ناونیشانی پەرتووک: گوتاری سیاسی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستاندا لە ناوەڕاستی سێپتێمبەر و ئۆکتۆبەری 2024
ناوی نووسەر: #غازی حەسەن#
شوێنی چاپ: ئەمەریکا
ساڵی چاپ: 2025
گوتاری لایەنەکان بەتەواوی و وەکو خۆی لە ڕۆژنامە و سەرچاوە نووسراوەکان بڵاونەکراوەتەوە، ئەوان پتر بایەخیان بە ڤیدیۆ و تی ڤی و سۆشیال میدیا و ڕاپۆرتی کورتە و پوختەی هەندیک لە گوتارەکان داوە، بۆیە من وەکو سەرچاوە پشتم بە هەواڵ و ڕاپۆرتە هەواڵی ئەو دەزگایانە بەستووە، کە فەرمین و بابەتەکانیان بڵاوکردۆتەوە. هەموو گوتارەکانیان وەکو خۆی دەقاودەق بڵاونەکردۆتەوە، بەڵام لەکاتی بڵاوکردنەوە (مەبەست و ویست و گوتنە سەرەکییەکانیان وەکو سیاسەت و بیرکردنەوەی لایەنەکان ئاماژە پێکردووە).
لەبەر بێ متمانەیی و پچڕپچڕی پشتم بە (ڤیدیۆ و سۆشیال میدیا نەبەستوە)، کە دەکرێت توێژەر لێکۆڵینەوەی تایبەت لەم بوارانەش بکات.
کێشەیەکی دیکە بریتییە لەوەی هەندێک لەکاتی ئاخاوتن لەگەڵ جەماوەر و بۆ خولقاندنی کەشێکی ئاگراوی و هاندانی دەنگدەر و لایەنگرانیان زمانێکی تووند و تەمسیلی و بزاڤێکی نامۆ، یان نوێ، یان فۆرمێکی جیاواز پێشکەش دەکەن، ئەمە لە سەرچاوە نووسراوەکان بەدی ناکرێت و نییە. بۆیە لێکۆڵینەوە لەم بوارە پێویستی بە میتۆد و ڕێبازی جیاوازی شیکاری خودی گوتار دەبێت، ئێمە لێرەدا کارمان لەسەر ئەم دیاردە نوێیانە نەکردووە، تەنیا لەهەندێک شوێن ئاماژەمان بەم دیاردە نوێیە کردووە.
پشتمان بە تیۆری پراگماتیکی و بەتایبەتی کردە قسە بەستووە، کە پێمان وایە گوتاری هەڵبژاردن بەهۆی تایبەتمەندییەکانی ڕاپەراندنی ئەرک و پەیام و بەدیهێنان و بەکارهێنانی زمانی لە دەوروبەرێکی دیارکراودا و پێشکەشکردنی بەکردەوەی هەندێک کار و کردەوە، کردەی پەیوەندیکردن ڕادەپەرێنرێت. ئەمەش لەڕێگەی بەکارهێنانی (وشە و زمان و گوتن و ئاخاوتن) کارەکان ڕوونتر دەردەکەون. بۆیە بەهۆی زۆری (کردە قسەی وەکو پەیمان و گفت و هەڕەشە و ئاگادارکردنەوە و بڕیار و حووکم و هوشداری و هەواڵ و ڕێنوێنی و نمایش و گێڕانەوەی چیرۆکە جیاوازەکان و داوا و فەرمان ..تاد) پەیوەندییەکی پتەو و زەمینەی فراوانیان لەگەڵ بنەما تیۆرییەکانی ئەم بۆچوونە شیکارییە زمانەوانییە دروستکردووە.[1]