نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر، #زارا محەمەدی#، مامۆستای زمانی کوردی، لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە بە 10 ساڵ بەندکردن سزادرا، کە بە بڕوای شرۆڤەکاران ئەمە ڕەنگە نموونەیەکی بچووکی سیاسەتی بێت ئێران کە لە دژی نەتەوە جیاوازەکان بەکاریدەهێنێت.
لای زۆر کەس، ڕووداوەکەی زارا، وەک هەر ڕووداوێکی دیکە تێپەڕی، بەڵام لە پشت ئەم ڕووداوەوە، هەڵمەت و کارکردنێکی پلان بۆ داڕێژراو، بەخشکەیی کاردەکات بۆ سڕینەوەی زمانی کوردی لە ئێراندا.
ماڵپەری ئۆپن دیموکراسی ڕاپۆرتێکی لە ئامادەکردنی حەیدەر خەزری، مامۆستای یاریدەدەر لە زانکۆی سەنتراڵی فلۆریدا بڵاوکردەوە، کە تێیدا تیشکی خستووەتە سەر ئەو جوداکاری و چەوساندنەوەیەی کەمینە نەتەوەیی و ئاینییەکان، لە نێو ئێراندا ڕووبەڕووی دەبنەوە. ئەو تیشکی خستووەتە سەر کوردی ئێران و باس لەوە دەکات، چۆن سیاسەتەکانی ئەو وڵاتە بەشێوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو، کار بۆ کوشتنی لەسەرخۆی زمانی کوردی دەکەن. ئەو دەڵێت ئەوەی لە پشت پەردەوە ڕوودەدات، بە تووندترین شێوە سزادانی ئەوانەیە کە زمانی کوردی فێردەکەن یان فێردەبن.
یەکێک لەوانەی ئەو جۆرە سزایانەیان بەسەردا سەپێنرا، زارا محەمەدی بوو، دادگای شۆڕشی ئیسلامی لە 14ی تەمووزدا، زارای بە دە ساڵ بەندکردن سزادا، زارا یەکەمجار لە شاری #سنە#ی شوێنی لەدایکبوونی لە 23-05- 2019 دەستگیرکرا.
=KTML_Bold=دێوەزمەی لێکۆڵینەوەکان:=KTML_End=
بەپێی ڕاپۆرتەکە، زارا بەر لە دەستگیرکردنی، چەندینجار بانگهێشتی لێکۆڵینەوە کراوە، لەلایەن دەزگای هەواڵگریی سەر بە سوپای پاسداران، دواتر لە 02-01-2019دا بە دەستەبەری ئازادکرا. دوای ئەوەی ماوەی 6 مانگ لە بەندیخانە مایەوە و لەو ماوەیەدا وەک خۆی ئاشکرایکردووە ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی سەرکوتکارانە بووەتەوە. هەروەها ناچارکراوە دانپێدانانی درۆ بکات.
راپۆرتەکە دەپرسێ: تاوانەکەی زارا چیبوو؟ نووسەری ڕاپۆرتەکە دەڵێ ئەو ماوەی دە ساڵ بوو، زمانی کوردی (زمانی دایک)ی فێری خەڵک دەکرد، وا دیارە بۆ هەر ساڵێک فێرکردنی ئەو زمانە، دادوەرەکە ساڵێک بەندکردنی بۆ بڕیوەتەوە.
لە دوای ئاشکرابوونی سزاکەی، زارا لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەرکەوت، کە لە سەر 'ئینستاگرام'ی خۆی بڵاویکردووەتەوە و باسی تاوانەکانی دەکات کە بریتییە لە فێرکردنی زمانی دایک، هەروەها دابەشکردنی شیرینی لەسەر شەقامەکان، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی کوردییەوە، جیا لەوەش هاوکاریکردنی ئەو ماڵباتانەی لە لافاوەکانی شاری #لوڕستان#دا، زیانیان بەرکەوت.
لە ماوەی بەرگریکردنیدا لە خۆی لەبەردەم دادگادا، زارا داوای لە دادگاکرد، هەر بەڵگەیەکی دیکە لە دژی بخەنەڕوو، کە بیسەلمێنێت ئەو جگە لە فێرکردنی زمانی کوردی بە ئەندامە پەراوێزخراوەکانی نەتەوەی کورد لە ئێراندا، هیچ تاوانێکی دیکەی کردبێت، یان کارێکی کردبێت پێچەوانەی یاسا بێت.
=KTML_Bold=بەتاوان ناساندنی زمانی کوردی:=KTML_End=
نووسەری ڕاپۆرتەکەی ماڵپەری ئۆپن دیموکراسی دەڵێ زمانی فارسی لە ئێراندا، کە نوێنەرایەتی فارسەکان دەکات، تاکە زمانی بەفەرمی ناسێنراوی وڵات و فێرکردنە لە قۆناخی سەرەتاییەوە تاوەکو خوێندنی زانکۆ. هەر لەبەرئەوە کەمە نەتەوایەتییەکانی دیکە - هاوشێوەی عەرەبی زۆنگاوەکان، تورکە ئازەرییەکان، بەلووچ، کورد و تورکمان، ڕووبەڕووی جیاکارییەکی گەورە دەبنەوە.
هەرچەندە ئێران واژۆی لەسەر ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە مافەکانی منداڵ کردووە لە ساڵی 1989دا، جیا لەوەی کە مادەی ژمارە 15 لە دەستووری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ماف دەدات بە بەکارهێنانی زمانەکانی دیکەی جگە لە فارسی: بۆ فێربوونی ئەدەب بە زمانەکانی خۆیان لە خوێندنگەکاندا، بەڵام فێربوون و فێرکردنی زمانی کوردی و ئەدەبی کوردی لە ئێراندا، ڕووبەڕووی سزای تووند بووەتەوە. تەنانەت دەستووری ئێران، زمانە نافارسییەکانی ئێران بە دەستەواژە سەیرەکانی وەک زمانی کەمایەتییەکان و هۆزەکان ناودەبات.
لە نموونە هێنانەوە بۆ سزای تووندی ئێران لە دژی زمانی کوردی، نووسەرەکە ئاماژە بە لەسێدارەدانی چوار بەندکراوی کورد دەدات، لە 09-05-2010. لە نێو ئەو چوار کەسەدا فەرزاد کەمانگەر هەبوو کە مامۆستای زمانی کوردی بوو. ڕۆژنامەی 'واشنتن پۆست' ئەوکات گوتی، تاوانی ئەو مامۆستایە تەنیا ئەوە بووە کە کورد بووە و لەکاتی مامۆستایەتی لە قوتابخانەیەکی سەرەتایی، لە شاری کامیاران لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران، وانەی کوردی گوتووەتەوە و ئەندامی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بووە. چەندین بڵاوکراوەی نهێنی لەبارەی مافەکانی مرۆڤەوە نووسیووە و وانەی کوردیی بە خوێندکارەکانی داوە بە زمانە قەدەخەکراوەکەی خۆیان، هەروەها چیرۆکی لەبارەی کولتوور و مێژووی نەتەوەکەیەوە بۆ منداڵەکان گێڕاوەتەوە.
دۆخی نامرۆییانەی بەندکردنی کەمانگەر و لەسێدارەدانەکەی، دواتر سەرکۆنەی نێودەوڵەتی بۆ سەر ئێران هێنا لە چەندین ڕێکخراوەوە، لەوانەش یونیسێف و ڕێکخراوی فێرکردنی نێودەوڵەتی و ئەمنستی ئینتەرناشناڵ.
رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، لە پێداچوونەوەی دۆخی مافەکانی مرۆڤدا لە ئێران دەڵێ، حکومەتی ئێران بەردەوامبووە لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە دژی دانیشتووانی کوردی وڵاتەکە و نەتەوەکانی دیکەش. ئەوان تائێستاش ڕووبەڕووی هەمان دۆخ دەبنەوە و ئەوەش وایکردووە هەلی فێربوونی زمانی دایکیان لەدەست بچێت.
=KTML_Bold=دەسەڵاتدارەکانی دەرەوەی یاسا:=KTML_End=
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەداوە زۆرینەی ئەو بەرپرسانەی وڵاتەکە، کە گوماندەکرێت لە کارەکانی کوشتنی بەکۆمەڵی کەمینە نەتەوەیی و ئاینییەکانەوە گلابن لە دەرەوەی دادگا، هێشتا پۆستی باڵایان لە سیستمی دادوەریی ئێراندا هەیە.
عەلی ڕەزا ئاڤایی ساڵی 2017 بووە وەزیری داد، هەروەها خامنەیی (رێبەری باڵای وڵات) ئیبراهیم ڕەئیسی، کردە سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری لە ئێران لە ساڵی 2019دا، لە کاتێکدا ڕەئیسی و ئاڤایی و مستەفا پور محەممەدی کە لە 2013 تا 2017 وەزیری دادی ئێران بوو، هەموویان ئەندامی 'لیژنەکانی مردن' بوون کە ساڵانی هەشتاکان فەرمانی کوشتنی هەزاران بەندکراویان دەرکرد لە دەرەوەی دادگا، کە لە نێویاندا چەندین کورد هەبوون.
دامەزراندنی ڕەئیسی، هەموو ئومێدێکی بۆ بەربوونی بەندکراوە سیاسییەکان لە ناوبرد، بەتایبەت ئەوانەی سەر بە کەمینە نەتەوەیی و ئاینییەکان بوون. چونکە وەک سەید هادی غائیمی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەنتەری مافەکانی مرۆڤ لە ئێران دەڵێت: دەستنیشانکردنی ڕەئیسی بۆ لوتکەی دەسەڵاتی دادوەریی، پەیامێکی ڕوونە کە دەڵێ، سەروەریی یاسا لە ئێراندا مانای نییە، بەڵکو هەر کەسێک بەشداری کوشتنی بەکۆمەڵ بکات، پاداشت دەکرێت.
راپۆرتەکە دەڵێ دەستنیشانکردنی ڕەئیسی، پاش دەنگدانی زۆرینەی کەمینەکان بەتایبەت کورد بە حەسەن ڕووحانی هات، لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2017دا.
=KTML_Bold=تواندنەوە و کوشتنی لەسەرخۆی زمانی کوردی:=KTML_End=
زمانی کوردی لە ئێراندا، لە دوای شۆڕشی ساڵی 1979ەوە وەک ئەوەی جەعفەر شەیخولئیسلام ناویناوە، لە دۆخێکی چاوپۆشیلێکراو و کۆنترۆڵکراودایە. هەرچەندە ساڵی 2014 بۆ یەکەمجار لە زانکۆی کوردستان لە ئێران، بەشی زمان و ئەدەبی کوردی کرایەوە، بەڵام چەندین توێژەری ئەو بوارە لە نموونەی جیم کۆمێنز، تۆف سکۆتتاب کانجاس و شەیخولئیسلام، دڵەڕاوکێی خۆیان بەرامبەر زمانی کوردی لە ئێراندا پێشاندا، لەبەرئەوەی ڕووبەڕووی پووکانەوە دەبێتەوە، چونکە هۆکارێک نییە بۆ فێرکردنی ئەو زمانە، بەتایبەت لە خوێندنی قۆناخی بنەڕەتیدا.
حەیدەر خەزری، نووسەری ڕاپۆرتەکە زیاتر دەڵی، لە 29-05-2019 و هەفتەیەک دوای دەستگیرکردنی زارا، ڕەزوان حەکیمزادە، جێگری وەزیری فێرکردنی ئێران، لە بڕیارێکدا ڕایگەیاند لێهاتوویی لە زمانی فارسیدا، مەرجێکە بۆ وەرگرتنی هەموو منداڵێک، لە باخچەکانی منداڵان لە سەرانسەری ئێراندا.
بەپێی ئەو بڕیارە، ئەگەر منداڵە نافارسەکان لە تاقیکردنەوەی لێهاتوویی زمانی فارسیدا و لە تەمەنی پێنج ساڵیدا دەرنەچوون، وەک کەسانی کەمئەندام، یان خاوەن پێداویستی تایبەت مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، لە هاوشێوەی لاوازیی بینین، یان گوێ قورسی، یان کەمتوانایی لە فێربوون، یان فێربوون بەزەحمەت.
راپۆرتەکە دەڵێت، ئەم سیاسەتەی حکومەت کە ئامانج لێی منداڵانی نەتەوە نافارسەکانە، کارەکانی وڵاتە کۆڵۆنیالییەکانمان بیر دەخاتەوە کە بۆ سڕینەوەی شوناسی نیشتمانیی وڵاتە کۆڵۆنییەکانیان و دانیشتووان و کەمایەتییەکانی ناوی، دەیانگرتەبەر.
لەسایەی ئەو یاسا قەدەخەکارییەدا، فێربوونی زمانی کوردی پشت بە هەوڵە تاکەکەسییەکان دەبەستێت، لە ڕێگەی خۆبەخشەکانی وەک زاراوە. لەسەرەتای ئەمساڵدا، جەمال حەبیبوڵڵا فەرەج بدار، مامۆستای خانەنشین، لە ماوەی چەند مانگێکدا قورئانی بۆ سەر زمانی کوردی - شێوەزاری هەورامی وەرگێڕا، ئەمەش وەک پەنایەک بۆ پاراستنی شێوەزارەکەی، کە یونیسکۆ لە ڕیزی ئەو زمانانەدا دایناوە، کە هەڕەشەی گەورەی پووکانەوەیان لەسەرە.
ئێستا زمانی کوردی و زمانەکانی دیکەش لە ئێراندا، لە هیچ بۆنەیەکی فەرمیدا بوونیان نییە، دەوڵەت نە پشتگیرییان دەکات و نە پەرەیان پێدەدات.
=KTML_Bold=پشتگیرییەکی سیمبولیکییانە تاوەکو توانەوەی یەکجاری:=KTML_End=
زانایانی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەست بەوە دەکەن کە بەکارهێنانی دەستەواژە جیاوازە ناکوردییەکان و پابەندییە هەمەجۆرەکان بە ئاستی قسەکردن و پاشەکشە لە بەکارهێنانی زمانی دایک لە بواری زانستیدا، تەنانەت پەرچەکردارەکانی سزادان لە بەکارهێنانی ئەو زمانە، کێشەی زۆر بۆ زمانەکە دروستدەکات.
جیم کۆمینز یەکێک لە دیارترین پشتگیریکەرانی فێرکردنی فرە زمان، هۆشداری لەو بارەیەوە دەدات و دەڵێت لەوانەیە کۆمەڵە دەستگرتووەکان بەسەر وڵاتدا، هەندێک هاوکاریی سیمبۆلیکی پێشکێشی زمانی کەمینەکان بکەن، بەڵام ئەوان باشدەزانن کە ئەو پشتگیرییە سیمبۆلیکییە و هیچ کاریگەرییەک دروست ناکات.
کۆمێنز دەڵێ: ئەگەر بۆقێک بخەیتە ناو ئاوێکی گەرمەوە، دەستبەجێ بازدەدات، بەڵام ئەگەر خستتە ناو ئاوێکی ساردەوە و دەستتکرد بە گەرمکردنی ئاوەکە، ئەو لەگەڵ زیادبوونی لەسەرخۆی گەرمییەکەدا ڕادێت، دواتر لەگەڵ کوڵانی ئاوەکەدا دەمرێت، مەبەستم ئەوەیە کە بڵێم، ئەگەر تواندنەوەی زمان لەسەرخۆ بکرێت، خەڵک هەستی پێناکەن تاوەکو ئەوکاتەی دەمرێت.
نووسەرەکەی 'ئۆپن دیموکراسی' لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێ: ئێران چەندین دەیەیە پەیڕەوی ئەم سیاسەتە دەکات، سزادانی زاراش بەبەندکردن بۆ ماوەی دە ساڵ، باشترین بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە ئاوەکە گەیشتووەتە قۆناخی کوڵان.[1]