دیار سلێمان
سەرۆکی پارتی ئاییندەی تورکیا دەڵێت: داوای لە شاندی دەم پارتی کردووە، کاتی بانگەوازی دانانی چەک لەلایەن
پەکەکەپەکەکەوە دیاری بکەن. ئاماژە بەوەش دەکات، لە ئەگەری دانەنانی چەک لەلایەن پەکەکەوە، تورکیا ڕێوشوێنی خۆی دەگرێتەبەر.
#ئەحمەد داودئۆغڵو#، سەرۆکی پارتی ئاییندە لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنی، لەبارەی کۆبوونەوەی پارتەکەی لەگەڵ شاندی دەم پارتی وتی، پێیانم گوت، دۆخەکە زۆر هەستیارە، بۆیە لە ماوەیەکی نزیکدا ڕوونکردنەوە بدەن و کاتی بانگەوازی دانانی چەک دیاری بکەن.
داودئۆغڵو ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر چەک دانان جێبەجێ نەکرا، ئەو کاتە تورکیا ڕێوشوێنی دیکە دەگرێتەبەر و ڕایگەیاند، ئەگەر لە تورکیا، لە قەندیل یانیش لە سووریا پێکهاتەیەکی چەکدار دژی تورکیا بەردەوام بێت، تورکیا ڕێوشوێن دەگرێتەبەر. ئەوە ئەرکی دەوڵەتە.
سەرۆکی پارتی ئاییندە ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ ئەوەی پڕۆسەی چارەسەری خێراتر بەڕێوەبچێت، دەبێت پەیامی ئەرێنی لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەڵاحەدین دەمیرتاش و بەرپرسانی قەندیلەوە بدرێت.
لە ئەگەری بانگەوازی ئۆجەلان بۆ دانانی چەک، داودئۆغڵو وتی، دوای ئەوە دەبێت پلانێکی کرداری ڕابگەیێندرێت، بەڵام ئەم جارە ڕاگەیێنەری ئەم پلانە کردارییە بەڕێز باخچەلی نییە، بەڵکوو بەڕێز سەرۆککۆمارە. دەبێت سەرۆککۆمار بەناوی وڵاتەوە بێت و ڕوونی بکاتەوە پلانەکە چییە و چۆنە.
#دەوڵەت باخچەلی# ڕۆژی#01-11-2024# تەوقەی لەگەڵ هاوسەرۆکانی دەم پارتی کرد؛ ڕۆژی 22ی تشرینی یەکەمی 2024 هەنگاوێکی دیکەی نا و داوای لە #عەبدوڵڵا ئۆجەلان#، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد بچێتە پەڕڵەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و بڵێت: تیرۆر کۆتاییهاتووە و ڕێکخراوەکە هەڵوەشێندراوەتەوە، دواتر داوای کرد، شاندێکی دەم پارتی سەردانی ئۆجەلان لە ئیمراڵی بکات.
شاندی دەم پارتی ڕۆژی #28-12-2024# سەردانی ئیمراڵیی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆبووەوە. ڕۆژی دواتر شاندەکە پەیامێکی لەسەر زاری ئۆجەلان بڵاوکردەوە، تێیدا جەختی لە بەهێزکردنی برایەتیی کورد و تورک کردەوە.
دوای ئەوە شاندەکە سەردانی بەشێک لە پارتە سیاسییەکانی پەڕڵەمانی تورکیای کرد و لەگەڵیان کۆبووەوە.
شاندەکەی دەم پارتی بۆ جاری دووەم لە #22-01-2025# سەردانی ئیمراڵیی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆبووەوە. دواتر پەیامێکیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، کارەکانی بەڕێز ئۆجەلان لەمەڕ پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت. دوای تەواوکردنی ئامادەکارییەکان، پەیام بۆ ڕای گشتی بڵاودەکاتەوە. [1]