$هەڵەکە لەکوێیە؟ چارەسەر چییە؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ئیسلامییەکان یا #مەریوان وریا قانع#؟
دینداریی مرۆڤی کورد ئەمڕۆ تووشی قەیرانی نامۆبوون هاتووە بەدەست فەقیهانی حەرام و حەڵاڵ و پۆلیسەکانی شوناسی دینییەوە لەلایەک و لائیک و دژەدینی تەحریفکەر لەلایەکی دیکەوە. ئەمیان باوەڕی بە تەدلیلی ناعەقڵانی و نا ئیجتیهادی هەیە بۆ دەق و ئەویتریان باوەڕی بە تەحویلی پۆزەتیڤیستی positivist reductionism هەیە بۆ ژیان و شێوازی دینداریی خەڵک. لێرەوە کۆی جومگەکانی دین کراونەتە قوربانی تەدلیلێکی ناعەقڵانی و تەحویلی مەرامخوازی ناڕوون.
دین بە پێچەوانەی ئێران و تورکیا بۆ کورد زیاتر دەلالەتێکی کلتووری-ئیمانی هەیە تا ئەوەی ڕقێک یا چێژێکی نۆستالژیکی وەک ئەوەی لە ئێران و تورکیادا هەیە دنەی بدات. نە وەک ویلایەتە فیقهییەکەی ئێران دین بەئاگر و ئاسن حوکم دەکات تا دژە دین بەو شێوەیە پێیدا هەڵشاخێن و لە ڕێگای بەبارمتەگرتنی ئاکتی چەند نادانێکی ئیسلامی سیاسییەوە هەموو ناتەواییەکانی کۆمەڵگای وەک عەلاگە پێدا هەڵواسن، نە وەک تورکیا کەمالیستیەکەش قەدەخە کراوە تا چێژی زیندووکردنەوەی شوناسەکەی چاوی دینداران و تەبەقە سیاسییەکەی سوور بکات و هەموو دەرەوەی خۆیا بە دوژمن بزانن، وڵات بۆ یار و نەیار دابەش بکەن. دیندار کوردەواری بۆ ئەوەی بژێتەوە دەبێت دووبارە لەسەر چوار پایەی بنەڕەتی خۆی بوونیاد بنێتەوە:
یەکەم: سەرلەنوێ تەفسیرکردنەوەیەکی ئیمانی و ڕۆحی بۆ ئەو دەقانەی باس لە بوون دەکەن و ئاشتکردنەوەیان لەگەڵ دەقی دینی و کاڵکردنەوەی دیوە ئەبستراکت و یاساییەکەی فیقە و شەریعەتی فیقهی بەسەر مان فراوانەکەی بوون و غایەتەکەی.
دووەم: ئازادکردنی ڕۆحی تاک و داواکردنی ئازادی بێ مەرج و بێ پێشمەرج و بێ پێشداوەری هیچ جۆرە ئایدۆلۆژیایەک.
سێیەم: بەبنەماگرتنی ئەساسیاتێکی گەردوونی و جیهانیی خاوەن مانا بۆ بنەما دینییەکان، ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگا بە ئاڕاستەیەکی مانا و ئیمانی دینی نەک ئاڕاستەکردنی بە ئاڕاستەیەکی شوناسێکی دیاریکراوی دینی.
چوارەم/ جیاوازی کردن لەنێوان سوننەت و توراسی دینی، بەچاوی گومان و ناڕاست لە کۆی ئەو توراسە بڕواندرێت کە گەیشتووە بە ئێمە تا ئەوەی لەژێر ڕۆشنایی مەتنە سەریح و موحکەمەکانی قورئاندا ساخ و درووستییان دەسەلمێنرێت. واتە توراس هەمووی وەک ناڕاست ببینرێت تا ئەوەی دانە دانە ساخییان دەسەلمێنرێت. [1]
Kurdîpêdiya ne berpirsê naverokê vê tomarê ye, xwediyê/a tomarê berpirs e. Me bi mebesta arşîvkirinê tomar kiriye.
Ev babet bi zimana (کوردیی ناوەڕاست) hatiye nvîsandin, klîk li aykona

bike ji bu vekirina vî babetî bi vî zimana ku pî hatiye nvîsandin!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی

بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Ev babet 1,281 car hatiye dîtin
Raya xwe li ser vî babetî binivîsin!