#کاوە ئەمین# گوڵچین
مێژووی کورد شایەتی لەسەر ڕۆڵی زۆر کەسایەتی گەورەی کورد دەدات کە تاوەکوو کۆتایی ژیانیان وەفاداربوون بۆ نەتەوەکەیان. دوو ژەنەراڵی کورد کە مێژووی کوردستان شایەتییان بۆ دەدات، ژەنەراڵ بارزانی و ژەنەراڵ ئیحسان نووری پاشان.
ژەنەراڵ #ئیحسان نووری پاشا# ڕابەرایەتیی شۆڕشی ئاراراتی کرد ( لەنێوان ساڵانی 1927 - 1930)، هەروەها ژەنەراڵ #مستەفا بارزانی# سەرکردایەتیی چەندین ڕاپەڕین و شۆڕشی کرد لەنێویاندا شۆڕشی ئەیلوول (1961 - 1975) کە درێژترین شۆڕشی کوردستان بوو. ئەوەی لێرەدا من دەمەوێت لەم کورتە نووسینەدا تیشکی بخەمە سەر، خەبات و بەرخۆدان و قارەمانێتی ئەو دوو ژەنەراڵەی کورد نییە کە هەموو ژیانی خۆیان پێشکەشی نەتەوەکەیان کرد، بەڵکوو دیدارێکی کورتی نێوان هەردوو ژەنەراڵە لە تاران. شایەتی زیندووی ئەو دیدارە یەکێک لە هەڤاڵانی ژەنەراڵ بارزانییە کە هێشتا لە ژیان دا ماوە، ئەویش کاک موحسین دزەییە.
چەند ساڵێک پێش ئێستا بە مەبەستی تۆمارکردنی بەرنامەیەکی مێژوویی (پەنجەمۆر) لە ماڵەکەی خۆی لە #هەولێر# سەردانی کاک موحسینمان کرد، لەبەر ئەوەی ئەو یەکێکە لەوانەی ئەزموون و یادەوەرییەکی زۆری لەگەڵ ژەنەراڵ بارزانی هەیە و لە نزیکیشەوە ژەنەراڵ ئیحسان نووری پاشای بینیوە.
ئەو کاتەی ئێمە بینیمان سەرەڕای هەڵکشانی تەمەنی، هێشتا وەکوو خۆی دەیوت: یادەوەرییەکانی خیانەتی لێ ناکەن، بەڕوونی خاڵی دەخستە سەر پیتەکان و ڕووداوەکانی بەوردی دەگێڕانەوە، کاتێک باسی ژەنەراڵ بارزانی دەکرد دەیوت، بڕواناکەم مێژووی کورد ژەنەراڵ بارزانییەکی دیکە بەخۆیەوە ببینێت، کەس ناتوانێت جێگەی خاڵیی ئەو پڕبکاتەوە، چونکە ئەو پیاوێک بوو بۆ نەتەوەکەی ژیا، بۆ ساتێکیش خۆی لە جووتیاران و هەژارانی نەتەوەکەی جیانەکردەوە، پشتی بە هەژارانی کورد قایم بوو.
یەکێک لەو بابەتە مێژووییانەی بە لای منەوە بایەخێکی مێژوویی جیاوازی هەبوو لەو گفتوگۆیەدا، دیداری نێوان ژەنەراڵ ئیحسان نووری پاشا و ژەنەراڵ بارزانی بوو لە تاران، بۆیە دەمویست بەوردی قسەی لەسەر بکەین، چونکە تاوەکوو دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول ئێرانییەکان ڕێگەیان نەدەدا بارزانی، سەردانی ئیحسان نووری پاشا بکات یان بە پێچەوانەوە. #موحسین دزەیی# دەیوت ئێرانییەکان هەرجارە و بیانوویەکیان دەهێنایەوە، جارێک دەیانوت نەخۆشە و توانای قسەکردنی نییە، جارێک دەیانوت سەفەری کردووە، کورت و کورمانجی ئێرانییەکان بە دیدارێکی بەوشێوەیە دڵخۆش نەبوون، بەڵام ساڵی 1975 کە بەناچاری ڕوومان لە ئێران کردبوو، ئێرانییەکان خۆیان پێشنیازیان بۆ سەرۆک بارزانی کرد، ئەگەر حەزدەکات دەتوانێت لە ماڵەکەی خۆی سەردانی ژەنەراڵ ئیحسان بکات، بارزانیش بەبێ بیرکردنەوە بە بەڵێ وەڵام دەداتەوە!
موحسین دزەیی دەڵێت: من و مام هەژار لە خزمەت بارزانیدا بووین کاتێک لە شووقە بچکۆڵانەکەی کە لە ژوورێکی نووستن و هۆڵێک پێکهاتبوو گەیشتینە خزمەت ئەو ژەنەراڵە پیرە. لەبەر ئەوەی سەردانەکە چاوەڕواننەکراوبوو، سەرەتا کە دەچنە ژوورەوە ئیحسان نووری پاشا بارزانی ناناسێتەوە، کە دەڵێن ئەوە بارزانییە، ژەنەراڵ ئیحسان بەرزەپێ هەڵدەستێتەوە و باوەشێک بە بارزانیدا دەکات و گریانێکی بە کوڵ دایدەگرێت. وەکوو کاک موحسین دەیوت دیدارەکە زیاتر کۆمەڵایەتی بوو، لەژێر چاودێری ئێرانییەکاندا بوو، بەڵام دیدارێکی مێژوویی بوو، دیداری دوو سەرکردەی سیاسی و سەربازیی کورد بوو کە دەیان جار سنوورە دەستکردەکانی کوردستانیان بەزاندبوو و شەڕی سوپای سێ وڵاتیان کردبوو، هەرچەندە بەخت یاوەریان نەبوو ئاڵای وڵاتەکەیان لەنێو ئاڵای نەتەوە سەربەخۆکانی دنیادا بە شەکاوەیی ببینن.
کاتێک لێم پرسی: ئایا ژەنەراڵ بارزانی لەو دیدارەدا وەکوو ژەنەراڵ ئیحسان نووری پاشا گریا؟ کاک موحسین وتی مەلا مستەفا پیاوێکی بەورە بوو لە هەموو ئەو ماوەیەی کە من لە گەڵیدا بووم تەنیا یەک جار بینیومە فرمێسک بە چاویدا بێتە خوارەوە ئەویش ئەو کاتە بوو کە شێخ بابۆی برای کۆچی دوایی کرد. ژەنەراڵ ئیحسان نووری پاشا بەشداری لە پرسەی شێخ بابۆشدا کرد.
ئێرانییەکان بەوە ناسراون کە دوژمنی خۆیان بە شەکر دەخنکێنن، ڕابردوو لەبیرناکەن، بەپێی لاپەڕەکانی مێژوو چەندین سەرکردەی کورد بە فرت و فێڵ لەلایەن ڕژێمی شای ئێرانەوە کوژراون، بۆیە گومان دەکرێت ئەو مۆتۆرسیکلەی لە 18 ئاداری ساڵی 1976 (#18-03-1976# )لە تاران خۆی بە ژەنەراڵ ئیحسان نووری پاشا دا کێشا دەستی ساواکی لە پشتەوە بووبێت.
کاک موحسین دزەیی دەڵێت: لەسەر ڕاسپاردەی ژەنەراڵ بارزانی لەگەڵ کاک #ئیدریس بارزانی# بەشداریمان لە بەخاکسپاردنی تەرمی ژەنەراڵ ئیحسان نووریدا کرد. ژمارەیەک لە کوردی دانیشتووی تاران کە زۆربەیان کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون لەو ماتەمینەدا بەشداربوون. [1]