$باکووری کوردستان$
- ئاگرێک لە هۆڵی پێشوازیی فڕۆکەخانەی فەریت مەلەن لە شاری #وان# لە باکووری کوردستان دروست بوو. بەپێی زانیارییەکان، تیمی ئاگرکوژێنەوەی شارەوانیی گەورەی وان ئاگرەکەی کۆنتڕۆل کردووە و زیانی ماددی بە فڕۆکەخانەکە گەیشتووە. میدیاکانی تورکیا باسیان لەوە کردووە، کە کارمەندێکی تەکنیکیی فڕۆکەخانەکە بەهۆی ئاگرەکەوە بریندار بووە و گەشتی فڕۆکەکانیش تا کاتژمێر 1ی دوای نیوەڕۆ، وەستێندراون.[5]
- لەسەر ڕێگای نێوان #ئامەد# و ئێلیح لە کاتی تێپەڕبوونی ئۆتۆمبێلێکی سەربازی تەقینەوەیەکی گەورە ڕوویدا و کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.[8]
- #هەپەگە# ڕایدەگەیەنێت، لە ئەنجامی ژمارەیەک چالاکیی گەریلاکان و شەڕڤانانی تەشەیەژە، 19 سەربازی دەوڵەتی تورک کوژراون.[8]
$رۆژهەڵاتی کوردستان$
- 7 کۆڵبەری کوردی خەڵکی شاری #سەردەشت# لە لایەن پاسدارانەوە درانە بەر دەستڕێژ و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک بریندار بوو.[3]
- ژمارەیەک لە مامۆستایانی قوتابخانەکانی شاری #سەقز#، لە ڕێوڕەسمی ناساندن و لابردنی جێگری نوێی بەڕێوەبەری ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ئەو شارە ناڕەزایەتییان دەربڕی.[11]
- هێزەکانی سوپای پاسدران بە بیانووی بوونی هێزی حیزبە کوردییەکان دەستیان بەتۆپباران کردنی شاخی #کۆساڵان# کرد و بەهۆیەوە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ سووتا.[11]
$باشووری کوردستان$
- بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەکدارانی #داعش# لە سێ قۆڵی لای گوندی #زەرگە#وە لە خورماتوو، هێرشیان کردە سەر فەوجی سێ و چواری لیوای 11ی پیادەی هێزی پێشمەرگە، بەڵام توانییان هێرشەکەیان تێک بشکێنین و تەرمی چەند داعشێک بە کوژراوی کەوتووەتە دەست هێزەکانی پێشمەرگە. لە هێرشەکەدا پێشمەرگەیەک شەهید بووە بەناوی #سلێمان فەقو عەلی# کە لە عەشیرەتی #هەرکی#یە و دانیشتووی گەڕەکی خەباتی شاری #هەولێر#ە.[1]
- تەرمی فەرماندەی ناسراو #نازم کەرکووکی# کە بەنەخۆشیەکی کوشندە لەسوید کۆچی دوایی کرد، لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە گەیشتەوە کوردستان و لە #قادرکەرەم# نێژرا.[2]
- ئەنجومەنی پارێزگای #کەرکووک# بڕیایدا ئەو شارە بەشداریی #ڕیفراندۆم# بکات و هەردوو دەستەی عەرەب و تورکمان بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد.[3]
- دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەناوی حکومەتی هەرێمەوە پشتگیری لە بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دەکات بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەو شار، سەرۆکی دەستەکەش دەڵێت چەند شارۆچکەیەک ماوە کە داوای ڕیفراندۆم بکەن.[1]
- وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایدەگەیەنێت، بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە کەرکووک بەهیچ شێوەیەک جێگەی قبوڵ نییە، دەڵێت ئه و شارە لە سنوری ناوچە ناکۆکی لەسەرەکانە، بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ دەسەڵاتێکی بەسەرەوە نییە.[1]
- وتەبێژی مەکتەبی سیاسیی #یەکێتی# ڕایدەگەیەنێت: لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا پەیوەندیی نێوان تورکیا و یەکێتیی گرژی بەخۆوە بینی، هۆی ئەم گرژییە دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵدانی دام و دەزگاکانی هەواڵگریی تورکیا بۆ ئۆپەراسیۆنێک لە سنووری سلێمانی بەبێ ئاگاداری دام و دەزگاکانی هەرێمی کوردستان لەدژی #پەکەکە#.[4]
- ڕۆژنامەی ئاوێنە لە ژمارەی ئەمڕۆی ڕۆژنامەکەدا بڵاویکردەوە کە پاش تێپەڕینی دوو مانگ بەسەر کۆچی دوایی #نەوشیروان مستەفا#دا، وەرەسەکانی موڵک و داراییەکانی باوکیان بەپێی قەسام شەرعی بەسەر خۆیاندا دابەش دەکەن.[6]
- بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی #دەزگای کاروباری مین# لە #دهۆک#، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ کارمەندێکیان لە کێڵگەی مینی (گری قەسرێ) بەناوی #عەبدولعەزیز محەمەد#، لە کاتی هەڵگرتنەوەی بۆمبدا لە بەنداوی دهۆک بریندار بووە.[7]
- لە میحوەری ڕۆژئاوای دیجلە و لەنێو ئاوارەکانی عەیازیە - #تەلەعفەر#، ژنێک خۆی بە پێشمەرگەدا تەقاندەوە و پێنج پێشمەرگە برینداربوون.[9]
- #بەرەی تورکمانی# لە کەرکووک ڕایدەگەیێنێ، ئەنجامدانی گشتپرسی لەو پارێزگایە پێشێلکارییەکی زەقی دەستوورە و داوا لە حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات هەڵوێست بەرامبەر ئەو بڕیارە هەڵەیە وەربگرێت. داواش لە ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات بڕیارێک بۆ ڕەتکردنەوەی گشتپرسی لە کەرکووک دەربکەن.[9]
- بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین لەبەرامبەر دانەمەزراندنیان، دانیشتوانی دوو گوندی سنوری شارۆچکەی #کفری# کەمپێکی نەوتیان بەناوی گاز پڕۆم لەسنورەکە داخست و بەرپرسێکی باڵای حکومیش لەو سنورە زانیاریی زیاتر لەڕێگەی SNNوە ئاشکرادەکات و دەڵێت:هەڵیانکوتاوەتەسەر کەمپێکی نەوت و بەشێک لەکەلوپەل و پێداویستیەکانیان شکاندوە.[10]
- لە #کۆیە# شەڕەتەقە لەنێوان پۆلیسێک و هێزێکی پۆلیس دروست دەبێت.[3]
- دوو تیرۆریستی داعش، لە پاڵ ئاوارەکاندا دزەیان کردە نزیک سنوورەکانی پێشمەرگە و خۆیان تەقاندەوە و بریندار هەیە.[3]
- دوای ئەوەی بڵاوکرایەوە کە پشکەکانی #کۆمپانیای وشە# و #گردی زەرگەتە# لەلایەن نەوشیروان مستەفاوە کراوە بەناوی دووکوڕەکەیەوە، لە ڕوونکردنەوەیەکدا چیا و نما نەوشیروان مستەفا ڕایدەگەیێنن، پێویست بوو خاوەندارێتییەکەی بگوازرێتەوە بۆ وارسە شەرعی و یاساییەکانی.[9]