خەبات بۆ شیوعیەت، خەبات بۆ مرۆڤایەتی
مامۆستا ئەحمەد دڵزار ڕۆژی لە دایک بوون 08-01-1920
مامۆستا دڵزار شاعیر و ڕۆژنامەنووس و تێکۆشەر
لەو ڕۆژانە بووە 100 ساڵ. لە مێژووی ئەدەبیاتی کوردی دا، مامۆستا دڵزار بەتەمەنترین شاعیر و نووسەر دەژمیردرێت.
هەموو ساڵێک پیرۆزبایی ڕۆژی لەدایک بوونیم کردووە و سالێکیش بۆ یادی لەدایک بوونی لەماڵەکەی خۆمان یادی 70 ساڵەی یمان بۆ ڕێکخست.
بەختی من باشی هێنا ئەو مرۆڤە تێکۆشەر و خانەوادەیکیم لە نزیکەوە ناسی و هەردەم جێگای شانازیین بۆ من.
نازانم ساڵی چەندبوو ماڵەکەی مامۆستا دڵزار هاتە تەنیشت ماڵی [مامۆستا ئەحمەد شیخۆ]ی مامم. منیش کە هاتوچۆی ئەوانم دەکرد هاتوچۆی ماڵی مامۆستا دڵزاریشم دەکرد، پاشماوەیەک هەر ماڵەکەیان گواستەوە ماڵی ئەحمەد شیخۆی مامم ئیتر کاک دڵزار خەریکی باخچەکەیان دەبوو گەلێک جاران دەبوایە گوێ لە قسەخۆشەکانی بگرم.
ساڵان هاتوو ساڵان ڕۆیشت و مامۆستا دڵزار لە ڕێگای قاچاغچییەوە لە پۆڵۆنیا هاتە سوید، لە شارۆچکەی [ئیستاد] لە خوارووی سوید کەوتە ناو پەناگای پەناهەندان. کاک جەمشید حەیدەری تلفونی بۆ کردم و ئەو خەبەرەی پێدام، نازانم چەند ڕۆژ بوو لەوێ بوو لە ستۆکهۆڵمەوە بەرەو ئیستاد کەوتمە ڕێ نزیکەی شەسدەکیلۆمەتر دەبوو، بۆ ئەوەی لەناو ئەو خەڵکە مامۆستا دڵزاری تێکۆشەر و شاعیر ڕزگاری بکەم.
لە ڕێگا باسی هۆنراوە و ئەدەبیات و یادگاری خۆشی خۆی ئەو ڕێگا دوورەی کورتکردینەوە و یادگاری و بیرەوەری یەکانی هەنووکەش لە مێشکمدا تۆمارکراوە و قسەخۆشەکانی هەردەم بەزیندوویی دەمێننەوە و هیوادارم تەمەنێکی زیاتر و تەندرووستێکی باش و بەختەوەری بۆ دەخوازم.
ئەو کاتانەی سەردانی پیرە هەولێر دەکەم دەبێت سەردانی مامۆستا دڵزار بکەم و لەگەڵ مامۆستایان خوشکە ئاواز و مامۆستا ئازاد شاد ببمەوە.
لەو تەمەنە، بەداخەوە کاک دڵزار مەرگی هەردوو خوشک و برای و شیرینی کچە بچووکەی بینی، کە ئەوانەش کارتێکردنی تەواوی لەسەر ژیانی مامۆستا دانا.
مامۆستا دڵزار گەلێک مێژوو و ڕووداوی بۆ حزب ڕاستکردووەتەوە و لە دەفتەری بیرەوەری یەکانی ڕۆژە ڕاستەقینەکانی تۆمار کردووە.
هەردەم لە نزیکەوە لە هەواڵ و تەندرووستیم پرسیار کردووە.
مامۆستا دڵزار پیرۆزبایت لێدەکەم و هیوادارم تەندرووست بیت ڕۆژی لەدایک بوونت پیرۆزبایم ڕەوانەکرد بۆ مامۆستا ئاواز و مامۆستا ئازاد بەڵام وەکوو ئەرکێک دەبوایە ئەو کورتە نووسینەش پێشکەش بە جەنابتان بکەم.
لێرەدا تاقە نامەیەکی مامۆستا دڵزاریش بڵاو دەکەمەوە کە تەمەنی لە 30 ساڵ زیاترە و گەلێک نامەی تریشی لەلام هەیە.
هەربمینی بۆمان شاعیری کوردستان و تێکۆشەری شیوعی هاوڕێ دڵزار.
فەهد گردەوانی19-01-2020 ستوکهولم [1]