ئابڕووی ژنیشە، نیشتمان
جاران ، هەر پیاو دەچوو بۆ شەڕ
ئیستا ژنیش؛
- چەند دژوار تر بووە،
جەنگ.
جاران کە لەماڵ دەهاتە دەر، ژن،
گوڵی بەبەرۆکەوە بوو.
هەنووکە؛
قەناصێکی بەسەر شانەوەیە.
- چەند سەخت تر بووە،
کارەسات.
جاران ژن،
لەسێبەری شەودا ، لانکی رادەژاندو
لایلایەی دەکرد.
نها؛
مین دەچێنێت و کەمین دادەنێتەوە.
-چەند بێبەزەیی تر بووە،
مرۆڤایەتیی.
جاران ژن،
تەنیا دۆستی شەونم و هاورێێی پەپوولە بوو.
ئیستاکە؛
هاوەڵی کەڵەکێوی و دەستە خوشکی کەپکەشاخە.
- چۆن بووە بە پۆڵا،
لۆکەی نەرم و نیان.
جاران هەر شەرەفی پیاو بوو
نیشتمان.
ئیستا ئابڕوی ژنیشە.
- چەند ئالۆز تر بووە،
وجود.
لەگۆڕستانی شەهیدانا
ئیستاکێ؛
ئارامگەیەک هی ژنەو
مەزارێک هی پیاو.
ناوی نووسەر: #قوبادی جەلیزادە# [1]
This item has been written in (کوردیی ناوەڕاست) language, click on icon

to open the item in the original language!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی

بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
This item has been viewed 432 times
Write your comment about this item!