(الأکراد والعرب) کتێبێکی بەدبەخت
مامۆستا #ئیبراهیم ئەحمەد# ناوی خۆی لەسەر یەکەم چاپی کتێبی (الأکراد والعرب)ی ساڵی 1937 نەنووسیوە و بە ناوی (دەستەیەک لە لاوانی کورد- لفریق من الشباب الکرد)ەوە بڵاوکراوەتەوە. کاتێک لەسەر داوای سەفارەتی تورکیا کتێبەکە کۆکراوەتەوە و سێ کەس (ئیبراهیم ئەحمەد، هەمزە عەبدوڵڵا و ئیسماعیل مەلا عەلی) دراونەتە دادگا، ئەوسا لە دادگا خۆی وەکوو نووسەری کتێبەکە ناساندووە. مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد لەبارەی ئەم کتێبەوە دەڵێت: (کتێبی الأکراد والعرب کتێبێکی بەدبەخت دەرچوو...) ئەو مەبەستی لەو چیرۆک و بەسەرهاتەیە، کە لە ئەنجامی نووسین و بڵاوکردنەوەی کتێبەکەدا تووشی بووە.
ڕێکخراوی ئیبراهیم ئەحمەد فاوندەیشن بە بۆنەی یادی ئەمساڵی کۆچی دوایی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد، کتێبێک بە ناونیشانی (کتێبی الأکراد والعرب-ی ئیبراهیم ئەحمەد- لێکۆڵینەوە و بیبلیۆگرافیا) بڵاودەکاتەوە، کە (بوار نوورەدین- بەرپرسی بەشی لێکۆڵینەوەی ئیبراهیم ئەحمەد فاوندەیشن) ئامادەی کردووە و بەدبەختییەکی تری کتێبی ناوبراوی دۆزیوەتەوە، کە تەنیا یەکەم چاپی ساڵی 1937ی تەواوە و ئەوانی تری ناتەواون. لێکۆڵینەوەکە 86 لاپەڕەیە و بەم شێوەیە ڕێکخراوە: پێشەکیی ئامادەکار/ بۆچی ئەم کاتەم هەڵبژارد: ئیبراهیم ئەحمەد/ یەکەم تەوەرە: لێکۆڵینەوە لە چاپ و وەرگێڕانەکانی کتێبی (الأکراد والعرب)/ بابەتی (بنەمای زێڕین) بە هەموو ئەو زمانانەی کتێبی (کورد و عەرەب)یان پێ بڵاوکراوەتەوە/ دووەم تەوەرە: بیبلیۆگرافیای کتێبی (الأکراد والعرب).
لە یەکەم تەوەرەی لێکۆڵینەوەکەدا، وردەکاری و ناتەواویی هەموو چاپەکانی کتێبی (الأکراد والعرب) خراونەتەڕوو، هەروەها بەو ئەنجامە گەیشتووە، کە کتێبەکە بە زمانی عەرەبی 10 جار، بە زمانی کوردی چوار جار، بە زمانی تورکی و فارسیش یەکی یەک جار چاپ کراوە. لە دووەم تەوەرەشدا بیبلیۆگرافیای بۆ هەموو چاپەکان ئامادە کردووە و وێنەی بەرگی چاپەکان و زانیاری و پێڕستی هەموویانی خستووەتە ڕوو.
دوای پێشەکیی ئامادەکار، پێشەکییەکەی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد بە زمانی کوردی دانراوە، کە ساڵانی 1990-1991 بە زمانی عەرەبی بۆ سێیەم چاپی کتێبی (الأکراد والعرب)ی نووسیوە، پێشەکییەکە پێشتر دوو جار بە زمانی عەرەبی لە ئەوروپادا بڵاوکراوەتەوە و زۆر کەم بینراوە، بەتایبەتیی لە کوردستاندا، تەنیا لەو چوار چاپەی کتێبەکەدا دانراوە، کە ساڵی 2025 (ئیبراهیم ئەحمەد فاوندەیشن) بە زمانەکانی عەرەبی، تورکی، فارسی و کوردیی کرمانجیی لاتینی بڵاوی کردوونەتەوە.
$ئیبراهیم ئەحمەد: کتێبی «الأکراد والعرب» کتێبێکی بەدبەخت دەرچوو$...
مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد لەو پێشەکییەدا دەڵێت: (ئەوەی ڕاستی بێت پێویست بوو ئەم کتێبە ساڵی 1987 چاپ بکەمەوە، واتە بە بۆنەی تێپەڕبوونی 50 ساڵ بەسەر یەکەم چاپکردنیدا، هەر کاتێکیش بیرم لێ دەکردەوە، بەردەوام ڕووبەڕووی چەند بیرکردنەوەیەک دەبوومەوە، نەک هەر بەرانبەر ئەو کردەوە دڕندانەی دیکتاتۆر سەددام حسێنی پارێزەری شکۆی عرووبە، کە لەو کاتەدا دژی گەلی کورد دەیکردن و بە کوشتنی بەکۆمەڵ و ڕاگواستن و تەعریب دەستی پێ کرد و بە بەکارهێنانی گازی ژەهراوی و چەکی کیمایی کۆتایی پێ هێنا، بەڵکوو ئەو پشتگیری و لایەنگیرییەیش، کە لە لایەن زۆربەی دەوڵەتەکانی عەرەبەوە بە دەستی هێنابوو، بۆ ئەو کار و کردەوە ناڕەوایانەی، کە هەر وەکوو بڵێی دژی ئیسرائیل و ڕزگارکردنی قودس بیانکات. ئەم هەموو هەڵوێستە هەڵە و ناڕەوایانەی، کە لەسەر بنەمای مرۆڤایەتی و ئیسلامیش نەبوون، هیچ شتێکیان لە بڕوابوونم بە برایەتیی عەرەب و کورد نەگۆڕی، کە پێویستییەکی چارەنووسسازە. لەبەر ئەم هۆیانە لەو بارودۆخەدا چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبەکەمم بە پێویست نەزانی و بۆ چارەنووس و ڕۆژگارم بەجێ هێشت. دوای چاوەڕوانییەکی درێژ، وتەی شاعیرەکە هاتەدی، کە دەڵێت: خوا هەر کاتێک ویستی بەندەی سەربخا- دوژمنەکانی دەکاتە هۆکاری سەرکەوتنی.)
کتێبی کورد و عەرەب، لە سەروبەندێکی پڕ ململانێ و کێشمەکێشدا، بە زیرەکی و وریاییەوە نووسراوە...
کتێبی کورد و عەرەب، لە سەروبەندێکی پڕ ململانێ و کێشمەکێشدا، بە زیرەکی و وریاییەوە نووسراوە، کە تەنیا 29 لاپەڕە و 5000 وشەیەکە، بەڵام دەنگدانەوە و لێکەوتەی زۆری بەدواوە بووە. کتێبەکە لە 12 بابەت پێک هاتووە و 11 بابەتیان، لێکۆڵینەوە و ڕوونکردنەوەن و دوابابەتیشی (بنەمای زێڕین)ە، کە کرۆک و پەیام و ئەنجامی کتێبەکەیە، هەروەها دیدگا و تێڕوانینی 89 ساڵ لەمەوبەری مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد دەخاتە ڕوو، کە لەو کاتەدا تەمەنی تەنیا 23 ساڵ بووە. ناتەواویی سەرەکیی 15 چاپی کتێبی (الأکراد والعرب)یش، دوابابەتی کتێبەکەیە، کە لە هەندێک چاپدا هەر دانەنراوە و لە هەندێکیشیاندا تەنیا بەشێکی کەمی دانراوە، هەروەها زۆربەی چاپەکانی کتێبی (الأکراد والعرب) بە زمانی عەرەبی نۆبەتی چاپکردنەکەیان بە هەڵە لەسەر نووسراوە.
ناتەواویی سەرەکیی 15 چاپی کتێبی الأکراد والعرب بابەتی بنەمای زێڕینە...
یەکەم چاپی ساڵی 1937 لە چاپخانەی نەجاح لە شاری بەغدا چاپ کراوە و نۆبەتی چاپ و ناوی نووسەریشی لەسەر نەنووسراوە و بە ناوی (کۆمەڵێک لاوی کورد)ەوە بڵاوکراوەتەوە،
29 لاپەڕەیە بە پێوانەی 13×20 سم.
دووەم چاپی، ڕەحمەتیی مام جەلال تاڵەبانی پێشەکییەکی درێژ و بەپێزی بۆ نووسیوە و ساڵی 1961 لە چاپخانەی سەڵاحەدین هەر لە بەغدا چاپ کراوە و دووەم چاپی لەسەر نووسراوە، 30 لاپەڕەیە بە پێوانەی 14×20 سم.
سێیەم چاپی دەزگای دارالحکمة لە لەندەن چاپی کردووە و ساڵ و ناوی چاپخانە و نۆبەتی چاپی لەسەر نەنووسراوە، 53 لاپەڕەیە بە پێوانەی 14×20 سم. بەپێی کرۆکی ئەو پێشەکییەی نووسەر بۆ کتێبەکەی نووسیوە، پێ دەچێت ساڵانی 1990-1991 چاپ کرابێت، چونکە سەردەمی داگیرکردنی وڵاتی کوێتە لە لایەن سەدام حسێنەوە. لە پاشکۆکەیدا هەندێک بابەت و هۆنراوەی نووسەری تری بە زمانی عەرەبی لەبارەی کوردەوە تێدایە.
چاپێکی تری ساڵی 1998 لە وڵاتی سوید بە پشتیوانیی (کۆمەڵەی گەلی کورد) چاپ کراوە، 60 لاپەڕەیە بە پێوانەی 14×20 سم. پێشەکییە نوێکەی نووسەر دانراوەتەوە و لەسەر داوای نووسەر مامۆستا (عومەر شێخ مووس)یش پێشەکی بۆ ئەم چاپە نووسیوە. هەر وەکوو چاپەکەی دار الحکمة، لە پاشکۆکەیدا هەندێک بابەت و هۆنراوە بە زمانی عەرەبی دانراون.
چاپێکی تری ساڵی 1998 لە لایەن (دەزگای بڵاوکەرەوەی ئارارات)ەوە لەژێر ناونیشانی (زنجیرەی بووژاندنەوەی گفتوگۆی عەرەبی- کوردی) چاپ کراوەتەوە و سێیەم چاپی لەسەر نووسراوە و ناوی چاپخانە و شوێنی لەسەر نەنووسراوە، 84 لاپەڕەیە بە پێوانەی 12×17سم. ناونیشانی کتێبەکە بە هەڵە نووسراوە: الکرد والعرب.
دەزگای ناوەندیی ڕاگەیاندنی (ی.ن.ک.) لە چاپخانەکەی خۆیاندا ساڵی 2004 لە شاری سلێمانی چاپیان کردووە، 34 لاپەڕەیە بە پێوانەی 15×21 سم. لەسەر بەرگی دواوە نووسراوە: چوارەم چاپ، هەروەها لە ناسنامەی ئەم چاپەدا نووسراوە: یەکەم چاپ 1937، دووەم چاپ 1961، سێیەم چاپ بە پێشەکیی عومەر شێخ مووس ساڵی 1988 لە وڵاتی سوید چاپ کراوە، کە ساڵی سێیەم چاپ بە هەڵە نووسراوە. ئێمەیش شوێن هەڵەکەی ئەوان کەوتووین و لەو ڕوونکردنەوەیەی ساڵانی 2022-2025 بۆ چەند چاپێکی ئەم کتێبەمان نووسیوە و ئیبراهیم ئەحمەد فاوندەیشن چاپی کردوون، ساڵی 1988مان بۆ چاپەکەی سوید نووسیوە.
ناوەندی چاپەمەنی و ڕاگەیاندنی خاک ساڵی 2008 لە شاری سلێمانی چاپی کردووە و لەسەری نووسراوە: پێنجەم چاپ، 34 لاپەڕەیە بە پێوانەی 15×21 سم.
مامۆستا ڕەفیق ساڵح لەگەڵ کۆمەڵێک بابەتی تردا بە ناونیشانی (کتابات في المسئلة الکردية- الجزء الأول) ئامادەی کردووە و بنکەی ژین ساڵی 2008 لە شاری سلێمانی و لە چاپخانەی شڤان چاپی کردووە. کتێبی کورد و عەرەب دووەم بابەتی ئەم کتێبەیە و لە لاپەڕەکانی 71-94دا دانراوە. لە ناوەرۆکی پێنجەم لاپەڕەدا، ناونیشانی کتێبەکە بە هەڵە نووسراوە: الأکراد والعراق.
ئیبراهیم ئەحمەد فاوندەیش، ساڵی 2021 لەگەڵ کۆبەرهەمەکەی و ساڵی 2025یش بە پێشەکیی چاپەکەی دەزگای دارالحکمةی لەندەنەوە، چاپی کردووەتەوە و کورتەیەک لە ژیاننامەی مامۆستا (ئیبراهیم ئەحمەد)یش لە پاشکۆی کتێبەکەدا دانراوە.
بە پێشنیاز و پشتگیریی ئیبراهیم ئەحمەد فاوندەیش، ناوەرۆکی چاپەکەی ساڵی 2025ی کتێبی کورد و عەرەب، بۆ سەر زاراوەی کرمانجیی لاتین، زمانەکانی تورکی و فارسی وەرگێڕراوە و هەرسێکیان ساڵی 2025 چاپ و بڵاوکراونەتەوە:
یاسین حسێن لە زمانی عەرەبییەوە بۆ سەر زاراوەی کرمانجیی لاتینی وەریگێڕاوە و ئیبراهیم ئەحمەد فاوندەیش بە هاوکاریی دەزگای لیس لە تورکیادا چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.
بەرناس قەرەژداغی لە زمانی عەرەبییەوە بۆ سەر زمانی تورکی وەریگێڕاوە و ئیبراهیم ئەحمەد فاوندەیش بە هاوکاریی دەزگای لیس لە تورکیا چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.
کتێبی (کورد و عەرەب) لە لایەن دوو وەرگێڕەوە بۆ سەر زمانی کوردیی ناوەڕاست وەرگێڕراوە، کە یەکێکیان دوو جار چاپ کراوە:
بە ناوی خوازراوی (ڕێبەر)-ەوە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی پێشوو بە تیراژێکی کەم بڵاوکراوەتەوە، کە پێمان وایە ڕەحمەتیی (ئومێد ئاشنا) وەریگێڕاوە.
ڕێکخراوی ئیبراهیم ئەحمەد فاوندەیش، ساڵی 2021 وەرگێڕانەکەی ئومێد ئاشنای لەگەڵ کۆبەرهەمەکەیدا چاپ کردووەتەوە.
نەرمین عوسمان وەریگێڕاوە و ساڵی 2024 لە چاپخانەی کارۆ لە سلێمانی چاپ کراوە و وەکوو بڵاوکراوەی (ئینستتیوتی نارین بۆ توێژینەوە و بڵاوکردنەوە) بڵاوکراوەتەوە.
سامان سلێمانی لە وەرگێڕانە کوردییەکەی بە ناوی خوازراوی (ڕێبەر)-ەوە بڵاوکراوەتەوە، بۆ سەر زمانی فارسی وەریگێڕراوە و ئیبراهیم ئەحمەد فاوندەیش چاپی کردووە.
مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد بەم شێوەیە باسی چیرۆکی یەکەم چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبی (کورد و عەرەب)ی کردووە: (هەر پاش بڵاوکرانەوەی، پۆلیس کەوتنە بازاڕ و هەموویان لە دووکانەکاندا کۆکردەوە و بردیان. لە زانکۆ خەریکی ئیمتیحاندان بووم، پۆلیس هات بە دوامدا و گرتیانم. «هەمزە عەبدوڵڵا و سمایل مەلا عەلی»یشیان بە ناحەق تێوە گلاندبوو، بە حیسابی ئەوەی، کە هاوبەشن لە نووسینی ئەو نامیلکەیەدا، چونکە لەسەر نامیلکەکە نووسرابوو: «لفريق من الشباب الکرد». باش بوو لەوەدا پیاوەتییان کرد، هێشتیان بچم ئیمتیحانەکەم بدەم. کتێبی «الاکراد والعرب» کوردایەتییەکی تۆخی تێدا نەبوو، کوردایەتییەکی بە ئینساف، واتە داوای مافی ڕەوای کورد دەکا، وەکوو هى خەڵکى دیکە، ئەگەر شتێک هەبێت و ناوی بەخت بێ، لام وایە نەک هەر گیاندار بەڵکوو بێگیانیش دەگرێتەوه. ئەم کتێبە بەدبەخت دەرچوو، لەسەری درام بە مەحکەمە. کۆمۆنیستەکان کتێبەکەی منیان بە کوردایەتی و ناسیۆنالیستانە لە قەڵەم دا و قسەی خراپیان پێ دەوت، حکوومەتی ئێراقیش بە جیاوازیخوازی دانا، کەچی تەنانەت تەنيا وشەیەکیش چییە، باسی ئێراقی تێدا نييه. لەپاشان لە مەحکەمەدا بۆم دەرکەوت، کە لەسەر ڕاپۆرت و داوای سەفارەتی تورکییە، کتێبەکە کۆکراوەتەوە و منیش گیراوم. محامییەکەیشم تۆفیق بابانی (1) برای جەمال بابان (2) بوو. کاتێک هاتە سەر باسی کتێبەکەی من، کە زۆربەی قسە بە تورکییە بوو و جگە لەوە قسەیەکی دیکەم بە کەس نەوتبوو. حاکم قەراری دا و وتی: (ئەم کتێبە ئەوەندە دۆستانە و برایانە نووسراوە بەرانبەر بە عەرەب، حەق وابوو حکومەت نەک هەر موسادەرەی نەکا، بەڵکوو دەبوو فرمانی بکردایە لە پێناوی بەهێزکردنی برایەتیی کورد و عەرەبدا، لە قوتابخانەکاندا بخوێنرێت) (3).
(99٪ی ئەو کتێبە لەبارەی کوردەکانی تورکیاوەیە)
مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد لە چاوپێکەوتنێکیدا بەم شێوەیە باسی کتێبی (کورد و عەرەب)ی کردووەتەوە: (دوای 1937، کتێبێکم بە ناوی الأکراد والعرب بڵاوکردەوە. ئێستەیشی لەگەڵدا بێ، بیر لە دووبارە بڵاوکردنەوەی ئەو کتێبە دەکەمەوە. 99٪ی ئەو کتێبە لەبارەی کوردەکانی تورکیاوەیە. پەیوەندیی کورد و تورک لە تورکیادا. هۆکاری نووسینی کتێبەکەم ئەمە بوو، کە ئەو سەردەمە ڕۆژنامەنووسێکی عەرەب، لەبارەی پرسی ئەسکەندەروونەوە، نووسیبووی: «ئەگەر کوردەکانی نیشتەجێی ئەسکەندەروونە و کەلکیلیا دەنگیان بە تورکەکان نەدایە، کەلکیلیا و ئەسکەندەروونە نەدەدرا بە تورکیا.» لەبەر ئەوەی ئەو بیرکردنەوەیەم بە هەڵە زانی، کتێبێکم لەبارەی پەیوەندیی کورد و تورک لە تورکیا نووسی. هەوڵم دا باس لە ڕادەی خراپیی پەیوەندیی کورد و تورک بکەم. بەو هۆیەوە ئاماژەم بۆ پێویستیی زۆرتر گونجاندن و هاوئاهەنگیی پەیوەندیی کورد و عەرەب کرد. بیرۆکەی بنەڕەتیی کتێبەکەم ئەمە بوو، ئەگەر میللەتان بیانەوێت بە ئاشتی و برایەتیی بژین، ئەوە تەنیا کاتێک ئەو ئاشتییە دێتە دی، کە هەر میللەتێک لە دونیایەکی ئازاددا بێت. بە کورتییەکەی لەو سەردەمەدا هۆشیارییەکی کوردستانی هەبوو. بەو هۆیەوە بوو، من لە وەڵامی ڕۆژنامەنووسێکی عەرەبدا کتێبێکم لەسەر باکووری کوردستان نووسی. پاشان هەندێک هاوڕێی عەرەبم، پاشکویان بۆ ئەو کتێبە زیاد کرد و ویستیان بڵاوی بکەنەوە، وایان نیشان دا، کە بەرگریم لە دامەزراندنی وڵاتێکی وەکوو سویسرا لە ئێراقدا کردووە. منیش پێم وابوو، ئەوە مومکین نییە، چونکە فەڕەنسییەکانی سویسرا وەکوو فەڕەنسییەک، ئیتاڵییەکانی وەکوو ئیتاڵییەک دەژین. بەڵام ڕامگەیاند، کە کوردەکان هیچ دەوڵەتێکیان نییە، لەبەر ئەوە دواکارییەکەیانم ڕەت کردەوە). (4)
کتێبی کورد و عەرەب بە زمانی تورکی و کرمانجیی لاتینی لە تورکیا بڵاوکرایەوە...
دوای چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبی (کورد و عەرەب) بە زمانی تورکی و کرمانجیی لاتینی لە تورکیا، ڕۆژانی 18-26ی تشرینی یەکەمی 2025 پیشانگەیەکی کتێب لە شاری ئامەد-ئامەدی باکووری کوردستان، بە بەشداری 80 دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە کرایەوە، هەردوو ئەندامی ئیبراهیم ئەحمەد فاوندەیشن (ڕاسان موختار و بوار نوورەدین) لەسەر داوای (دەزگای لیس) ئێوارەی یەکەم ڕۆژ لە چوارچێوەی چالاکیی پیشانگاکەدا، سیمینارێکیان لەبارەی ئەم کتێبەوە بە زاراوەی کرمانجیی ژووروو پێشکەش کرد.
بەدبەختییەکی تری کتێبی (الأکراد والعرب) ئەوەیە، کە جگە لە یەکەم چاپی ساڵی 1937، چاپکراو و وەرگێڕانەکانی تری هەموویان ناتەواون، ناتەواوییەکەیش دوابابەت (القاعدة الذهبية- بنەمای زێڕین)-ە یە، کە لە هەندێکیاندا تەنیا یەک بڕگەی بابەتەکە دانراوە، لە هەندێکیشیاندا هەر دانەنراوە.
* دووەم چاپی ساڵی 1961: بابەتەکە هەر دانەنراوە. هەروەها هەڵەیەکی تریش کراوە و لە لاپەڕە 24دا ناونیشانێک دانراوە (الأکراد يثورون مرة أخرى في سبيل استقلالهم)، کە ناونیشانی بابەت نییە و بەشێکە لە بابەتی پێشتر. ناونیشانی ناوبراو لە چەند چاپێکی تریشدا گەورە و تۆخ کراوە: سێیەم چاپی لەندەن، ل.28، چاپەکەی وڵاتی سوید، ل.33 و چاپەکەی دەزگای ئارارات، ل.62.
* سێیەم چاپی دەزگای دارالحکمةی لەندەن: تەنیا یەک بڕگەی بابەتەکە دانراوە.
* چاپەکەی ساڵی 1998ی وڵاتی سوید: تەنیا یەک بڕگەی بابەتەکە دانراوە.
* چاپەکەی ساڵی 1998ی (دەزگای بڵاوکەرەوەی ئارارات): تەنیا یەک بڕگەی بابەتەکە دانراوە.
* چاپەکەی ساڵی 2004ی دەزگای ناوەندیی ڕاگەیاندنی (ی.ن.ک.): تەنیا یەک بڕگەی بابەتەکە دانراوە.
* چاپەکەی ساڵی 2008ی ناوەندی ڕاگەیاندنی خاک: تەنیا یەک بڕگەی بابەتەکە دانراوە.
* کتێبەکەی بنکەی ژینی ساڵی 2008: بابەتی ناوبراو دانەنراوە.
لە هەردوو وەرگێڕانەکەی سەر زمانی کوردیی ناوەڕاست (ئومێد ئاشنا و نەرمین عوسمان)دا، بابەتی ناوبراوی تێدا نییە. دووەم وەرگێڕ ئاگاداریی وەرگێڕانەکەی ئومێد ئاشنا و ئەو پێشەکییەیش نەبووە، کە نووسەری کتێبەکە بۆ چاپەکەی لەندەنی نووسیوە. هەروەها لە هەموو ئەو چاپانەی ئیبراهیم ئەحمەد فاوندەیشن بە زمانی عەرەبی چاپی کردوون، بەوانەیشی بۆ سەر زمانەکانی تورکی و کرمانجیی لاتینی وەرگێڕراون، تەنیا یەک بڕگەی بابەتەکە دانراوە و لە فارسییەکەیشدا هیچی دانەنراوە، چونکە لە کوردییەکەی ساڵی 2022-ە وەوە وەریگێڕاوە.
لە کاتی ئامادەکردنی وەرگێڕانەکەی ڕەحمەتیی ئومێد ئاشنادا، تاکوو لەگەڵ کۆبەرهەمەکەی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد ئامادەی بکەینەوە، هەستم کرد کێشەیەک هەیە، کە ئایا دوابابەتی کتێبەکە بۆ وەرنەگێڕراوە؟! لە ڕوونکردنەوەیەکیشدا، کە بۆ چاپی ناوبراوم نووسیوە، بەم شێوەیە ئاماژەم پێ کردووە: (لە کاتی بەراوردکردن و ئامادەکردنەوەی ئەم کتێبەدا، هەندێک سەرنج لەسەر سیپارەکە هەبوو، تەنانەت دوابابەتی «القاعدة الذهبية»یش وەرنەگێڕراوە) (5).
$بۆچی دوو وەرگێڕ، هەمان بابەتیان بواردووە؟!$
کاتێک وەرگێڕانەکەی بەڕێز (نەرمین عوسمان)یشم بینی، دووبارە سەرم سووڕما، ئایا دوو وەرگێڕ، کە لە دوو سەردەمی جیاوازدا کتێبەکەیان وەرگێڕاوە، هەمان بابەتیان بواردووە؟! بێگومان پڕکاری و سەرقاڵی، هەروەها نەساغیم لە کۆتایی 2024-ەوە... ڕێگەی پێ نەدام زۆرتری لێ بکۆڵمەوە و هیچ ئەنجامێکی تر بەدەست بهێنم، ئەمەش بەو واتایە نایەت، کە منیش هەڵەم نەکردووە، بەڵکوو منیش بەشێکی بەرپرسیارییەتیی ئەم ناتەواوییەم دەکەوێتە سەر شان، بەتایبەتیی لەو چاپانەدا، کە ئیبراهیم ئەحمەد فاوندەیشن چاپی کردوون و پشتگیریی وەرگێڕانەکەی کردوون.
کاتێک (دەزگای لیس) داوای لێ کردین لە پیشەنگای کتێبی ڕۆژانی 18-26ی تشرینی یەکەمی 2025ی شاری ئامەددا سیمینارێک لەبارەی کتێبی (کورد و عەرەب)-ەوە پێشکەش بکەین، لەبەر گرنگیی چالاکییەکە، لێکۆڵینەوەم لە هەموو چاپەکانی کتێبەکە کرد، ئەوسا ئەم بەدبەختی و ناتەواوییەم بۆ دەرکەوت. لەو لێکۆڵینەوەیەی لەبارەی کتێبی (کورد و عەرەب) کردوومانە، کە بڕیارە وەکوو کتێبێکی سەربەخۆییش چاپ بکرێت، بە شێوەیەکی فراوانتر ئەم وردەکارییانەمان پێشکەش کردووە.
هەڵەکە لە دووەم چاپی ساڵی 1961-ەوە دەستی پێ کردووە...
هەڵەکە لە دووەم چاپی ساڵی 1961-ەوە دەستی پێ کردووە، کە تەواوی بابەتەکەی بواردووە، لە کاتێکدا دوو چاپەکەی لەندەن و سویدیش، کە بە ئاگاداریی نووسەر چاپ کراون، تەنیا یەک بڕگەی بابەتەکەیان تێدایە، هەروەها سەیرە لە کتێبەکەی (بنکەی ژین)یشدا دانەنراوە، کە یەکەم چاپی کتێبەکەیان لە لایە و لای ئەوان دەستمان کەوتووە. ئیتر ئەم هەموو هەڵە و ناتەواوییە (بەدبەختی) نەبێت چییە؟
لە کۆتاییدا بە پێویستمان زانی لەگەڵ ئەم پاشکۆیەدا، بابەتی (بنەمای زیڕین) بە زمانی کوردی بڵاوبکەینەوە، کە لە لێکۆڵینەوەکەیشدا بە هەموو زمانەکانی عەرەبی، تورکی، فارسی و کرمانجیی لاتینی بڵاومان کردوونەتەوە:
$بنەمای زێڕین$
(ئەو بنەما سەرەکییەی، کە پێویستە نەک هەر لەنێوان گەلانی کورد و عەرەب، بەڵکوو لەنێوان هەموو گەلانی سەر زەویدا، پەیوەندی لەسەر بوونیات بنرێت، کە بەبێ ئەوەیش ئاشتیی جیهانی و برایەتی و هاریکاریی گەلان، دەستەواژەگەلێکی بەتاڵ و پووچن، ئەمەیە: ددانپێدانانی هەر نەتەوەیەک بە نەتەوەیەکی تر، لە مافی سەربەخۆبووندا، سەربەخۆییەکی کرداریی تەواو، نەوەکوو سەربەخۆییەکی ڕووکەش لە چوارچێوەی سنوورە سرووشتییەکەیدا، هەروەها ددانپێدانان بە سەروەریی تەواو لە بەڕێوەبردنی هەموو کاروبارێکی تایبەتیی و گشتیدا. ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوان گەلان، ڕێکخستنێکی ئارەزوومەندانەیە و دەبێت مەبەست لێی یارمەتیی بێت و بە خێروخۆشیش بۆ مرۆڤایەتی بگەڕێتەوە. ئەمانەیش لەسەر بنچینەی ئازادی و یەکسانی بن، پێویستە هەر گەلێک بەپێی توانای خۆی، لە چاککردنی باری ئابووری و بووژاندنەوەی کەلتوورەکەیدا، یارمەتیی گەلانی تر بدات، تاکوو بتوانێت لە بوونیاتنانی تەلاری مەدەنییەتی جیهانی و دەستەبەرکردنی دیموکراتیی گشتیدا، بەشدار بێت). (6)
گەلانی ژێردەستە دەتوانن بەرەی یەکگرتووی خۆیان دژی داگیرکەر دابمەزرێنن...
ئەمە ئەو بنەما زێڕینەیە، کە پێویستە حکوومەت ددانی پێدا بنێت و گەلانێش هەوڵی بەدیهێنانی بدەن، ئەگەر بیانەوێت ڕێککەوتن و ئاشتی جێگەی جەنگ و دڕدۆنگی بگرێتەوە و سیستمی کۆڵۆنیالیزم لەناو ببرێت، کە گەلانی داگیرکراو و داگیرکەران وەکویەک پێوەی دەناڵێنن. تەنیا لەسەر ئەم بنەما ڕەوایە، گەلانی ژێردەستە دەتوانن بەرەی یەکگرتووی خۆیان دژی داگیرکەر دابمەزرێنن. بەڵی تەنیا ئەم بنەمایە ڕێککەوتنی نێوانی عەرەب، کورد، تورک و فارس دەستەبەر دەکات، تاکوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکەر و لەناوبردنیدا، هاوکاریی یەکتر بکەن.
ئەوە ئەو سیاسەتەیە، کە بە شێوەیەکی گشتی تایبەتە بە هەردوو گەلی کورد و عەرەب، کە پێویستە هەریەکێکیان هەڵوێستی چۆن بێت بەرانبەر ئەوی دیکە. سەبارەت بەو سیاسەتەیش، کە هەنووکە هەلومەرجی پەیوەندییەکانی نێوانی کورد و عەرەب سەپاندوویانە، بەو پێیەی لە دەوڵەتی ئێراقدا دوو پێکهاتەی گرنگن، هەروەها پەیوەستبوونمان بە دەستووری ئێراق و دڵسۆزیمان بۆ نیشتمانی ئێراقی خۆشەویست، ئەوەی بەسەردا سەپاندووین، کە هەوڵ بدەین بۆ پتەوکردنی ڕایەڵەکانی برایەتی و هاودەمی لەنێوان ڕەگەزە جیاوازەکانی ئێراقدا و دژایەتیی هەر شتێک بکەین، کە بۆنی دووبەرەکی لێ بێت.
داخوازییەکانی گەلی کورد -ئەگەرچی ئێمە ئەوە باس ناکەین- بەڵام هیچ خراپەیەکی تێدا نییە ئەگەر بڵێین: ئەو داخوازییانە بە شێوەیەکی گشتی لەگەڵ داخوازیی خەڵکی ئێراقدا جیاواز نین، کە بریتین لە پێویستیی ئەنجامدانی چاکسازیی ئابووری لە پێناوی چاککردنی بژێویی جووتیاران و کرێکاران و بەرزکردنەوەی ئاستی بژێویی هاووڵاتییاندا، هەروەها بە شێوەیەکی بەرفراوان نەخوێندەواری و هەژاری و نەخۆشییەکان بنبڕ بکرێن.
نەک هەر لەبەر ئەوەی پەیوەندیی بە هۆشیارکردنەوەی کولتوورییەوە هەیە، چونکە هەرچەند کوردەکان زۆر بە کولتووری عەرەبی سەرسامن و گرنگی پێ دەدەن، بەڵام دەخوازن پەرە بە کەلتووری تایبەتیی خۆیشیان بدەن، ئەمەش جێبەجێ نابێت، تاکوو زمانی کوردی لە ناوچەکانی کوردنشیندا، نەبێتە زمانی خوێندنگە و فەرمانگەکان. ئەم داوا ڕەوایە، کە بریتییە لەو پڕۆژەیەی دەستووری ئێراقیش پشتگیری دەکات و بەرژەوەندیی هەردوو گەلی عەرەب و کوردیش دەیخوازێت، بریتییە لە داخوازیی جێبەجێکردنی (یاسای زمانی ناوچەکان) بە شێوەیەکی گشتگیر، هەروەها برەودان بە ئەدەبیاتی زمانی کوردی لە لایەن وەزارەتی مەعاریفەوە.
هیوامان زۆرە، کە وەزارەتی پاش کودەتا (7) وەڵامی ئەم داخوازییانە بداتەوە، کە وەزارەتەکانی پێشوو یەکبە دوایەکدا و بەردەوام، گفتی وەڵامدانەوەیان پێ دابووین.
لە کۆتاییدا داوا لە هەردوو گەلی عەرەب و کورد دەکەین، کە پارێزگاری لە هاوکاری و برایەتیی نێوانیان بکەن، هەروەها دژی داگیرکەر و کۆڵۆنیالیزم پێکەوە هەنگاو بنێن، چونکە هەردووکیان هاوڕێگەن لە هەنگاونان بەرەو ڕزگاری).
ساڵی 1949 بڕیاری قەدەغەکردنی گۆڤارەکانی گەلاوێژ و یادگاری لاوان لە تورکیا دراوە
ئامادەکار لە لێکۆڵینەوەکەیدا وردەکاریی تر و زانیاریی نوێی لەبارەی کتێبەکە و نووسەرەکەیەوە خستووەتە ڕوو، بەتایبەتیی بەڵگەنامەیەکی ساڵی 1949ی دەوڵەتی تورکیا، کە بە واژۆی سەرۆکی حکوومەت و ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیاری قەدەغەکردنی گۆڤارەکانی (گەلاوێژ و یادگاری لاوان) دراوە (8).
پەراوێز:
1 - تۆفیق ڕەشید عەبدوڵڵا خالید ئەحمەد پاشای بابان (1904 خانەقین-1971 سلێمانی) سەرەتا لە کفری و پاشان کۆلێژی حقوقی لە بەغدا تەواو کردووە. سەرەتا پارێزەر بووە و دواتر فەرمانبەری وەزارەتی داد و ناوخۆ بووە لە سلێمانی، چەمچەماڵ، خالیص و فەلوجە، ماوەیەکیش بەوەکالەت موتەسەڕیفی ڕومادی بووە، دوای ئەوە هەر لە بەغدا پارێزەری کردووەتەوە و ساڵی 1960 بۆ دەستەی کارگێڕیی سەندیکای پارێزەرانی ئێراق هەڵبژێرراوە. ساڵی 1966 خانەنشین بووە. (ئەم زانیارییانە لە ڕێگەی هاوڕێمان دێرین بابان لە ئەیسەری کچی خوالێخۆشبوو وەرگیراوە.)
2 - (1893-1966 لوبنان) خوێندن و ساڵی 1914 کۆلێژی حقووقی لە بەغدا تەواو کردووە، سەرەتا لە سلێمانی دادوەر و ئەندامی (کۆمەڵەی زانستیی کوردان)یش بووە. لە خولی دووەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراقدا، ساڵی 1930 بە نوێنەری هەولێر و لە حەوت خولی تریش بە نوێنەری هەولێر، مووسڵ و سلێمانی هەڵبژێرراوەتەوە، شەش پۆستی وەزیری وەرگرتووە، هەروەها وەکوو ئەندامی ئەنجوومەنی پیران هەڵبژێرراوە. تەمووزی 1958 ئێراقی بەجێهێشتووە و لە لوبنان ژیاوە. بڕوانە: جەمال بابان، بابان لە مێژوودا و گەورەپیاوانی بابان، بڵاوکراوەی ناوەندی ئەندێشە، یەکەم چاپ، چ: ئەندێشە، سلێمانی، 2018، ل.518-519.
3 - د. عەبدوڵڵا مەردۆخ، چەند یادگارێکی مامۆستا برایم ئەحمەد، بڵاوکراوەی بنکەی ژین و ناوەندی چاپەمەنی و ڕاگەیاندنی خاک، چاپی یەکەم، چ: کارۆ، سلێمانی، 2010، ل.66-71.
4 - بڕوانە: چاوپێکەوتن لەگەڵ مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد- دووەم بەش، ڕۆژنامەی کوردستان پرێس (Kurdistan PRESS)، ژ.48ی ڕۆژی 17/11/1998، ل.6-7. چاوپێکەوتنەکە ئابی 1988 لە لەندەن کراوە و بە زمانی تورکی و پێنج بەش بڵاوکراوەتەوە. ناوی ڕۆژنامەنووسەکە لەسەر ڕۆژنامەکە نەنووسراوە و لە ڕێگەی بەڕێز (چەتین چیکۆ)ەوە زانرا، کە ئەم چاوپێکەوتنە خوالێخۆشبوو (عابید گورسەس 1957 بدلیس- 12/6/2022 ستۆکهۆڵم- سوید) ئەنجامیداوە. ئەم چاوپێکەوتنە د. سامان مستەفا وەریگێڕاوە و بڕیارە لەگەڵ چەند دیدارێکی تردا بڵاوی بکەینەوە.
5 - بڕوانە: کۆبەرهەمی ئیبراهیم ئەحمەد، سێیەم کتێب: کورد و عەرەب، بڵاوکراوەی ئیبراهیم ئەحمەد فاوندەیشن، چاپخانەکانی ئێران، 2021، ل.10.
6 - ئەم بەشەی بابەتەکە، کە خراوەتە دوو کەوانەوە، ئەو بڕگەیەیە، کە لە چەند چاپێکی کتێبی (کورد و عەرەب)دا دانراوە.
7 - بەو حکوومەتە دەگوترێت. کە بە کودەتا هاتووەتە سەر حوکم، هەروەها پێشی دەگوترێت: حکوومەتی دوای شۆڕش.
8 - ئەم بڕیارنامەیەمان لە ڕێگەی د. سامان مستەفا ڕەشید ئینجاغا دەستکەوتووە و هەر خۆیشی بۆ سەر زمانی کوردی وەریگێڕاوە، سوپاسی دەکەین. [1]
ئامادەکردن: #بوار نورەدین#
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!