سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە تەواوى نەتەوەى کورد و هەر کوردێک لە هەر کوێى جيهان بێت، دەکات. دەشڵێت، ئاشتی و ئاشتيخوازى بۆ کورد و گەلى کوردستان گەورەترین هێز و باشترین ڕێبازە.
#نێچیرڤان بارزانی# ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، جەژنى نەورۆز لە کاتێکدا دێتەوە کە ناوچەکە و جيهانيش لە دۆخێکى هەستياردان. تێپەڕاندنی سەرکەوتووانەى ئه و ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕوومان دەبنەوه، پێویستی بە کاری هاوبەش و گفتوگۆى بنیاتنەرى لايەنە سياسييەکان و پێکهاتەکانە لە ناوخۆی هەرێمى کوردستان و لەگەڵ بەغدا.
نێچیرڤان بارزانی داوا لە کورد و کوردستانييان دەکات باوەڕ و ڕێبازی ئاشتیخوازانەیان بەهێزتر بکەن. دەڵێت، داواکانی گەلى کوردستان زۆر ڕەوان، ئاشتی زەمینەیەکی زۆر لەبار بۆ ڕوونبوونەوەی داواکانى دەڕەخسێنێت. ئاشتیخوازی، پرسی کورد لە جیهاندا زیاتر دەباتە پێشەوە.
وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، ئێستا تەوژمێک بۆ دروستبوونی ئاشتی لە سیاسەتی جیهاندا هەيە، لە بەرژەوەنديی گەلى کوردستاندايە وەک گەلێکى ئاشتیخواز لەگەڵ ئەو تەوژمەدا بێت.
لەبارەی دۆخی خەڵک و گوزەرانیان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیێنێت: لە نزيکەوە ئاگاداری سەختييەکان و دۆخى ژيان و گوزەرانى هاووڵاتیيانى کوردستانن. دووپاتی دەکەینەوە کە باشترکردنی بارودۆخی ژیانیان کارى لەپێشینەی سەرەکیی هەموو دامەزراوەکانی هەرێمى کوردستانە.
هەروەها دەڵێت، لەگەڵ هاتنی نەورۆزدا، هیواکان نوێ دەکەینەوە کە ئەم سەختییانە تێدەپەڕن، کۆڵ نادەين و بە هيوا و ئومێدەوە پێکەوە بەره و داهاتوويەکى باشتر هەنگاو دەنێنين.
=KTML_Bold=دەقی پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان=KTML_End=
جەژنى نەورۆزى نەتەوەيى و سەرى ساڵى نوێى کوردى لە تەواوى نەتەوەى کورد و هەر کوردێک لە هەر کوێى جيهان بێت، هەروەها لە تەواوى گەلى کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانييەوە پيرۆز دەکەم. بە گەرمى پيرۆزبايى لە خانەوادەى سەربەرزى شەهيدان، لە پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزە ئەمنييەکان دەکەم، هيوادارم هەمووان جەژنێکى خۆش و ئارام بەسەر بەرن و جەژنى کامەرانى و ئاسوودەيى بێت.
نەورۆز هێمای ئازادی و نوێبوونەوە و ژيانەوەيە، جەژنی هيوا و ئیرادە و هەستانەوە و خۆڕاگری و تێڕوانینە بۆ داهاتوویەکی باشتر. هەروەک چۆن مەشخەڵی نەورۆز بە درێژایيی مێژوو سەرچاوەی ئیلهام بووە بۆ گەلی کوردستان، ئەمڕۆش بانگەوازێکی نوێیە بۆ یەکڕیزی و لێکگەيشتن و هاوکاری لەپێناو پاراستنی ماف و دەستکەوتە دەستوورییەکان و فيدراڵى و قەوارەی سیاسيی هەرێمی کوردستاندا.
جەژنى نەورۆز لە کاتێکدا دێتەوە کە ناوچەکە و جيهانيش لە دۆخێکى هەستياردان. تێپەڕاندنی سەرکەوتووانەى ئه و ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕوومان دەبنەوه، پێویستی بە کاری هاوبەش و گفتوگۆى بنیاتنەرى لايەنە سياسييەکان و پێکهاتەکانە لە ناوخۆی هەرێمى کوردستان و لەگەڵ بەغدا، بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیری و بەهێزکردنی دیموکراسی و دادپەروەری و مافەکانی مرۆڤ.
ئاشتی و ئاشتيخوازى بۆ کورد و گەلى کوردستان گەورەترین هێز و باشترین ڕێبازە. بۆيە داوا لە کورد و کوردستانييان دەکەم، باوەڕ و ڕێبازی ئاشتیخوازانەیان بەهێزتر بکەن. داواکانی گەلى کوردستان زۆر ڕەوان، ئاشتی زەمینەیەکی زۆر لەبار بۆ ڕوونبوونەوەی داواکانى دەڕەخسێنێت. ئاشتیخوازی، پرسی کورد لە جیهاندا زیاتر دەباتە پێشەوە. ئێستا تەوژمێک بۆ دروستبوونی ئاشتی لە سیاسەتی جیهاندا هەيە، لە بەرژەوەنديی گەلى کوردستاندايە وەک گەلێکى ئاشتیخواز لەگەڵ ئەو تەوژمەدا بێت.
ئێمە لە هەرێمی کوردستان باوەڕمان بە کولتوور و بەهاکانى پێکەوەژیانی ئاشتیيانە و لێبوردەیی و يەکترقبووڵکردن هەیە. هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە بە فاکتەری ئارامى و سەقامگیری لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوه و دەستی دۆستایەتی و هاوکاری بۆ هەموو پێکهاتەکانی عێراق و وڵاتانی ناوچەکە و جیهان درێژ دەکات، لەپێناو داهاتوویەکدا کە تيايدا ئاشتی و سەقامگیری و گەشەسەندن بۆ هەمووان باڵادەست بێت و ژيان و شکۆ و مافەکانى هەمووان پارێزراو بن.
لە پەیوەندیمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی عێراقدا، جارێکی تر پابەنديی خۆمان بە دەستوور وەک بنەمایەک بۆ چارەسەرکردنی هەموو ناکۆکییەکان بە گفتوگۆ و (لێکگەییشتنی) هاوبەش دووپات دەکەینەوە. سەقامگیری و گەشانەوه و پێشکەوتنى عێراق، بە ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکانی هەموو پێکهاتەکانی و بە جێبەجێکردنی ڕاستەقينەى سيستمى فیدراڵييەوە بەندە.
ئێمە لە نزيکەوە ئاگاداری سەختييەکان و دۆخى ژيان و گوزەرانى هاووڵاتیيانى کوردستانين. دووپاتی دەکەینەوە کە باشترکردنی بارودۆخی ژیانیان کارى لەپێشینەی سەرەکیی هەموو دامەزراوەکانی هەرێمى کوردستانە. لەگەڵ هاتنی نەورۆزدا، هیواکان نوێ دەکەینەوە کە ئەم سەختییانە تێدەپەڕن، کۆڵ نادەين و بە هيوا و ئومێدەوە پێکەوە بەره و داهاتوويەکى باشتر هەنگاو دەنێنين.
نەورۆز لە هەموو ئه و گەل و وڵاتانەش پيرۆز بێت کە ئەم يادە دەکەنەوە.
هەموو ساڵێک بە خۆشى.
نێچيرڤان بارزانى
سەرۆکى هەرێمى کوردستان
#20-03-2025#
[1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=