ناو: شوجاعەدین
ناوی باوک: خورشید
ساڵی کۆچی دوایی: 1224
$ژیاننامە$
شوجاعەددین خورشید کوڕی ئەبوبەکر کوڕی محەمەد کوڕی خورشید یەکێک بوو لە میرەکانی #لوڕستان# پاش ئەوەی کە خودای پاک و مەزن باڵی گرت و بە سەر لوڕستانی بچووکدا زاڵی کرد و میر توانی سەروبەری کاران ڕێکوپێک بکا و ئارامی و سەقامگیری بتەنێتەوە، کوڕانی خۆی، بەدر و حەیدەری ناردنە ناوچەی سەمها بۆ شەڕی تیرەی جنکروی (جنکوردی یان جەنکوردی). کاتێک کوڕانی گەیشتنەجێ لەڕێوە باوەشیان بە دەوری (دژیسیا)دا هێنا و مەچەکەیان لێ ئەنگاوت. لە جەنگەی گەمارۆدا حەیدەری کوڕی کوژرا. شوجاعەددین لە تۆڵەی خوێنی کوڕی تووشی هەر کەسێکی ئەم تیرەیە بووایە دەیکوشت. وای لێهات تەواوی ئەو جەماوەرە لێی بێزران و خاکی (مانڕوود)یان بۆ چۆل کرد و ڕۆیشتن.
پاش ماوەیەک خەلیفەی (بەغدا) ناردی بە شوێن شوجاعەددین خورشید و نوورەددین محەممەدی برایدا و داوایان لێ کرا تاکوو لە قەڵای مانگرە بکشێتەوە. گوتیان شتی وا نابێ و ناکرێ، بۆیە هەردووکیان گرتن و لە بەندیان توند کردن. نوورەددین محەممەد لەو بەندەدا دەریتەبرد و مرد، بەڵام پێش ئەوەی سەر بنێتەوە شوجاعەددینی برای ڕاسپارد و گوتی نەکەی ئەو بەردەڵان و متمانە لە کیس بدەی. ئەویش لەسەر وەسێتی براکەی ماوەیەکی دیکەش کۆڵی نەدا و هەروا لە زینداندا مایەوە، بەڵام سەرەنجام بۆی ڕوون بۆوە هەتا قەڵاکە بەدەستەوە نەدا لەو بەندە دەرباز نابێ، بۆیە بەناچار ملی دا. شوجاعەددین لە بەرامبەردا داوای لە خەلیفە کرد هەتا قەڵاتێکی دیکەی بداتێیە و داواکەی لێ سەلمێنرا و ناوچەی (تەڕازەک)ی سەر بە خووزستانی پێ بەخشرا. ئەوسا گەڕایەوە لوڕستان و بۆ ماوەی سی ساڵی دیکەش درێژەی بە دەسەڵاتی دا، بەڵام ئەوەندە پیر ببوو کە چاکە و خراپەی لێک نەدەکردەوە و خەرفابوو. هەمیشە بەدری کوڕی و سەیفەددین ڕوستەمی برازای، کە کوڕی نوورەددین بوو، لە دەورەی بوون و چاویان لێ خافڵ نەدەکرد.
لەو دەمەدا(مەلیک بەیات )ی تورک هەڵیکوتایە سەر لوڕستان و تاڵانوبڕۆ نەپاراست و خەڵکی دڵڕوتاند. بەدر و سەیفەددین ڕۆستەم بە خۆیان و لەشکری لوڕستانەوە بەرەگەیان لێ گرت و بە گژیدا چوونەوە و پاش شەڕو لێکدانێکی زۆر بەزاندیان و هەڵبڕدابڕیان وێشست و دەستیان گەیاندە ناوچەی بەیات و گرتیان و خستییانە سەر قەڵەمڕەوی خۆیان.
شوجاعەددین، بەدر و سەیفەددین ڕۆستەمی بە جێگرەوەی خۆی دانان، بەڵام سەیفەددین مامی هەڵیفریواند و دڵی کرمێ کرد و گوتی بەدرەددینی کوڕت لەگەڵ ئامۆژنم پیلانیان گێڕاوە و دەیانهەوێ سەرت تێدابەرن. ئەویش لەبەر خەرفاوی باوەڕی پێکرد و گوتی ئەگەر وایە بڕۆ بەدری بکووژە.
سەیفەددین بە نیشانەی ڕەزامەندی ئەنگوستیلەیەکی لە مامی وەرگرت و بەدری کوشت. بەدر چوار کوڕی لە پاش بەجێما کە بریتی بوون لە حیسامەددین خەلیل، بەدرەددین مەسعوود، شەرەفەددین تەهمتەن و میر عەلی.
دوای تێپەڕبوونی ماوەیەک بە سەر کوژرانی بەدردا، ڕۆژێکی شوجاعەددین پرسی ئەرێ بەدر لە کوێیە، بۆ بەینێکە نایبینم؟
چەند کەسێک لە نیزیکان و هاونشینانی بەسەرهاتی کوژرانی بەدریان بۆ گێڕایەوە. لەڕێوە تەمی خەمێکی قورسی بە سەر کشا و ژانی زایە دڵ و دەروونی، هەتا ئاخرییەکەی ساڵی 126ی ک/1224 ی ز، ڕووی کردە ژێر داڵدەی ڕەحمەتباری پەروەردگار. دەڵێن پتر لە سەت ساڵ ژیاوە و لەبەر پیاوچاکی، گۆڕەکەی بۆتە جێ زیارەت و نەزرگەی لوڕان. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=