هونەرمەند #عەزیز وەیسی# لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردنەکەی دەڵێت: لە دادگە ویستیان بەڵێننامەم پێ پڕ بکەنەوە و بڵێم پەشیمانم لەو کلیپەی بڵاوم کردووەتەوە، بەڵام من گوتم لەگەڵ خەڵکەکەمم و هیچ پەشیمان نیم لەو کارەی کردوومە.
رۆژی دووشەممە 17-10-2022 عەزیز وەیسی، هونەرمەندی کوردستان میوانی بوولتەنی کاژێر 08:00ی تۆڕی میدیایی ڕووداو بوو کە هەوراز گوڵپی پێشکێشی دەکات و ڕایگەیاند: لە ئەوروپا ستۆرییەکم لە هەژمارەکانی سۆشیاڵ میدیام دانابوو؛ هەربۆیە لە ڕێگەی نامەوە بانگهێشتی دادگە کرام و کاتێک گەڕامەوە بۆ ئێران، دادگە بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرکردم و کاتێک چووم، زانیم کە هۆکارەکەی هەر ئەو ڤیدیۆ کلیپە بوو کە بڵاوم کردبووەوە.
عەزیز وەیسی دەڵێت: ماوەی ڕۆژێک لە گرتووخانە ڕاگیرام و دواتر بە دانانی بارمتە ئازادکرام تا ئەو کاتەی دادگە بڕیار لەبارەی کەیسەکەم دەدات؛ لەبارەی چۆنێتیی مامەڵەکردنی هێزە ئەمنییەکانیش گوتی: لەبەرئەوەی من دەنگ و ناوم هەیە، نەیانتوانی لە زیندان خراپ مامەڵەم لەگەڵ بکەن.
عەزیز وەیسی گوتی: بەڵێننامەیان پێ پڕکردمەوە بۆ ئەوەی لەکاتی بڕیاردان لە کەیسەکەم لەبەردەم دادوەر ئامادەبم. لە دادگە پێیانگوتم دان بەوەدا بنێم کە هەڵە بووم لەوەی کلیپەکەم بڵاوکردووەتەوە، بەڵام من پێم گوتن لەگەڵ خەڵکەکەمم و ئەگەر ئێستا هەر شتێکم، ئەو خەڵکە منیان کردووە بەو کەسە؛ بۆیە هاودەنگم لەگەڵیان و لە کارەکەم پەشیمان نیم.
عەزیز وەیسی گوتی: بە دانانی تاپۆی خانووەکەم، ڕێگەیان پێدام بێمە دەرەوە، بەڵام دیار نییە کەی دادگە جارێکی دیکە لەسەر کەیسەکەم کۆدەبێتەوە و بڕیار دەدات، پێیان گوتم لە ڕێگەی کورتەنامەی مۆبایلەوە ئاگاداریت بۆ دەنێرین.
بەیانیی ڕۆژی شەممە 15-10-2022 عەزیز وەیسی، هونەرمەندی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کرماشانەوە دەستگیرکرا و دوای ڕۆژێک بە دانانی بارمتە تا کاتی بڕیاری دادگا، ئازادکرا.
عەزیز وەیسی بەم دواییە لە هەژماری تایبەتیی لە ئینستاگرام پۆست و ستۆری لەبارەی خۆپێشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاوکردبووەوە، هەروەها گۆرانییەکی لەبارەی ئەو دۆخە بڵاوکردەوە.
عەزیز وەیسی لە 1968 لە سەلاسی باوەجانی سەر بە کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، گۆرانی بە زمانی کوردی و فارسی دەڵێت، بە گۆرانیی شاد و هەڵپەڕکێ ناوبانگی پەیداکردووە.
ئەو هونەرمەندە خاوەنی چەند ئەلبوومێکی گۆرانییە، لەوانە 'بەمۆ'، 'سەهەند'، 'سۆما'، 'دیلان'، 'سەما'، 'هەرزانە' و 'نەورۆز'.[1]
Kurdîpêdiya ne berpirsê naverokê vê tomarê ye, xwediyê/a tomarê berpirs e. Me bi mebesta arşîvkirinê tomar kiriye.
Ev babet bi zimana (کوردیی ناوەڕاست) hatiye nvîsandin, klîk li aykona

bike ji bu vekirina vî babetî bi vî zimana ku pî hatiye nvîsandin!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی

بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Ev babet 1,643 car hatiye dîtin
Raya xwe li ser vî babetî binivîsin!