ناو: سەید عەلی
ناوی باوک: سەید نیزامەدین
نازناو: کوردستانی
ناوی سەیید عەلی کوڕی سەیید نیزامەددینی کوڕی سەیید جامییە، ساڵی 1882 لە گوندی (سەڵوەت ئاوا) ی نزیک شاری #سنە# لە بنەماڵەیەکی ئایینی ناودار لەدایکبووە.
بەمنداڵی خراوەتە بەر خوێندنی مزگەوت و لای مامۆستا عەبدولموئمینی مەردۆخ و چەند مامۆستایەکی تری شاری سنە فێری خوێندەواری بووە و شارەزایی لە دەرسە دیینیەکاندا پەیدا کردووە.
هەر ئەو سەردەمەش بەهرەی دەنگخۆشی تیادەرکەوتووە و بۆتەسەر باشقەی دەنگخۆشەکانی شاری سنە لە بۆنە ئایینیەکاندا.
سەیید عەلی ئەسغەری کوردستانی وەک سۆفی ژیاوە و بەتەنگ ماڵی دنیاوە نەهاتووە.
زوربەی کاتی خۆی بە خواپەرستی و خوێندنەوەی ئەدەبیاتی کوردییەوە بەسەر بردووە
ساڵی 1905 خێزانی پێکەوەناوە، پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ ئەشراف و ناودارەکانی شاری سنە و دەوروبەریدا درووستکردووە.
دوای کۆتایی هاتنی جەنگی یەکەمی جیهانی هەوڵیداوە گۆرانی ڕەسەنی کوردی لەسەر قەوان تۆمار بکات و زیاتر لە چواردە گۆرانی بۆ کۆمپانیاکانی ئەو سەردەمە تۆمارکردووە. سەیید عەلی ئەسغەر ئەو هونەرمەندە بلیمەتەیە کە مەقامە ڕەسەنە کوردییەکانی پاراست و شیعری بەرزی شاعیرانی کوردی کرد بە گۆرانی.
لەسەر دەستی شێخ عەلی حسامەددین تەریقەتی نەقشی وەرگرتووە و لەو چوار جارەی کەسەردانی باشووری کوردستانی کردووە، سێ جاری بۆ زیارەتی #بیارە# بووە.
دوا سەردانی ئەم هونەرمەندە گەورەیە بۆ باشووری کوردستان ساڵی 1935 بوو لە ڕێی قەسری شیرین-ەوە خۆی گەیاندە بەغدا و لەوێ بەدیداری شێخ مەحمود شاد بوو، لە گەڕانەوەشیدا ماوەیەک لە #کەرکووک# و #سلێمانی# مایەوه.
ئەم مامۆستا گەورەیەی مەقامی کوردی لە ڕێکەوتی#06-08-1936# لە تەمەنی 54 ساڵیدا کۆچیدوایی کردوە و لە گوندەکەی خۆیان بەخاک سپێردراوە. [1]