قزوان (Pistacia terebinthus L)
ناوە زانستییەکەی Pistacia atlantica
جۆرێکی گرینگی ئەم دارە بە لاتینی Pistacia atlantica var.kurdica
دار قزوان، داربنیشت، دارچاچکە، دار وەن، دارەبەن. قسقەوان، وەنەتەق، وەنی.
مرفولۆژی: دارێکی خۆرسکی لێڕەوارە لە تیرەی پستەکان، تاکوو 15 میتر بەرز دەبێت. نێو قەدەکەشی دەگاتە نیو میتر، دارێکی نەراست و پڕ گرێ و لۆچە و ڕەنگی تاریکە. گەڵاکانی وەک شانەن و 2 تاکوو 5 وردەگەڵای دیکەیان لێ جیا دەبێتەوە. شێوازی گەڵاکانی هێلەکیین و لێوارەکانیان کەم و زۆر برژانگدارەن. هەر یەک لەو وردەگەڵایانە 2 و نیو تاکوو 8 سانیمیتر درێژن و پاناییەکەیان لە 0، 7 تاکوو 2 سانیمیتر دەبێت. گوڵەکانی هێشووین و بەرەکەشی خڕەڵەیە و لە 5 تا 8 میلیمیتر قەڵەو دەبێ.
هەوەڵی بەهار گوڵ دەگرێ و لە ناوچەکانی جەزیرەی قەناری و وڵاتانی لێواری مەدیتەرانە دەڕوێ و تاکوو ئاسیای چووکە و سووریە، قەفقاز، ئێران، ئەفغانستان و پاکستان و بەتایبەتیی لە کوێستانەکانی کوردستان بە زۆری دەڕوێ، بەتایبەتیی لە ناوچەی هەوارامان. زۆرتر لە بەرزایی 600 تاکوو 100 میتر لەسەری ئاوی دەریاوە دەڕوێ. بەرێک بە ناوی قزوان یان وەنەتەق دەگرێ کە خواردنی بۆ گەدە و گورچیلە دەرمانی باشە، هەروەها بۆ ساف کردن و کردنەوەی دەنگ زۆر بەکەڵکە، بێجگە لەمانەش بۆ بەهێزکردنی هێزی جنسی فرە باشە. بۆ گازی سکیش دەرمانی باشە و بەهۆی کاریگەریی دژە میکرۆبیەکەیەوە لە دەرمانی برینی گەدە (زخم معدە) و ڕیخۆڵەی دوازدەگرێ بەکار دەبرێ. لەبەر ئەوەی مێشکی بەرەکەی چەورە جۆرێک ئەشکنەی لێ درووست دەکرێ. سەرەڕای هەموو ئەمانە دەکرێت وەک پستە بشکێندرێ و بخورێ. قزوان بۆ تامخوەشی دەکرێتە ناو دۆ و زۆر خۆشی دەکا. لە دارەکەشی جۆرە جەوییەک دەر دێنن کە لە درووستکردنی ڕەنگ و ڕۆن دا بەکار دەبرێ و دەشکرێ بە بنیشت کە بە هەورامی پێی دەڵێن جاچەک وێمانە. بە بەلوچیش هەر وەک کوردی وەن و وەنەی پێ دەڵێن.
لە کوردەواریدا خۆرشتێکی خۆش بە قزوان درووست دەکەن کە زۆر بەتام و چێژە و لە هەمان کاتیشدا درووستکردنی زۆر هاسانە، ئەویش بەم جۆرەیە: لە پێشدا گۆشتەکە لە پێازداخدا سوور دەکرێتەوە و تۆزێ دۆشاوی تەماتەشی تێدەکەی، بە ئەندازە ئاوی تێدەکەی، پاش ئەوەی تۆزێک کوڵا، قزوانەکە کە پێشتر شۆراوەتەوە و ئامادە کراوە تێی دەکرێت و پاش نیو کاتژمێر کە چێشتەکە کوڵا، خۆرشتی قزوانەکە ئامادەیە و لەگەڵ برینج یان ساوەر لەسەر سفرە دادەنرێ. سەیری دارەبەن بکە.[1]