ناو: ئەڵاکەرەم
ناوی باوک: محەمەد عەزیز عەزیز
ساڵی لەدایکبوون: 1947
ساڵی شەهیدبوون: 1969
شوێنی لەدایکبوون: #خورماڵ#
شوێنی شەهیدبوون: #هەڵەبجە#
$ژیاننامە$
ئەڵاکەرەم محەمەد عەزیز عەزیز لە ساڵی 1947 لە شارەدێی خورماڵی سەربە پارێزگای هەڵەبجە لە دایکبووە، دانیشتووی خورماڵ بوو و سەرقاڵی کاری جوتیاری و کاسبی بازاڕی خورماڵ بووە، خێزاندار بووە و خێزانی ناوی خاوەر محەمەد بووە و خاوەنی یەک کچ بووە بە ناوی دڵگیر.
لە ساڵی 1964 پەیوەندی کردووە بە ڕێکخستنەکانی ڕێکخراوی خورماڵی سەربە لیژنە ناوچەی هەڵەبجەی لقی چواری #پارتی دیموکراتی کوردستان#، کە لەو کاتدا سەعیدی قالەی خەیات بەرپرسی ڕێکخراو بووە.
لە ساڵی 1966 ئەڵاکەرەم محەمەد لە ڕێگەی ڕێکخراوی خورماڵەوە نێردراوە بۆ شاخ و لە (قوەی دەرەک) لەلای شەهید مەنوچەر بەگی ئێناخی بووەتە پێشمەرگە، قوەی دەرەک چەند هێزێکی خۆرسکی کۆمەڵایەتی بوون کە لەژێر ناوی (قوەی دەرەک) سەربە هێزی خەباتی پارتی دیموکراتی کوردستان بوون، ئەو هێزانەش بریتی بوون لە هێزی حسێن بەگی وەکیڵی جوانرۆ، هێزی مەنوچەر بەگی ئێناخی، هێزی قایەر بەگ و هێزی عوسمانی عەلی چەتوون.
لە ساڵی 1969 جەلالییەکان (کۆڵوانە سوور) بە هاوکاری هێزێکی زۆری سەربازی ڕژێمی ئەو کاتی ئێراق، هێرشێکی فراوانیان کردبووە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە دەڤەری دەشتی #شارەزوور#، هەڵەبجە و هەورامان.
ئەڵاکەرەم محەمەد و هاوسەنگەرانی لە سەنگەری عەبابەیلێ ڕووبەڕووی کۆڵوانە سوورەکان بوونەتەوە و لە ئەنجامدا ئەڵاکەرەم محەمەد و هاوسەنگەرێکی بە ناوی کەمال عەلی نادر بەسەختی بریندار بوونە، بەبرینداری کەوتوونەتە دەست یەکێک لە کۆڵوانە سوورەکان بە ناوی (محەمەد کوێخا کەریم) و بەبرینداری بە دوای دەبابەوە ڕایان کێشاون تا ناو شاری شاری هەڵەبجە، دواتر لەبەر چاوی خەڵکی ناو بازاڕی هەڵەبجە فیشەکبارانیان کردوون، دوای شەهیدکردنیان چەندین سووکایەتییان بە جەستەیان کردووە.[1]