ئەمین فەیزی بەگ
ئەم کەسایەتیەی کورد لەساڵی 1860دا لەشاری سلێمانی لەدایکبووە و لە شارەکەی خۆی لە حوجرەی مزگەوتەکانی دەستی بەخوێندن کردووە و ئینجا چووەتە قوتابخانەی میریی و قۆناغی سەرەتایی تەواو کردووە و چووەتە بەغدا و قۆناغی خوێندنی ناوەندیی بە پلەیەکی بەرز تەواو کردووە و رووی کردۆتە شاری ئەستەمبووڵ و لە قوتابخانەی سەربازی خوێندوویەتی و بڕوانامەی دەرچوونی وەرگرتووە و بەپلەی مولازم لە سوپای عوسمانی دامەزراوە و دوای ماوەیەک کراوە بە "قوڵ ئاغاسی" و بەڕێوەبەری قوتابخانەی سەربازی لە بەغدا و لەو دەمەدا پەرتووکێکی زانستی بە ناونیشانی "اجمالی نتائج" نووسیوه، کە پوختەیەکی پتەوی زانستەکانی بیرکاری و فیزیایە، چونکە خۆی لەو دوو زانستەدا دەست باڵابووە و لەهەمان کاتیشدا لە بەڕێوەبردنی کاروباری سوپادا گەلێک لێهاتوو بووه، بۆیە پایەی سەربازی بەرزکراوەتەوە و کراوە بە قوماندانی لیوا یەک سەرباز لە سلێمانی و پلەی "میر ئالا"ی پێداروە و ئاسایشی ئەو ناوچەیەی بە چاکی دابین کردووە و لە هەمان کاتیشدا لە وێژەکانی دا گەلێک بەهرەدار و بەتوانابووه.
بۆیە مامۆستا رەفیق حیلمی لە بەرگی یەکەمی شیعری و ئەدەبیاتی کوردیدا لەم بارەیەوە گوتوویەتی: "ئەمین فەیزی بەگ سەربازێکی زانا و وێژەزانێکی سەربازی بووه! ئەم بەهرەیەش بە دەگمەن لە کەسێکدا کۆدەبێتەوە کە زانست و وێژە و کاروباری سەربازی بە یەکەوە بگرێتەو خۆ".
ئەمین فەیزی بەگی ئەفسەر لە دەور و بەری ساڵی 1914دا، واتە بەر لە هەڵگیرسانی جەنگی یەکەمی جیهانی لەسەر هەڵوێستی کوردایەتی و ناکۆکی لەگەڵ "پارتی یەکگرتن و پێشکەوتن"ی فەرمانڕاویدا خانەنشین کراوە و لە شاری ئەستەمبووڵ ژیاوە و بۆ ساڵی 1915دا چۆتە وڵاتی شام و لە شاری حەڵەب ماوەیەک ژیاوه.
ئەمین فەیزی بەگ ئەم پەرتووکە زانستی و وێژەیانەی خوارەوەی بە زمانی تورکی داناوه:
1- إجمالی نتائج
2- تەفرەقەی ریاضیات (ئەمەیان لە تفاضل و تکامل)ەوە دەدوێت
3- هەوای نەسیمی
4- شوعاعات
جگە لەم بەرهەمانەشی پەرتوکێکی لەسەر مێژووی وێژەی کوردی بەناوی "ئەنجوومەنی ئەدیبان" بە کوردی داناوە و لە ساڵی 1920 دا لە ئەستەمبووڵ دا چاپکراوە و نرخ و بەهای ئەم پەرتووکەی لەوەدایە کە یەکەمی پەرتووکی کوردییە لە مێژووی وێژەی و وێژەناسانی کورد و شاعیرە پێشەنگەکانەوە بدوێ.
ئەفسەری پایە بەرز و زانا و کەسایەتی ناوداری کورد ئەمین فەیزی بەگ لە 1925.02.16دا کۆچی دواییکردووە و تۆماری ژیانی ئەو ناودارەی کورد پێچراوەتەوە و چووەتە ریزی نەمرانی کورد و کوردستانەوه.
⚠️ Bu madde (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) dilinde yazılmış olan, orijinal dilinde öğeyi açmak için simgesini
tıklayın!
⚠️ ئەم بابەتە بەزمانی (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!