مستەفا خۆشناو
ساڵی 1912 لە گوندی بێتواتە لەدایکبووە و هەر بەناوی باوکیەوە ناونراوە. خوێندنی سەرەتایی لەشاری
کۆیەکۆیە و خوێندنی ناوەندی لە هەولێر تەواو کردووە.
دواتر لە شاری بەغدا خانەی مامۆستایانی بڕیوەو ماوەی دوو ساڵ لە هەڵەبجە وەک مامۆستا خزمەتیکردووە.
لە ئەیلولی ساڵی 1934دا چۆتە قوتابخانەی عەسکەری و لە حوزەیرانی ساڵی 1936دا بەئەفسەر لە سوپای عێراقیدا دامەزراوە. شەهید مستەفا خۆشناو هەر لە تەمەنی لاوێتیەوە هەستی کوردایەتی و بیری نەتەوایەتی لە دڵ و دەروونیدا رەگی داکوتاوەو لەکۆتایی سییەکاندا رۆڵێکی گرنگی گێڕا لە دامەزراندنی کۆمەڵەی هیوادا.
ساڵی 1944 حکومەتی عێراق کردی بە ئەفسەری پەیوەندی لە ناوچەی بارزان.
لەو ماوەیەدا بەنهێنی سەردانی ئێرانی کردو پەیوەندی کرد بە کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان (ژ.ک)ەوە. لەسەر ئەم هەڵوێستە حکومەتی بەغدا لە ریزەکانی سوپا دەریکردو فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکرد، بەڵام مستەفا خۆشناو خۆینەدا بەدەستەوە و لەگەڵ چەند ئەفسەرێکی نیشتمانپەروەردا پەیوەندیکرد بە بزوتنەوە چەکدارییەکەی بارزانەوە.
لە کۆتایی ساڵی 1944 دا کۆمەڵەیەکی دامەزراند بەناوی (کۆمەڵەی ئازادی)یەوە. مەبەست لە دروستکردنی ئەم رێکخراوە سیاسییە پێشخستنی بیری کوردایەتی و فراوانکردنی بزوتنەوەکەی ناوچەی بارزان بوو.
پاش شکستهێنانی ئەم بزوتنەوەیە، شەهیدی نەمر لەکۆتایی ساڵی 1945 دا خۆی گەیاندە کۆماری مەهابادو لە زوربەی نەبەردەکانی ئەوێدا رۆڵی کاریگەری بینی. پاش ئەوەی کە رژێمی رەزاشا بەزەبری ئاگرو ئاسن ئەو کۆمارە خودموختارییەی رووخاند، مستەفا خۆشناو رێگەی سۆڤیەتی گرتە بەر بەڵام نەیتوانی خۆی دەرباز بکات و بەناچاری گەڕایەوە بۆ کوردستانی عێراق.
هێندەی نەبرد لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەستگیر کرا، ئەم تێکۆشەرە گەورەیە لە زیندانیشدا نموونەی خۆڕاگری بوو، لە 19ی حوزەیرانی 1947دا لەگەڵ سێ هاوڕێی تریدا بێباکانە چوونە بەر پەتی سێدارە و گەورەترین وانەی فیداکارییان فێری نەوەکانی دوارۆژ کرد.
⚠️ ئی بابەتە بە زڤانی (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) نویسیان، کرتەکەرە سەروو ئایکۆنوو
ی پەی کەردەیوەو بابەتەکەی پا زڤانی کە نویسیان!
⚠️ ئەم بابەتە بەزمانی (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!