ئامادەکردنی: #سۆران عەزیز#
31 ساڵ لەمەوبەر بە پێشوازییەکی بێ وێنەی خەڵکی کوردستان، تەرمی سەرۆک #مستەفا بارزانی# و
ئیدریس بارزانیئیدریس بارزانی لە #شنۆ#ی #ڕۆژهەڵاتی کوردستان#ەوە گەڕێنرانەوە بۆ بارزان.
لە #06-10-1993# تەرمی سەرۆک مستەفا بارزانی و ئیدریس بارزانی کە لە شاری #شنۆ#ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نێژرا بوون، هێنرانەوە بۆ کوردستان و لە دەڤەری #بارزان# بە خاک سپێردران.
لە لاپەڕە 265 تا لاپەڕە 270ی بەرگی چوارەمی بیرەوەرییەکانیدا، #حەمەی حاجی مەحمود#، باسی ڕۆژی هێنانەوەی تەرمی سەرۆک مستەفا و ئیدریس بارزانی دەکات و دەڵێت: ئەو ڕۆژەی تەرمەکانیان لە #باشماخ#ەوە هێنایەوە #باشووری کوردستان#، لە سنوورەوە خەڵک پێشوازیی لێ کردن تا ناو #سلێمانی#، لەناو سلێمانیش هەموو خەڵکی شارەکە هاتن بەدەم تەرمەکانەوە و سەری ڕێز و نەوازشیان بۆ دانەواندن و چەپکە گوڵی وەفایان خستە سەر تابووتەکەیان.
سکرتێری پارتی سۆسیالیست ئەوەش دەڵێت: ئەو شەوەی لە سلێمانی تەرمەکانیان هێشتەوە، لە #مزگەوتی گەورەی سلێمانی# بوون و لە تەنیشت مەرقەدی #کاک ئەحمەدی شێخ#ەوە دانرابوون، #مام جەلال# بەدیار تەرمی مەلا مستەفا و ئیدریس بارزانییەوە هەتا بەیانی مایەوە.
محەمەدی حاجی مەحمود ئاماژەی بەوەش داوە، لە ڕۆژی #07-10-1993#دا کاتێک تەرمەکانیان برانە #پەڕڵەمانی کوردستان#، لەوێش مام جەلال زۆر وەسفی مەلا مستەفا و ئیدریس بارزانی کرد.
مستەفا بارزانی لە ساڵی 1958 وەک ڕابەری نەتەوەیەکی ستەملێکرا و دانپێدانراو لەسەر ئاستی دنیا بڕیاری دا بگەڕێتەوە بۆ ئێراق، ئەم بڕیارەش دوای ئەوە هات کە کودەتاکەی عەبدولکەریم قاسم مانای شۆڕشی وەرگرت و دەستووری کاتیی ئێراق نووسرایەوە کە تێیدا هاتووە: ئێراق نیشتمانی هاوبەشی کورد و عەرەبە، ئەم بڕگەیەی دەستووری ساڵی 1958ی ئێراق، تەواو مانای ناوەرۆکی ئەو نامەیەی مستەفا بارزانییە کە لە ساڵی 1943 بۆ گەورە سیاسەتمەداری عەرەبی ئەو سەردەمە عەبدولڕەحمان عەزام پاشای نووسیوە کە پاشان بووە سەرۆکی کۆماری عەرەبی، تێیدا دووپاتی لەسەر ئەوە کردووەتەوە شۆڕشی کوردستان دژی نەتەوەی عەرەب نییە و دژی ئەو ڕژێمانەیە کە هەر دوو نەتەوە پێکەوە دەچەوسێننەوە، ئەمەش نهێنیی ئەو دەسەڵاتە سۆفی و مەعریفییەیە کە کاریزمای مستەفا بارزانی لە فەلسەفەی کوردایەتیدا دایڕشتووە، هەر ئەم دەسەڵاتە مەعریفییەش کاریزمای مستەفا بارزانی لای عەرەبی ئێراق درووستکردووە، کاتێک لە قاهیرەوە و دوای دیداری لەگەڵ جەمال عەبدولناسر کە ئەو کات تەنیا سەرۆک کۆماری میسر نەبوو، بەڵکوو خۆی بە ڕابەری هەموو نەتەوەی عەرەب دەزانی، گەڕایەوە بۆ ئێراق، پێش گەیشتنی بۆ فڕۆکەخانەی موسەنا، لە #بەغدا# ئاپۆرای جەماوەرێکی گەورەی کورد و عەرەب و تەواوی نەتەوەکانی تر بۆ پێشوازیی ڕاوەستابوون.
پێشوازی و ئاپۆرای جەماوەی کورد و عەرەب و تەواوی ئایین و نەتەوەکانی تر بۆ مستەفا بارزانی لە فڕۆکەخانەی بەغدا، ڕووداوێک بوو پێشتر بۆ هیچ ڕابەرێکی کوردستانی و ئێراقی لەو ئاستەدا و بەو شێوە خۆڕسکە نەکرابوو، لەسەر ئاستی کوردستانیش پێش ئەوەی مستەفا بارزانی سەردانی سلێمانی و شارەکانی تری کوردستان بکات، لە هەموو ماڵێکی کوردپەروەر و نیشتمانپەروەر، وێنەی مستەفا بارزانی وەک ڕابەر و سیمبولی کوردایەتی هەڵواسرابوو، هەموو خەڵکی کوردستان و تەواوی سەرۆک هۆزەکانی کوردستان لە پێشوازیی ڕابەری کوردایەتیدا بوون.
دواتر بەهۆی ئەقڵییەتی شۆڤێنیی قەومی عەرەبی و ئایدیۆلۆجیای شۆڤێنیی بەعسییەکان، بوونە هۆکاری ئەوەی لە جێبەجێکردنی دەستووری 1958 حکوومەتی ئێراق پەشیمان ببێتەوە و سەرەنجامیش گەلی کوردستان لە ساڵی 1961 ڕاپەڕی و شۆڕشی مەزنی ئەیلوول هەڵگیرسا، دوای هەڵگیرسانی شۆڕشیش مستەفا بارزانی بە جۆرێک ڕێبەرایەتیی ئەو شۆڕشەی کرد کە #حزبی بەعس#ی لە ساڵی 1970 بەشێوەیەک ناچار کرد، مل بدات و بۆ یەکەمین جار ڕێککەوتنی مێژوویی #11-05-1970# لە چوارچێوەی دانپێدانان بە مافی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان واژۆ بکات.
ئەم ڕێککەوتنە بۆ مافی ئۆتۆنۆمی بۆ خەڵکی کوردستان، یەکەمین دیکۆمێنتی مێژووییە کە حکوومەتەکانی ئێراق وەک دیکۆمێنتێکی یاسایی، ددانیان بە مافەکانی گەلی کوردستاندا نا، بناغەیەکیش بوو بۆ ئەوەی ببێتە چوارچێوەیەک هیچ لایەنیکی سیاسی نەتوانێت سازش لەسەر مافەکانی گەلی کوردستان بکات.
[1]