد تاکو ڕۆژی کۆچی دوایی لە 1975-12-02دا.
وردی نووسەرێکی فۆلکۆرناسی لێهاتووی کورد بوو، هەرچەندە لە سەرەتای ژیانی وێژییەوە ئەوینداری کەلەپووری نەتەوایەی میللەتەکەی بوو، بەڵام تاکو نەچووە کۆماری دیموکراتی کوردستان و فێری خوێندنەوەی بابەتی فۆلکلۆریی بەپیتی لاتینی و سلاڤی نووسراوی کوردەکانی قەفقاس نەبوو، نەبووە فۆلکۆرناسێکی شارەزا و ئەو هەموو بەرهەمە فۆلکلۆریانەی هەموو لایەکی کوردستانی بڵاونەکردەوە و وابوو ئەم فۆلکلۆرناسەتوانی لەماوەی ژیانی وێژەییدا 39 پەرتووک بەزمانی کوردی و عەرەبی چاپ بکات، کەزۆربەی هەرەزۆریان لەبارەی هۆنراوە و چیرۆکی فۆلکلۆری و داستانی کوردین و هەموویان لە گەنجینەی کەلەپەووری نەتەوایەتیمان نرخ و بەهای خۆیان هەیەو لەوانەی بەکوردی چاپکراون ئەمانەن:
1. حەسەن و مەریم، ساڵی 1955دا چاپی کردووه
2. ناسر و مار مار، ساڵی 1955
3. ئەنجامی داوێن پیسی، ساڵی 1956
4. گوڵی ناکام، بەغدا 1957
5. خانزاد و لەشکری، بەغدا 1960
6. قەڵای دمدم، بەغدا 1960
7. مامەیارەی قارەمان، بەغدا 1961
8. فۆلکلۆری کوردی بەشی یەکەم، بەغدا 1961
9. فۆلکلۆری کوردی بەشی دووەم، بەغدا 1961
10. فۆلکلۆری کوردی بەشی سێیەم، بەغدا 1972
11. هەندێ لەبەیت و هەڵبەستەکانی عەلی بەدرشان، بەغدا 1972
جگە لەم بەرهەمانەشی لەبواری کەلەپووری کوردییەوە زنجیرەیەکیشی لەدیوانی هۆنراو ەو شانۆنامەو مێژووی کورد نووسیوە و بەچاپی گەیاندوون.[1]