=KTML_Bold=خۆر عەبدوڵڵا ئێراقییە یا کوەیتییە=KTML_End=
#سیروان حوسێن مەخمووری#
خۆر عەبدوڵڵا دەکەوێتە بەشی باکووری کەنداو لەگەڵ خۆر زوبێری ئێراقی سنووریان تێکەڵاوە، بەتاکە ڕێرەوی ئاوی هەژماردەکرێت کە کەشتییەکانی ئێراق بەکاری دەهێنن بۆ جیهانی دەرەوە.
سەبارەت بە ڕەهەندی مێژوویی ئەم ململانێی نێوان کوەیت و ئێراق لەسەر ئەم بەشە جوگرافیە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەیەک لەمەوبەر، بە جۆرێک دەیان ڕێککەوتن و پەیمان لەنێوان هەردوو وڵات کرا لەوانە: پەیماننامەی (ئەنجلۆ – عوسمانی ساڵی 1913) و ڕێککەوتنی (العقیر ساڵی 1922) کە لە هەردوو ڕێککەوتن وێنەی سنووری هەردوو وڵات کرا و ناوچەی (خۆر عەبدوڵڵا) بووە ناوچەیەکی کێشەلەسەر و بەهەڵپەسێردراوی ماوەتەوە تا ڕێککەوتنی ساڵی 1963 کەخاڵێک و قووچەکێکیان بۆ ئەو بابەتە دانا بەتایبەتیی ئەو کاتەی کێشەکە چەند ناوچەیەکی دەوروبەری خۆر عەبدوڵڵاشی گرتەوە لەوانە: (ڕبە و بۆبیان و مەسکان) کە ئەوسا لەلایەن ئێراقەوە دانی بەو ناوچانە نەنرابوو کەبەشێکە لەخاکی کوەیت، بەڵام بەپێی فەقەرەی 3ی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاساییش ژمارە 687 ساڵی 1991 پاش کۆتایی هاتنی جەنگی کەنداوی دووەم جارێکی تر وێنەی نەخشەی سنووری هەردوو وڵات کێشرایەوە تا ئەو کاتەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1993 بەپێی بڕیاری ژمارە (833) کۆتایی بەنەخشەی سنووری وشکایی هەردوو وڵات هێنا بەڵام سنووری ئاوی نێوانیان بەتایبەتیی کێشەی (خۆر عەبدوڵڵا) جارێکی تر بەهەڵپەسێرداوی ماوەوە لەنێوان هەردوو وڵات.
ئەم کێشەیە دڕێژەی هەبوو تا ڕێککەوتنامەی (خۆر عەبدوڵڵا) لەڕێککەوتی #25-10-2013# کە لە ڕۆژنامەی وەقائیعی ئێراقی بە ژمارە (4299) لە سەردەمی حکوومەتی (نووری مالیکی)سەرۆک وەزیران و (هادی عامری) وەزیری گواستنەوە و گەیاندن بوو ئەم ڕێککەوتنەیان لەگەڵ وڵاتی کوەیت واژووکرد بە مەبەستی ڕێکخستنی هاتوچۆ و گواستنەوەی ئاوی بە جۆرێک ئەم ڕێککەوتنە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بڕیاری ئەنجوومەنی ئاساییشی ژمارە (833) ساڵی 1993 نەبێت.
بەپێی ئەم ڕێککەوتنە هەردوو وڵات ڕێککەوتن لەسەر دابەشکردنی ناوچەی (خۆر عەبدوڵڵا)بۆ دوو بەش: بەشی باکوورەکەی درا بەئێراق و بەشی باشوورەکەی درا بەکوەیت، بەشەکەی ئێراق ڕووبەرەکەی تەسکە و زۆر فراوانیە بۆ هاتوچۆی کەشتییەکان، ئەوسا ئێراق دەستی کرد بەبنیادنانی بەندەری تر لە زوبێر.
=KTML_Bold=هەڵوێستی لایەنەکان لەسەر ئەم کێشەیە:=KTML_End=
· لایەنە ئێراقیەکان: لەسەر ئاستی ناوخۆی ئێراق ناڕەزاییەکانی شەقام لە لووتکە دایە لە هەمبەر ئەو بابەتە لەسەر ئاستی لایەنە سیاسییەکان ئێستا کە لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران نزیک دەبینەوە و دەبینین ناکۆکی لایەنەکان بەتایبەتیی لایەنە شیعەکان لەسەر ئەم کێشەیە بوونەتە دووبەرە کە بەرەی سەرۆک وەزیرانی ئێراق محەمەد شیاع سوودانی، حکوومەتەکەی مالیکی پێشوو تاوانبار دەکات لەسەر ئەم ڕێککەوتنەو بە جۆرێک (نووری مالیکی) سەرۆکی لیستی دەوڵەتی یاسا و (هادی عامری) سەرۆکی لیستی 'فەتح'ی #حەشدی شەعبی#یە کە دوو ڕکابەری سەرسەختی سوودانین ئەم دوانەش (مالیکی و عامری) کە لە 2013 سەرۆک وەزیران و وەزیری گواستنەوە بوونە بەئەندازیاری ئەم ڕێککەوتنە دادەنرێن.
· ڕۆڵی دادگای فیدراڵی ئێراقی لە دەستووری بوون و نادەستووری ئەم ڕێککەوتنەی خۆر عەبدوڵڵا کە لە ساڵی 2013 لەنێوان هەردوو وڵاتدا مۆرکرا بە جۆرێک لەڕێککەوتی #04-09-2023# ئەم دادگایە بڕیاری نادەستووری بوونی ئەم ڕێککەوتنەی دا، ئەمەش پاش سکاڵای هەریەک لەپەڕڵەمانتارانی ئێراق ڕائد مالیکی و سعوود عەلی الساعدی دێت لەسەر ماددەی (2) ڕێککەوتنەکە تانەیان گرت کەئەم ماددەیە دژی ماددەی (1) دەستووری ئێراقە کەباسی سەروەری خاکی ئێراق دەکات و ئەم ماددەیەش پێچەوانەی دەستوور بووە و هەروەها پێچەوانەی ماددەی (8) دەستووریشە، بۆیە بەپێی بڕیاری ئەم دادگایە ئەم ڕێککەوتنە پوچەڵە ئەمە لەلایەک، لەلایەکی ترەوە دادگاکە ئەوەشی ڕوونکردووەتەوە بەوەی کە ساڵی 2013 ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراقی لەکۆی 329 پەڕڵەمانتار تەنیا 200 ئەندام ئامادەی دانیشتنەکە بوونە و 120 دەنگی داوە بەڕێککەوتنەکە و 80ی تر یش دژی ڕێککەوتنەکە بوونە ئەمەش واتا زۆرینەی پەڕڵەمانی دەنگی نەداوە و سەرۆکی دادگاکەش نادەستووری بوونی ئەم ڕێککەوتنەکەی ڕاگەیاند.
· هەڵوێستی ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو هەموو وڵاتان هاتنە ناو کێشەکە ودڵنیاییان دووپاتکردەوە کە ئەم ناوچەیە بۆ کوەیت و دەبێت بەغدا ڕێز لە ڕێککەوتن و پەیمانامە نێودەوڵەتییەکان بگرێت و نابێت زیان بەبەرژەوەندییەکانی کوەیت بگەینێت.
· هەڵوێستی وڵاتانی جیهان لە سەرووی هەموویانەوە ئەمەریکا ڕایگەیاند کەپاڵپشتی هەڵوێستی وڵاتانی هاریکاری کەنداو دەکەن و هاوهەڵوێستن لە هەمبەر بڕیار و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان و داواشیان لە ئێراق کرد ڕێز لە سەروەری کوەیت بگرێت و پابەندی پەیماننامە و بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت بەتایبەتیی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاساییشی ژمارە (833) تایبەت بە وێنەی سنووری کوەیتی و ئێراقی، ئەو پاپشتییەی ئەمەریکا بۆ وڵاتانی کەنداو دەگەڕێتەوە کە هەموو وڵاتانی کەنداو لەگەڵ هاوپەیمانی ئەمەریکادان جگە لە ئێراق نەبێت کەدژی پلان و بەرنامە و پڕۆژەی ئەمەریکا و ئیسرائیلە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
· سەرهەڵدانی ئەو کێشەیە لەم کات و ساتەدا یەکێک لە هۆکارەکانی دەگەڕێتەوە بۆ هەردوو پڕۆژەی ئەمەریکا و ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی لە لایەک و ڕووسیا و چین و ئێران و هاوپەیمانەکانی لەلایەکی دیکەوە، کە هەردوو لایەن خاوەن پڕۆژەن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتیی لەم چەند ڕۆژە سەرۆک وەزیرانی ئێراق قۆناغی دووەمی پڕۆژەی ڕێگای پەرەپێدانی کە لە بەندەری فاو دەست پێ دەکات تا سنووری تورکیا و لەوێشەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا کە ئەم ڕێگایە دەبێتە بەیەکبەستنەوەی وڵاتانی ڕۆژهەڵات و باشووری ئاسیا بە ئەوروپا، لەملاوەشەوە ئەمەریکا و ئیسرائیل دژی ئەم پڕۆژەیە بەرنامە و پلانی خۆیان هەیە و بۆیە لەم کاتەدا پشتگیری کوەیتی هاوپەیمانی خۆیان دەکەن تاوەکوو پڕۆژەی ڕێگای ئاوریشم سەرکەوتوو نەبێت و بابەتی خۆر عەبدوڵڵا زیاتر زەق بکرێتەوە و تا کار بگاتە ئەوەی کردەی سەربازیش لەم ناوچەیە ڕووبدات.
لە کۆتاییدا هەموو ئاماژە نێودەوڵەتی و ڕای گشتی و وڵاتانی ناوچەکە ئەوەیە کە ناوچەی (خۆر عەبدوڵڵا) دەبێتە بەشێک لە وڵاتی کوەیت و ئەم کارەش بەگەورەترین لێدان هەژمار دەکرێت لەسەر بەرژەوەندی ئابووری و جوڵەی بازرگانی ئێراق بەوڵاتانی جیهانەوە. [1]