لەساڵی 1923دا لە "ڕانیه" لەدایکبووە و لەدواییدا ماڵیان هاتۆتە شاری کۆیە و خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی تێدا تەواوکردوووە ئینجا چووەتە بەغدا لەقوتابخانەی کشتوکاڵ لە ئەبوغریب دا خوێندوویەتی و بەپلەیەکی بەرز دەرچوو و بەفەرمانبەری کشتوکاڵی دامەزراوە و لە گەلێ شار و ناوچەکانی کوردستان فرمانی بینیوە و لەساڵانی 1956-1957-1958دا لە قوبرس خوێندنی کۆلیژی تەواو کردووە و کە گەڕاتەوە کراوە بە بەڕێوەبەری بەڕێوبەرایەتی دارستانی پارێزگاری هەولێر و خزمەتێکی زۆری دارستانەکانی کوردستانی کردووە و وەک کەسایەتییەکی قسە خۆش و ئێسک سووک لەناو کۆمەڵدا ژیاوە و گەلێک خۆشەویست بووه.
لەدوای دامەزراندنی پارتی هیوا بەسەرۆکایەتی مامۆستا "رەفیق حیلمی" لەساڵی 1939دا بۆ ساڵی 1941 بووەتە ئەندامێکی چالاکی ئەو پارتە نەتەوەییەی کورد و هەر لەڕێگەی دڵسوزیی بۆ کورد و کوردستان لەو ساڵەوە دەستی کردووە بەکۆکردنەوە و تۆمارکردنی هۆنراوە و چیرۆکی فۆلکلۆری لەناوچەکانی ڕانیە و قەڵادزێ، لەوانە بەیتەکانی عەلی بەردەشانی بوون و لەسەردەمی کۆماری دیموکراتی کوردستان لەمەهاباد تۆمارێکی لەو بەیتە میللی و هۆنراوە فۆلکلۆریانە بەهۆی هاوڕێی خۆشەویستی محەمەد تۆفیق وردی نادرووەتە مەهاباد و لەرۆژنامەی کوردستاندا بڵاوکراوەنەتەوە و هەندێکیشیانی لەدوای گەرانەوەی وردی لەپاش ڕووخانی کۆمارە ساواکەی کوردستان لەپەڕتوکێکدا بڵاوکرانەتەوە و ئاماژە بەوە کراوه، کە ئەحمەد ئاکۆ کۆی کردوونەتەوه.
فۆلکلۆر پەروەرێکی نەناسراوی کورد، ئەحمەد بەکر ناسراو بە "ئەحمەد ئاکۆ" لەڕۆژی 1988.01.18دا لەشاری هەولێر دڵە ناسکەکەی لەلێدان کەوت و چەند دەستنووسێکی لە هۆنراو و چیرۆکی فۆلکلۆری کوردی ناوچەکانی ڕانیە و قەڵادزە پەرتووکخانەیەکی پڕ لە سەرچاوەی مێژوو و وێژە و زمانی کوردی لەپاش بەجێما.