=KTML_Bold=ئۆجەلان داوا لە #هەسەدە# دەکات چەک دابنێت؟=KTML_End=
#کارزان گلی#
باخچەلی سەرەتا شیعری بۆ ئۆجەلان نووسی پاشان بەزمانی هەڕەشە داوای لێدەکات هەسەدە چەک دابنێت.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە تازەترین وتاریدا داوای لە عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە کرد، پەیامێک بۆ هەسەدە بنێرێت و داوایان لێبکات چەک دابنێن، چونکە پرسی ئاشتی بە بوونی چەک ناگاتە ئەنجام. ئایە ئۆجەلان، لەسەر داوای باخچەلی داوا لە هەسەدە دەکات چەک دابنێت؟
چەند مانگێک بەر لە ئێستا، محەممەد ئۆجەلان، برای ئۆجەلان سەردانی ئیمیڕاڵی کرد و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی بۆچوونی ئۆجەلان بۆ رۆژئاوای کوردستان گوتی: ”ئۆجەلان لەبارەی رۆژئاوای کوردستانەوە گوتی، نابێت چەک دابنێن و بارودۆخی رۆژئاوای کوردستان جیاوازە لەگەڵ باکووری کوردستان.“
تورکیا بەفەرمی هەسەدەی وەکوو گروپێکی تیرۆرست ناساندووە، داواشی لە وڵاتانی ناتۆ و ئەورووپا کردووە هەسەدە بخەنە لیستی تیرۆرەوە، بەڵام هیچ وڵاتێک بەگوێی تورکیای نەکردووە و بەپێچەوانەوە دەڵێن هەسەدە هێزێکی شەرعی سووریایە و ئەندامی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە دژی #داعش# و خەبات و تێکۆشانی لەوڕووەوە زۆر کردووە.
ئۆجەلان، چەندین پەیامی بەفەرمی لە رێگەی شاندی ئیمیڕاڵییەوە ناردووە و پەیامەکەشیان بۆ رای گشتی تورکیا و کورد بڵاوکردووەتەوە، بۆ نموونە پەیامی بۆ پەکەکە نارد و داوای لێکردن چەک دابنێن، هەروەها پەیامی بۆ کوردانی ئێزدی و کەمپی #مەخموور# و ئافرەتان نارد، بەڵام بەهیچ شێوەیەک بەفەرمی پەیامی بۆ رۆژئاوای کوردستان نەناردووە، بۆیە گوتەکەی محەممەدی برای لەلای دەوڵەتی تورکیاوە بەهەند وەرنەگیرا، ئەوان دەڵێن ئۆجەلان،لە پەیامەکەیدا لە #26-02-2025#، بەڕوونی داوای لە پەکەکە و هەموو گروپەکانی سەر بە پەکەکە کردووە چەک دابنێن، کە هەسەدەش دەگرێتەوە.
بەڵام ئەوەی بووەتە جێی مشتومڕی شڕۆڤەکارانی سیاسی، هەسەدە بەهیچ شێوەیەک ناڵێت ئێمە لەژێر کاریگەریی پەکەکە و ئۆجەلانداین، تەنانەت ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپاش لەوڕوانگەیەوەیە هەسەدەیان پێتیرۆرست نییە و دەڵێن جیایە لە پەکەکە، بۆیە پەیامی ئۆجەلان بەهیچ شێوەیەک بەسەر خۆیاندا جێبەجێ ناکەن، لەبەرامبەردا تورکیا دەڵێت، هەسەدە تیرۆرستە و لەگەڵ پەکەکەدا جیاوازی نییە.
وەکوو ئەوەی میدیاکانی تورکیا باسی دەکەن، ئۆجەلان داوا لە هەسەدە ناکات چەک دابنێت، ئەمەش دوای ئەو دوو کۆمەڵکووژییە بوو کە حکوومەتی سووریا دژی عەلەوییەکان و دوورزییەکان ئەنجامیدا، کورد بەگومانن لە ئەحمەد شەرعی سەرۆکی راگوزەری سووریا.
محەممەد ئێفا، لێکۆڵەری سیاسی پێیوایە، بارودۆخی سووریا جیاوازە و هەسەدە توانیویەتی شەرعییەتی نێودەوڵەتی هەبێت، چونکە لەژێر دەسەڵاتی هەسەدە مەسیحی و دوورزی و عەلەوی بوونیان هەیە و بەهیچ شێوەیەک پەلامار نەدراون و کۆمەڵکووژ نەکراون، بەڵام رژێمی شەرع، سەلماندی پێکهاتەکانی تری سووریای قبوڵ نییە و رەتیان دەکاتەوە، بۆیە تورکیا هەڵە دەکات بیەوێت هەسەدە لەناو ببات.
باخچەلی بەفەرمی داوای لە ئۆجەلان کردووە پەیام بۆ هەسەدە بنێرێت و چەک دابنێن، بەڵام بەرپرسانی دەم پارتی وەڵامیان داوەتەوە، کە بارودۆخی سووریا جیاوازە و ناکرێت ئەو داوایە لە هەسەدە بکرێت، تەنانەت بەشێکیان دەڵێن، بۆ ئەوەی پرسی چارەسەری کورد لەنگەری نەیەتە پێش، نابێت کێشە بۆ رۆژئاوای کوردستان دروست بکرێت.
چاوەکان لەسەر ئیمیڕاڵین، ئاخۆ رێبەری پەکەکە بڕیارە قورسەکە دەدات بۆ چەکدانانی هەسەدە، یان داواکەی باخچەلی پشتگوێ دەخات. ئەگەر ئۆجەلان هیچ پەیامێکی بۆ هەسەدە نەبوو، بەو مانایە دێت نایەوێت چەک دابنێن و بەشێوەی ناڕاستەوخۆ پێیان دەڵێن لە خەبات بەردەوام بن. لە چەند رۆژی داهاتوو بۆچوونی ئۆجەلان روون دەبێتەوە، بەتایبەت شاندی ئیمیڕاڵی بەنیازن جارێکی تر بچنەوە لای ئۆجەلان و رەنگە لەرێگەی ئەوانەوە بۆچوونی ئۆجەلان بۆ رۆژئاوای کوردستان روون ببێتەوە و بەفەرمی بڵاوبکرێتەوە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=