ناونیشانی بابەت: مافە نەتەوەييەکانى کورد لە دەستوورى دەوڵەتى ئێراق و ئێران و تورکيا و سوريا
ناوی نووسەر: #ژیلوان هەڵەدنی#
“کورتەیەکی مێژوويی”
“يەکەم: کورد لە دەستوورى ئێراقدا.”
سەرەتا بابزانين دەستوورى ئێراق لەڕووى مێژوويیەوە کەى نووسراوەتەوه و چۆن بووە لەڕابردوودا، پاشان باسى ئه و دەستوورەش دەکەين کە ئێستا هەيە، لە ڕووى مێژوويیەوە يەکەمين دەستوورى ئێراقى لەساڵى 1924دا نووسراوە، ئەويش دواى ئەوەى “ئەنجوومەنى دامەزراندى ئێراقى” له ڕۆژى 27ى ئازارى 1924دا کۆبوەوە بۆ 3 کارى گرنگ، که له و کاتەدا ببووە مايەى کێشه و ململانێ له نێوان ئێراقييەکان و بەريتانيبەکان:-
يەکەمين کار؛ پەيمانامەى نێوان ئێراق و بەريتانيا که لە 10/10/1923 بەسترا بوو.
دووەم؛ لائيحەى دەستوور.
سێيەم؛ لائيحەى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەران.
ئەوکاتە کورديش هەبوون لەنێو وەزارەت و دامودەزگاکان، بەڵام هێشتا چارەنووسى ويلايەتى موسڵ (کە هەرێمى کوردستانى ئێستا ئەگرێتەوە) يەکلاى نەکرابووەوە لە نێوان ئينگليز و بەريتانيا، ئەگەر تێبينى ئەوە بکرێ ئه و کاتە حکومەتەکەى شێخ مەحموود نەمابوو، ئەوه بوو دواى مشت و مڕێکى سياسى زۆرو دوور و درێژ دەستوورەکەى له تەمووزى 1925 نوسرايەوە و دواتريش مصادەقە کرا، شايانى ئاماژەيە دەستوورى ئێراقى ئه و کاتە لە 123 مادە پێکدەهات. (مادەکانى دەستوورەکە لە ئەرشيف هەن). دووەمين دەستوورى ئێراقى؛ لە دواى شۆڕشى چواردەى تەمووزى 1958 لە ڕۆژى 27/7/1958 نووسرايەوە. که مادەى دووەمى دەستوورەکە “دان بە هاوبەشى کوردو عەرەبدا دەنێت لە ئێراقدا”. سێيەمين دستوور لەسەردەمى حزبى بەعسدا و لەدوا کودەتاى تەموزى 1968 نووسرايەوە و دەستکاريیەکى زۆرى بەند و مادەکان و بڕگەکانى دەستوورى سەردەمى عەبدولکەريم قاسم (1988-1963)کرابوو، هەرچەندە له سەردەمى حزبى بەعسدا هەرگيز کار بە دەستوور نەدەکرا، ئەوەى ببووە دەستوور، بريتى بوو لە ئەجێنداى حیزبى بەعس کە لەکۆنگرەکانى خۆياندا بڕياريان لەسەر دابوو، ناسرابوون بە بڕيارەکانى (ئەنجوومەنى سەرکردايەتى شۆڕش).
کۆتا دەستوورى ئێراقى ئەوەبوو کە له ساڵى 2005 نوسرايەوە، ئەم دەستوورە دواى ڕووخانى ڕژێمى بەعس له( 9ى ئەپريلى 2003 ) نوسرايەوە، لەم نووسينەوەى ئەم دەستوورەدا ليژنەيەک لە زۆربەى پێکهاتەکانى ئێراق پێکهات بۆ نووسينەوەى بەم شێوەيەى خوارەوە:-
1- هەژدە ئەندام لە پێکهاتەى شيعە کە ئەوکاتە لە ليستى (العراق الموحد) بەسەرۆکايەتى ئايەتوڵا سيستانى خۆى دەبينيەوە.
2- پانزە ئەندامى کورد کە خۆى لە ليستى تەحالوفى کوردستانى بەسەرۆکايەتى بەڕێزان (مام جەلال و کاک مەسعود بارزانى) خۆى دەبينيیەوە.
3- هەشت ئەندام لە سووننەکان کە ئەوکاتە لە ليستى (العراقيە الموحد) بەسەرۆکايەتى ئەياد عەلاوى خۆى دەبينيەوە.
4- چوار ئەندامى تريش کە نوێنەرايەنى تورکمان و ئاشوورى و مەسيحى و ئێزيديیەکانيان دەکرد.
ئم پێکهاته و ليژنانە، ليژنەيەکى ترى موختەص و شارەزاى ياسايی و زمانەوانيان پێکهێنا بۆ داڕشتنى دەستوورەکە، تەبعەن ئەمە هەمووى بەچاودێرى ئەمريکا کە ئەوکاتە “پۆل بيرمەر “حاکمى سياسى ئەمريکى بوو لە ئێراق، ئەم ليژنەيەش (کە لە 25 ئەندام پێکدەهات ،12 شيعەى عەرەب ،5کورد و 5 عەرەبى سوننە، هەروەها دانه يەکى مەسيحى و 1کەسى ئاشوورى، لەناو ئەم ليژنەيەدا 3 ژنى تێدابوو، دوانيان شيعه و يەکێکيان تورکمان بوو. ئەوەبوو بەدرێژايى هاوينى ساڵى 2004 دواى ململانێ و مشتومڕێکى سياسى زۆر دەستوورەکە نووسرايەوە، کە ئەوکاتە 139مادە بوو، بەڵام دواتر چەند مادەيەکى ترى بۆ زيادکرا. ئەوەبوو له ڕۆژى 15ى مانگدا دەنگدان له سەر دەستوورەکە کرا و 78%هێنا، هەرچەندە هەندێک ناوچەى سووننە نششين بايکۆتى دەنگدانيان کرد، کە دواتر چەند مادەيەکى بووە جێگەى مشتومڕ، لەوانە (ماددەى 140)کە ناوچەکانى دەرەوەى ئەوکاتەى حوکمڕانى کوردى دەگرتەوە. ئەم دەستوورە تاوەکوو ئێستاش هەندێک بڕگە و مادەى کە لە بەرژەوەندى گەلى کوردن جێبەجێ نەکراوە، مشتومڕ و لێدوان و خوێندنەوەى جياواز بۆ بڕگەکانى دەکرێت، هەرکاتێک ئێراق هەست بە بەهێزى خۆى بکات، خۆى لە جێبەجێکردنى بڕگەکانى لادەدا و هەرکاتێکيش تووشى گرفت و قەيرانێکى سياسى ببێت، پەنا بۆ جێبەجێکردنى دەستوور دەبات.
“دووەم: کورد لە دەستوورەکانى تورکيادا”
دواى ڕووخانى ئيمپراتۆريەتى عوسمانى دەوڵەتى تورکيا دامەزرا، ئەم دەوڵەتە تاوەکوو ئێستا (4)جار دەستوورى داناوە، ياخود هەمووارى کردۆتەوە، ئەوانيش؛: دەستوورى يەکەم کە لە ساڵى 1924دانراوە لە ساڵى 1937 هەمووار کرا، دەستوورەکانى ديکەش هەريەکەيان لە دواى کودەتا سەربازييەکانى ساڵانى (1960) و (1982)دانراون، دوا هەموارى دەستووريش ئەوەبوو کە لەدواى کودەتا شکستخواردووەکەى (2015)کرا، کە لە (2016) ڕەجەب تەيب ئۆردوگان لە ڕاپرسييەکى جەماوەرييدا دەستوورەکەى هەمووار کردەوە و دەسەڵاتەکانى خۆى زياد کرد، سيستەمەکەى کرد بە سەرۆکايەتى. بەشێوەيەکى گشتى لە سەرەتاوە تاوەکوو ئەمڕۆ هەموو دەستوورەکانى تورکيا تەنها دانيان بە گەلى تورکيادا ناوە و نکوڵيان لە بوونى کورد کردووە، بۆ نموونە لە دەستوورى 1982دا کە لە(177)مادە پێکهاتووە، لە ديباجەکەيدا ئاماژە بەوە دەکات کە، تەنها هاووڵاتى تورک مافى ژيانێکى ئاسوودەى هەيە. له و دەستوورەدا کۆتى ئەوە دانراوە کە سێ مادەى يەکەمى نابێت بگۆڕدرێت ياخود هەمووار بکرێتەوە:-
لە مادەى سێى ئه و دەستوورەدا هاتووە؛ کە دەڵێت تورکيا پێکدێت لە يەک نەتەوە لە يەک قەوارەدا، بەوەش بە ئاشکرا نکوڵى لە بوونى گەلى کورد و هەموو گەل و پێکهاتەکانى ترى ناو تورکيا دەکات. لەمادەى پێنجى دەستوورەکەدا باسى ئەوە دەکات کە ئەرک و ئامانجى سەرەکى دەوڵەت دەستەبەرى سەلامەتى وسەربەخۆيى نەتەوەى تورکە، ئەوەش بەماناى پاراستنى مافى نەتەوەى تورک و فەرامۆشکردنى مافى نەتەوەى کورد و نەتەوەکانى ديکەيە. لە مادەى شەشى دەستووردا هاتووە کە سەروەرى بۆ نەتەوەى تورکە، بەوەش بەماناى پێشێلکردن و فەرامۆشکردنى سەروەرى نەتەوەى کورد و نەتەوەکانى ديکە دێت.
مادەکانى حەوت و نۆى دەستوورەکە دەسەڵاتەکانى ياسادانان ودادوەرى بۆ نەتەوەى تورک قۆرخ و قەتيس کردووە. لەمادەى چواردەى دەستوور هاتووە نابێت ماف و ئازادييە بنچينەييەکانى دەستوور بەکاربێت بۆ پارچەپارچەکردنى دەوڵەت و نەتەوە، ياخود هەڕەشە لە بوونى دەوڵەتى تورک و کۆمارەکەى بکات، لەمادەى بيست و شەش دا هاتووە:- نابێت چاپەمەنى بەزمانە قەدەغەکراوەکان دەربچێت لەمادەى شەست و هەشت دا هاتووە: نابێت بەرنامە و پەيڕەوى ناوخۆى حیزبە سياسييەکان دژى يەکێتى دەوڵەت و نەتەوە بێت. لە مادەى حەفتاشدا هاتووە هەموو تورکێک مافى بەشدارى لە ڕاژەى گشتييدا هەيە، مادەى حەفتا و شەش دەڵێت: مافى خۆ پاڵاوتن وەک نوێنەر تەنها بە هاووڵاتى تورک دەدرێت، ئەمە و جگەلە مادەکانى قەدەغەکردنى بەکارهێنانى زمانى کوردى لە قوتابخانە و ڕاگەياندنەکاندا. لە (12/9/2010) لەڕێگەى ڕاپرسييەوە، 26مادەى دەستوورى ساڵى 1982 هەمووار کرا کە تايبەت بوون بە بوارەکانى دادوەرى و سوپا و دادگاى دەستوورى و هەندێ مافى ديکەى هاووڵاتيان، زۆرينەى هاووڵاتيانى کوردى تورکيا بايکۆتى ئه و ڕاپرسييەيان کرد، چونکە ئه و هەموارکردنانە هيچ خواستێکى گەلى کوردى تێدا نەبوو. ئه و دەستوورەشى لە ساڵى2017دا لە تورکيا ڕاپرسى بۆکرا، بەهەمان شێوە هيچ ماف و ئازادييەکى وەهاى تێدا نەبوو بۆ کورد، لەبەرئەوەى ئەبينين لە زۆربەى ناوچە کوردييەکان بايکۆت کرا، چونکە هەر لەمادەى (سێ)دا هاتووە: (دولة ترکيا، بأمتها وأراضيها، کيان غير قابل للانقسام، ولغتها هي اللغة الترکية(.
“سێيەم: پێگەى کورد لە دەستوورەکانى ئێراندا”
ئەگەرچى ئێران لە ساڵى 1907 تا ساڵى 1979، واتە ماوەى حەفتا ساڵ خاوەنى دەستوور و پەرلەمان بوو، بەڵام لە سايەى دەستوور و ژيانى پەرلەمانيدا، دان بەمافە سياسى و نەتەوەييەکانى گەلى کورددا نەنراوە، ماوەى نێوان ساڵانى (1925-1941)واتە سەردەمى ڕەزاشا، سەردەمى قەدەغەکردنى بەکارهێنانى زمانى کوردى و جلوبەرگى کوردى و هەموو سيمايەکى نەتەوەيى کوردى بوو لە ئێران، تەنها لە سەردەمى جەنگى دووەمى جيهانيدا نەبێت (1939-1945) بارودۆخێکى تاڕادەيەک ئاوەڵا و ئازادى سياسى هاتە ئاراوە و ڕەزاشا لادراو محەمەدى کوڕى(1941-1979) چووە سەرتەختى شايەتى لە ئێران، هێشتا بارودۆخ سەقامگير نەبوو بوو، بارودۆخى سياسى کوردانى ڕۆژهەڵات لە ڕێگەى دروستکردنى (ژ.ک) و دواتريش (حدکا) و کۆمارى کوردستان(1946)، کە بۆماوەى (11)مانگ بەردەوام بوو، تاڕەدايەک باش بوو، لەدوا ڕووخانى کۆمار مهاباد تاوەکوو 1979 دەستوور هەبوو، بەڵام هيچ مافێکى نەتەوەى کوردى مسۆگەر نەکرد بوو.
لە دواى شۆڕشى گەلانى ئێران لە ساڵى 1979 دەستوورێکى نوێ دانرا، بەڵام ئەم دەستوورەش ئەگەر سەيرى بەندەکانى بکەين، مافەکانى نەتەوەکانى ترى ئێرانى تێدا نييە. لە مادەى (9)دا هاتووە زمانى فارسى زمانى فەرمى وڵاتە و بەڵگەنامەکان و موراسەلات و دەقە فەرمييەکان و کتێبەکانى خوێندن به و زمانە دەبێت، بەڵام دەکرێت زمانە ناوخۆييەکانى نەتەوەکانى تر لە بوارى ڕۆژنامەگەرى وڕاگەياندن و خوێندنى ئەدەبياتياندا لە پاڵ زمانى فارسيدا بەکاربێت. مادەى (115)دەستوور مەرجى ئەوەى داناوە بۆ پاڵێوراوى سەرۆک کۆمار کە بڕواى بە بنەماکانى کۆمارى ئيسلامى ومەزهەبى فەرمى دەوڵەت هەبێت کە مەزهەبى شيعەى جەعفەرى دوازدە ئيمامييە، بەپێى ئه و مادەيە هاووڵاتيانى موسوڵمانى سووننە لە کورد و تورکمان وعەرەب مافى ئەوەيان نييە خۆيان بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار بپاڵێون.
“چوارەم: پێگەى کورد لە دەستوورەکانى سوريادا”
لە ساڵانى (1920-1973) چەندين دەستوور لە سوريا دانراون، بەڵام لە هەموو ئه و دەستوورانەدا هيچ مادە و بڕگەيەک بەدى ناکەيت کە دانى بە مافە نەتەوەييەکانى گەلى کورد له و وڵاتەدا نابێت، دەستوورى ساڵى 1973 کە دوا دەستوورە و سەرابى ئەوەى کە چەند جارێک هەموار کراوە، دوا هەموارکردن ئەوەبوو کە لە ساڵى 2012دا کرا، دواى بەرپاکردنى شۆڕشى سوريا له و وڵاتەدا، ئەم دەستورە لە (150)مادە پێک دێت و کراوە بە پێنج بەش.
لە مادەى يەکدا هاتووە:- الجمهورية العربية السورية دولة ديمقراطية ذات سيادة تامة، غير قابلة للتجزئة، وال يجوز التنازل عن أي جزء من أراضيها، وهي جزء من الوطن العربي.
الشعب في سورية جزء من األمة العربية.
واتە هەم خاکى سورياى بە بەشێک لە نيشتمانى عەرەبى داناوە و گەلەکەشى بەبێ حساب کردن بۆ کورد بە بەشێک لە ئومەى عەرەبى داناوە، سەرەڕاى گۆڕانکارييەکانى ناوخۆيى سووريا و حوکمى خۆبەڕێوەبەرى ڕۆژئاواى کوردستان، بەڵام دەوڵەتى سوريا لەسەر زارى گەورە بەرپرسانييەوە جار جار لێدوانى تووند دژ بە مافەکانى کورد دەدەن و هەڕەشەى گێڕانەوەى بۆ ژێر دەستى حکومەتى ناوەندى دەگەن. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=