$چ سزایەک بۆ هاوڕەگەزخوازان باشە؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
مۆنتیسکیو (1689-1755) بە یەکێک لە گەورەترین عەقڵەکانی فەلسەفەی سیاسی نوێ دادەندرێت و پەڕتووکی ڕۆحی یاساکان گرنگترین شاکاری فەلسەفەی سیاسی ئەم نووسەرەیە. کە بە نووسین و قسەکانیدا دەچیتەوە شتی سەیر دەبینیت، یەکێک لە قسانەی کە بۆ ئەمڕۆی ئێمە سەیرە ئەوەیە کەسێکی مونەیر و فەیلەسووفی وەک مۆنتیسکیو باوەڕی وابوو ئەوانەی کە هاوڕەگەزخوازن دەبێت بە زیندوویی بسوتنێدرێن
سووتاندن و بە کەبابکردنی زیندووەکان تا پێش ڕێنیسانسی ئەوروپی وەک سزایەکی عادیلانە بۆ هەندێ تاوان چاوی لێدەکرا و کەسیش ناڕەزایەتی دەرنەدەبڕی. قەشە و کڵێساکانی ئەوروپا ڕۆژانە خەڵکێکی بەگومانی خۆیان لە دین دەرچوویان بەزیندوویی دەسووتاند و کەس هاوارێکی لێبەرز نەدەبوویەوە. نەک هەر کەس ناڕازی نەبوو بەڵکوو هەموان سزاکەیان وەک سزایەکی عادیلانەش دەبینی!
ئەمڕۆ بەبێ لەچاوگرتنی جۆری تاوانەکە لەهەرشوێنێکی سەر ئەم ئەستێرەیە باسێک لە سووتاندن بکرێت نەک مۆنتیسکیو و بیرمەندەکانی دونیای نوێ، بەڵکوو تەنانەت عەوامەکانیش هاواریان لێبەرز دەبێتەوە و پرۆتستۆ و سەرکۆنەی دەکەن، ئەسڵەن سووتاندن وەک سزا هەر بیریشی لێناکرێتەوە، ئەوەی بە بیریشیدا بێت وەک جانی و وەحشی و نازی تەماشا دەکرێت.
ئەم دیاردەیە دەریدەخات ئێمە ئەو مێژووەمان لە پشتی سەرمانەوە بەجێهێشتووە، بەقەولی هیگڵ مێژوو قۆرت قۆرتە، مێژوو لەسەر هێڵێکی ئاسۆیی یا کرۆنۆڵۆجی ناجوڵێت، بەڵکوو پێچێک یا قۆرتێک دێت یاساکانی پێشخۆی دەکاتە حەرام و حەرامەکانی پێش خۆشی زۆر جار دەکاتە یاسا. ئەوەی لەکوردەواریدا دەگوترێت دونیا پێچی مێزەرە یا دونیا دەوران دەورانە شتێکی تەواو نزیکە لە بۆچوونەکەی هیگڵ بۆ مێژوو.
بەڵێ پێچی مێزەر وایە، پێچێک دێت ئەوەی پێش خۆی نەک هەر کار پێناکات، بەڵکوو دەشی شارێتەوە و لە پێچەکەی خۆیدا قووتی دەدات.
ئەم باسە لە عەهدی دینەکانیشدا هەر ڕاستە، کاتێک پێغەمبەرێک دێت بە عەهدێکی نوێوە دێت، میتۆدی بەرەو خواچوون و خواناسییەکی تایبەت بەخۆی هەیە. ڕاستە ئەوەی پێش خۆی ناسڕێتەوە، بەڵام بەو پێچەی خۆی پێچەکەی پێش خۆی بەتەواوی دەشارێتەوە. کەتەماشای شەریعەتەکانیشیان دەکەیت هەر بەهەمانشێوەیە، لە یەهوودیەتدا تاوانی کەسی زیناکار سەنگەسارکردن بوو تا مردن، بەڵام لە کریستیانەتدا ئەم تەشریعە نامێنێت و لە ئیسلامیشدا دەبێتە تەمێ کردن بە قایش و شەلاق لێدان.
یاساکان هەمیشە کوڕی دەوران و ڕۆژەکانی خۆیانن، مەحاڵە یاسای دەورانێک بتوانن بەهەمان کاریگەریی ڕۆژەکەی خۆیانەوە لە دەورانێکی دیکەدا ڕۆڵ ببینن. مێژوو ئەوەی سەلماندووە ژیری و مێشکی مرۆڤ کائینێکی پەرەسەندووە، بەردەوام لە نوقسانەوە بەرەو کەماڵ دەجوڵێت و گەشەدەکات، مەحاڵە دۆخێکی گەشەسەندووی ژیری بگەڕێتەوە دۆخەکەی پێش خۆی هەروەک چۆن شتێکی نەکردەیە پاش فێربوونی نووسین و خوێندنەوە ئیدی مەحاڵە منداڵێک بتوانێت بچێتەوە دۆخی نەخوێندەوارییەکەی پێشووی و نووسن و خوێندنەوە لەبیر خۆی بەرێتەوە.
یاساکان چ دینی بن چ دونیای و سیکۆلار لە خۆیاندا پیرۆز و موقەدەس نین، مەقاسیدەکانیان پیرۆز و گرنگن و هەر بەو مەقاسیدانەشدا گەورەیی و بچووکییان دەردەکەوێت، هاوشێوەی هەموو شتێکی دیکە دەبێت ئەمانیش لە هەناوی ڕۆژ و دەور و پێچەکانی مێژوودا بێنە دەرەوە، دەنا ناتوانن ڕۆڵ بگێڕن لە باشترکردنی ژیانی مرۆڤ و وەک نووسینی سەر کاغەز بێ ڕۆڵ و بێکار دەمێننەوە. مێژووی مرۆڤایەتی ئەوەی سەلماندووە دەشێت حەرامەکانی دەورانێک ببنە یاسای دەورانێکی دیکە و بە پێچەوانەشەوە یاسای دەورانێک ببنە حەرام و بڤەکانی دەورانێکی دیکە، .
تەماشا بۆچوونەکەی مۆنتیسکیو سەبارەت بە سووتاندنی هاوڕەگەزخوازان ئەمڕۆ تەنانەت لای تاڵیبان و ویلایەتی فەقێی ئێران و حکومەتە دینییەکەی سوودانیش قەبوڵکراو نییە نەوەک دونیای نوێ، بۆچی؟ چونکە ئەم یاسایە کوڕی ئەم دەورانە نییە، لەهەناوی ئەم پێچەی مێژوودا نایەتەدەرەوە. تاوان چەندێک گەورەبێت هیچ یاسایەک ئەمڕۆ پشتگیری لە سووتاندن و بە کەبابکردنی کەسی تاوانبار بە زیندوویی ناکات. هۆکاری سەرەکی نامۆبوونی جووڵانەوەیەکی وەک ئەوەی داعش دەقیق لێرەوە سەزچاوە دەگرێت کە ئەوان خۆیان و بیرکردنەوە و یاساکانیان سەر بەم دونیایە نین.
ئێمە ئەمڕۆ لەدونیایەکی تەواو جیاوازدا دەژین. شەریعەتی دینەکان، یاسا مەدەنییەکان، مۆنارکی و سیستمە پاشایەتییەکان ناتوانن خۆیان لەوە ببوێرن کە پێودانگەکانی دونیای نوێ نەخوێننەوە. مەحاڵە لەسەردەمێکدا کە سەردەمی هیومانیزم و مرۆڤسەنتەرییە، سەردەمێک کەماف و ئازادییەکان بوراێکیان بۆ ئەرک و واجبات نەهێشتۆتەوە، سەردەمێک کە مرۆڤ خۆی بە نوقتەی تەمەرکوزی خیلقەت دەزانێت و ئەوی دیکە هەمووی بە خزمەتکاری خۆی دەبینێت، لەڕێگای بەپیرۆزناساندن و پیرۆزکردنی یاساکانەوە نەک مەقاسیدەکانیان بتوانن دەستکاری کواڵیتیی ژیان بکەن، گەر بە زەبرو زۆریش ئەوە بکەن ئەوا مەحکومن بە کەوتن و لەناوچوون. من ناڵێم ئەمە باشە یان خراپ ئەمە واقیعی ئەمڕۆی مرۆڤە، دەشێ عەقڵی مرۆڤ سبەی بگاتە شوێنێک هەموو یاساکانی ئەمڕۆی ئێمە ڕەتکاتەوە وەک چۆن ئێمە ئەمڕۆ یاساکانی دنیای پێش خۆمان ڕەتدەکەینەوە.
گرنگە ئەوانەی یاساکان دادەڕێژن، دەستوورەکان دەنووسنەوە بەوردی ئاگاداری ئەو دونیایە بن کە تێی کەوتووین. وەک حیقایەتی گوێئاگردان لە یاساکان و ڕۆحەکانیان نەڕوانن، بەڵکوو وەک هەڵقوڵاوی ئەو پێچ و دەورانە مێژووییە چاویان لێبکەن کە تێیدا دەژین. گرنگی ئیجتیهاد و گۆڕاویی شەریعەتە فیقهییەکەی ئیسلامیش هەر لەم خاڵەدایە. کاتێک کەسێکی وەک غەزالی دێت دەڵێیت شەریعەتی فیقهیی خۆی لەخۆیدا پیرۆز نییە و سەر بە ئیمانیاتی دینی نییە دەقیق مەبەستێتی ئەم قسەیە بکات. بەڵام پاش شەش سەدە کە ئێمە دێینەوە و دەڵێین دەبێت دەستوور موخالیفی شەرع نەبێت دووبارە دەکەوینەوە پارادۆکسێکی تەمام عەیارەوە. شەریعەت خۆی دەڵێت من بەگوێرەی کات و شوێن و بارودۆخی ناهەموار شتێکی گۆڕاو و ناجێگیرم، بەڵام ئێمە دێین دەڵێین نابێت ئێمە شتێک بڵێین دژی شەریعەت بێت لەکاتێکدا شەریعەتێکی نەگۆڕ و نەجوڵاو و ستاتیکمان نییە. تۆ کە خاڵێکی جێگیر و نەجوڵاوت نەبوو بۆ گەڕانەوە بۆی چۆن دەشێ بیکەیتە مەرجەع!
بەشێکی گەورەی کێشەی دونیای ئیسلام و ئەو جوگرافیایەی موسوڵمانان تێیدا زۆرینەن ئەمڕۆ کێشەی جیدیی نووسین و ئامادەکردنی یاسایە. ئێمە لەنێو خۆمان و مێژووەکەماندا ون بووین، خۆشمان لە خۆمان تێناگەین، دەقیق نازانین چیمان دەوێت، لەنێوان پیرۆزاندنی یاسا و نەبوونی ڕوئیایەک ڕوون بۆیان گیرمان خواردووە، ناتوانین یاساگەل و دەستوورگەلێک داڕێژین کە تەبا بن بە ڕۆژ و جوگرافیاکەمان، هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە تەلی سازەکەمان کۆک نابێت لەگەڵ دونیای دەرەوەی خۆمان. ئێمە لەزەمەنەکەی خۆمان دواکەوتوین، بەهەمان عەقڵی ڕابردوو دەمانەوێت یاسا بۆ دونیا تازەکەمان دابنێین و دواشنەکەوین، کولیتی ژیانیش باشتر بێت!
لە سیستمی بانکییەوە بۆ سیتسمی پەروەرە و تەندرووستی و حوکمڕانیمان، لە دەستووری دەوڵەتەکانمانەوە بۆ بچوکترین یاسای باری کەسێتی و پرسی خزمەتگوزاری پڕێتی لە پارادۆکس و دژیەکی، پیرۆز و ناپیرۆزمان تێکەڵ کردووە، ژیانە مادییەکەمان هەورەک ڕۆحە مەعنەوییەکەی کۆمەڵگاکە ماندوو و شەکەتکردووە بە پارادۆکس و دژیەکییە لۆژیکییەکان، بۆیە کۆمەڵگا بڕەستی لێبڕاوە، بواری هەناسەدانی نەماوە، وەک ئاشێکی نەزان جار جار خودا بە زەبری پێترۆدۆلار دەیسوڕێنێت. [1]