ئازەربایجان: ناوی ھەرێمێکی جوگرافی و مێژووییە دەکەوێتە باکووری ڕۆژاوای ئێران، پێکدێت لە چەند پارێزگایەک:
پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژھەڵات، پارێزگای #ئازەربایجانی ڕۆژاوا# و پارێزگای ئەردەوێڵ. جوگرافیناسانی کۆن بەگشتی پارێزگای زەنگانیان لە «ھەرێمی جەبەل» داناوە یان ھەندێک جار لە سنووری «ئازەربایجان» ڕیز کراوە.
لەسەر بنەمای پەسنی مێژوونووسان و جوگرافیناسان، ئەم ھەرێمە دەکەوێتە ئەم سنوورەوە لە باکوورەوە #ڕووباری ئاراس#، کۆماری ئازەربایجان و ئەرمەنستان، لە باشوورەوە پارێزگای #کوردستان# و پارێزگای زەنگان، لە ڕۆژھەڵاتەوە پارێزگای گێڵان و دەریای قەزوین، لە ڕۆژاواوە #باکووری کوردستان# و #باشووری کوردستان#. لە ئێستادا سێ پارێزگا دەگرێتەوە ئەمانەن پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژھەڵات، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا و پارێزگای ئەردەوێڵ. جوگرافیناسانی کۆن بەگشتی پارێزگای زەنگانیان لە «ھەرێمی جەبەل» داناوە یان ھەندێک جار لە سنووری «ئازەربایجان» ڕیزکراوە.
لە ڕابردوودا «ئازەربایجان» لە باکوورەوە بە خاکی (ئاران) و باشووری ڕۆژاوا بە (ئاشوور)، لە ڕۆژاواوە بە (ئەرمینیا)، لە ڕۆژھەڵاتەوە بە (موغان و گەیلان) سنوور درابوو، و پایتەختەکەی شاری «گەنزەک» (#تەختی سلێمان#) لە نزیک تیکاب بوو.
وشەی ئازەربایجان لە وشەی ئاترۆپات هاتووە یان ساتراپ فەرمانداری مادەکان یان لە سەردەمی هێرشی ئەسکەندەری مەزن بۆ سەر ڕۆژھەڵاتی ناوین، پێی وتراوە مادی بچوک.
ئاترۆپات ناوچەکانی باکووری ڕۆژاوای ئێرانی لە داگیرکاری ئەسکەندەری مەزن پاراست و دوای مردنیشی حکومەتێکی سەربەخۆی لێ دامەزرا. واتای ناوی ئاترۆپات لە ئایینی زەردەشتیدا ڕەگی هەیە و بە واتای ئاگر یان پاسەوانی ئاگر.
وشەی ئازەربایجان لە زمانی پاڵەوی کۆندا (Āturpātākān ئەتورپاتاکان) و لە شێوەی کۆنیدا (Ādharbādhgān ئازەربازەگان) و (Ādharbāygan ئازەربایەگان) وتراوە و ئەمڕۆ بە ئازەربایجان دەردەبڕێت. لە ڕاستیدا ئازەر هەموارکراوی وشەی ئاسەرە واتا ئاگر و بایجان هەموارکراوی پاتگانە واتا پاسەوان بە سەر یەکەوە واتا شوێنی پاسەوانی ئاگر.
بەشێک لە هەرێمی باکووری ڕووباری ئاراس کە ئەمڕۆ پێی دەوترێت ئازەربایجان (کۆماری ئازەربایجان) لە کۆندا بە (ئەلبانیا و ئاران و شیروان) ناودەبرا. لە (پەیماننامەی تورکمانچای و گوڵستان)دا بەشی باکووری ڕووباری ئاراس بە ئازەربایجان ناوی نایەت. تەنیا لە سەدەی بیستەمدا ناوی ئازەربایجان و ئازەربایجانی وەکوو ئیتنیک و نەتەوە کەوتە ناوانەوە.
لە ساڵی 1918دا ناوی ئازەربایجان لە کاتی کۆنگرەی پارتی یەکسانی خوازدا جێگەی ناوی ڕەسەن و مێژوویی (قەفقاز و ئاران و ئەلبانیا و شیروانی) گرتەوە. ئەم ناونانە بە ئامانجی جیاکردنەوە و لەتکردنی هەرێمی ئازەربایجان بوو لە یەکتر. حکومەتێک لە قەوقاز دامەزرا بەناوی کۆماری ئازەربایجان کە مەبەست لەم وڵاتە و بەو ناوەوە بۆ ئەوە بوو کەوا هەرێمی ئازەربایجان بلکێندرێت بەم وڵاتەوە و فراوان بکرێت. لە هەمان کاتدا دژایەتی دژی ناونانی ئازەربایجان هەبوو، لەو ڕووەوە تەنانەت مارکوارتی ئەڵمانی ناڕەزاییان لەسەر ئەو ناونانە هەبوو کە لە ڕۆژنامەی ئێرانشاردا بڵاوکرایەوە.
(محەمەد خیابانی) بە شێوەیەکی کاتی ئازادیستانی لە بەرانبەر ئازەربایجانی ئێران ناوبرد بۆ جیاکردنەوەی لە ئازەربایجانی سۆڤییەت.
=KTML_Bold=سنوور:=KTML_End=
سترابۆ جوگرافیناسێکی یۆنانییە لە پەڕاوی یازدەهەمی جوگرافیای خۆیدا باس لە ئەلبانیا (ئاران و شێروان)، ئاترۆپاتکان و ئەرمەنستان دەکات و دەڵێت ڕووباری ئاراس لە باشوور و ئەرمەنستان لە باکوور و سنووری ئاترۆپاتکان دەبەزێنێت. لە مێژووی پلینیدا باسی ئاترۆپاتکان بۆ ڕووباری ئاراس دەکرێت و ڕووباری ئاراس بە ئاترۆپاتکان و ئەرمەنستانی گەورەدا تێدەپەڕێت. لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتیی ساسانیدا، ئازەربایجان هەر بەناوە کۆنەکەی ئاترۆپاتکان ناو دەبرا. لە پەرتووکی شاپووردا ئەم هەرێمە بە یەکێک لە پارێزگاکانی ئێرانشار دادەنرێت لەپاڵ ئەرمەنستان، ئیبریا (گورجستانی ئەمڕۆ)، ئەلبانیا (ئاران و شێروان) و بالاشکان.
ئیبن فەقییەی هەمەدانی لە پەرتووکی (بولدان)دا لە سەدەی نۆیەمی کۆچیدا، سنووری ئازەربایجانی ئاوها باس کردووە؛ «ئازەربایجان لەلایەکەوە ڕووباری ئاراس و لەلایەکی ترەوە سنووری زەنگان و سنوورەکانی دیلمانستان و تاڕم و گەیلان دەگرێتەوە». هەروەها ئیبن ڕووستە لە پەرتووکی (العلاقة النفسیة) ئەمەی نووسیوە لە هەمان سەدەدا دەربارەی ئازەربایجان بەم شێوەیە؛ «ئەردەوێڵ، مەرەند، باخروان، ورسان و مەراغە» دەگرێتەوە. ئیستەخەری جوگرافیناسی سەدەی سێیەمی کۆچی لە پەرتووکی (المسالک و الممالک)دا لەژێر ناونیشانی «ئەرمینیا و ئاران و ئازەربایجان» شارەکانی ئازەربایجانی ناو هێناوە بەم شێوەیە؛ «ئەردەوێڵ، مەراغە، #ورمێ#، میانە، خونە، بڕوانان، دیرخقان، سەڵماس، مەرەند، بزند، ورسان، موقان، جابڕوان و #شنۆ#» بە بۆچوونی ئەو سنووری ئازەربایجان لە تاڕمەوە تا زەنگان و #دینەوەر# و حلوان و شارەزوور و دیجلە و سنووری ئەرمەنستان دەڕوات.
ئیبن حەقول لە پەرتووکی (صورة الارض)دا لە سەدەی چوارەمی کۆچیدا، شارەکانی «مەراغە، تەورێز]، ورمێ، خۆی، سەڵماس، برکری، ئەردەوێڵ، داخرقان، شنۆ، میانج، مەرەند و برزند» بە شارە گرنگەکانی ئازەربایجانی هێناوە. لە پەرتووکی (حدود العالم)دا کە لە هەمان سەدەدا نووسراوە بە جیا ئاماژە بە هەرێمەکانی ئاران، ئەرمەنستان و ئازەربایجان دەکات. محەمەد موقەدەسی جوگرافی ناسی سەدەی چوارەمی کۆچی، لە کاتێکدا جیاوازی هەیە لەنێوان ئاران، ئەرمەنستان و ئازەربایجان، کەچی «سەڵماس، ورمێ، مەراغە و خۆی» بە ئەرمەنستان داناوە، هەروەها «ڕووسبە، تەورێز، جابڕوان، خونج، میانج، سەرات، بەروی، ورسان، موقان، میمز و برزندی» بە ئازەربایجان داناوە.
زەکەریا قەزوینی لە سەدەی حەوتەمی کۆچیدا و لە پەرتووکی (آسار البلاد و اخبار العباد)دا ئازەربایجانی بە زەوییەکی فراوان لەنێوان ئاران و چیاکان دەزانێت و دەڵێت لەو خاکەدا چەندین گوند، شار، چیا و ڕووبار هەیە. حەمدوڵڵا موستەوفی نزیک لە هەمان سەدەدا خاکی ئازەربایجانی لە سەردەمی ئیلیخانەکاندا وەها پەسن کردووە؛ «ئازەربایجان لە نۆ ناوچە و (27)شار پێکهاتووە و ناوچەکانی ساردە و هەندێک شوێنی ئارامی هەیە. سنووری بە (ویلایەتی ئێراقی عەجەم، موغان، گورجستان، ئەرمەنستان و کوردستانەوەیە. درێژی لە باکووەوە تا خڵخاڵ (95)فەرسەخە، پانی لە بجروان تا سیپان (55)فەرسەخە». یەکەم ناوچەی تەورێز پێکهاتووە لە: (تەورێز، ئوجان و تەسوج)، دووەم ناوچە ئەردەوێڵ پێکهاتووە لە: (ئەردەوێڵ و خڵخاڵ)، سێیەم ناوچە پیشگین پێکهاتووە لە: (پیشگین، خیاواوناد، ئەرجاق، ئەهور، تکفە و کەلئیر)، چوارەم ناوچە خۆی پێکهاتووە لە: (خۆی، سەڵماس، ورمێ و شنۆ)، پێنجەم ناوچە مەراغە پێکهاتووە لە: (مەراغە، دهخوارقان و نیلان)، حەوتەم ناوچە مەرەند پێکهاتووە لە: (مەرەند، دزامار، زنگیان، ڕیوز و گرکر)، هەشتەم ناوچە نەخچوان پێکهاتووە لە: (نەخچوان، ئەردوباد، ئازاد و ماکۆ). لە پەرتووکی (البستان السیاحة)دا هیی نووسەر (زین العابدین شێروانی)دا سنووری ئازەربایجانی بەم شێوەیە باس کردووە«سنووری باکووری بە ویلایەتی موغان، شێروان و جبال ابرز، لە باشوورەوە ئێراقی عەجەم و کوردستان، لە ڕۆژهەڵاتەوە بە خڵخاڵ، گەیلان، تاڵش و دەیلەم، لە ڕۆژاواوە بە ئەرمەنستان و گورجستان».
لە پەرتووکی (یاقووت حەمەوی)دا لە سەدەی حەوتەمی کۆچیدا سنووری ئازەربایجانی ئاوها دیاریکردووە، لە (ڕۆژهەڵاتەوە بردعە، لە ڕۆژاواوە زەنگان، لە باکوورەوە دەیلەم، گەیلان وتاڕم). و هەرێمی ئازەربایجان خاکێکی فراوانی هەیە و تەورێز مەڵبەندێتی و گەورەترین شارییەتی، شارە گرنگەکانی دیکەی ئەمانەن؛ (مەراغە، خۆی، سەڵماس، ورمێ، ئەردەوێڵ و مەرەندە). محەمەد جەواد موشکۆر پێیوایە کە یاقووت حەمەوی لە دیاریکردنی سنووری ئازەربایجان هەڵەی کردووە و ئەم ڕاستی کردووەتەوە.
زەنگان هەندێک جار بە ئازەربایجان دادەنرێت، حسێن عەلیاری لە بارەی ئازەربایجانەوە لەسەر بنەمای نووسینەکانی جوگرافیزانان و گەڕیدانی ئیسلامی دەنووسێت؛ ئازەربایجان ئەم ڕووبەرە دەگرێتەوە: (تەورێز، ئەردەوێڵ، مەراغە، خنج، ورسان، سیر، میانج، برزە، ورمێ، جابڕوان، خۆی، مەرەند، گولسرە، برزند، سەڵماس، شیز، سڵق، نریز، سندبابا، سابرخاست، سراو، ماینمرج، بز، میمند، نیروزنجان).
=KTML_Bold=ئێران:=KTML_End=
سنووری ئازەربایجان لە ڕووی مێژووییەوە لە ڕوانگەی جوگرافیناسان و گەڕیدەکانەوە جیاواز بووە. نەخشەکانی پێش سەددەی بیست، لە باشووری ڕووباری ئاراسەوە کێشراون. بە وتەی سیویچسکی لە سەرچاوە نووسراوەکاندا بە دەگمەن (ئاران) بە (ئازەربایجان) دادەنرێت. هەندێک سەرچاوەش (ئاران)یان بە ئەرمەنستان هەژمارکردووە. بە وتەی کۆمەڵێک زانا، ناوی ئازەربایجان ئاماژە بە حکومی دەوڵەتی کۆماری ئازەربایجان دەکات، کە ئەمە کارێکی سیاسییە و ناگونجێت و دوو ناوی جیاواز و دوو جوگرافیای مێژووی جیاوازن نابێت ئەم دوو ناوە تێکەڵ بکرێن.
بە وتەی بورنوتیان لە سەردەمی سەفەوییەکان بۆ باج سەندن، چەند زەوییەک لە باکووری ڕووباری ئاراس بە بەشێک لە ئازەربایجان دادەنرا. بەڵام ئەم نەریتە لە سەدەی (18 و 19)دا دیار نەما بۆ مێژوونووسانی موسڵمانی قەوقاز وەک میرزا جەمال جەوانشیر و ئەدیگۆزلبەک و مێژوونووسانی دیکەی هەرێمەکە، دەیان وت ئازەربایجان دەکەوێتە باشووری ڕووباری ئاراسەوە. هەروەها بە پێی قسەی مایکڵ کرۆسانت، هەرێمەکانی (ئاران و شێروان) بەشێکن لە ئەرمەنستان.
ئەحمەد کسرەوی پێی وایە؛ لە سەدەکانی سەرەتای ئیسلامدا تازییەکان لە هەموو شوێنێکی ئێراندا مەیدانی فەرمانڕەواییان گرتبووە دەست، (ئاران) زیاتر ملکەچی (ئازەربایجان) بوو، ئەوەی وەک پارێزگار نێردرابوو بۆ شام یان بەغدا لە ئازەربایجان دادەنیشت. هەندێک جار ئەرمەنستانیش لەژێر دەستی فەرمانڕەوایانی ئازەربایجان بوو.... .
دوای کۆچکردنی سەلجوقییەکان بۆ (ئازەربایجان و ئاران)، بوویە هۆی لە دەستدانی زمانە ڕەسەنەکان، فراوان بوونی زمانی تورکی و بە دوایدا بڵاو بوونەوەی ئایینی شیعە لە دوو قۆڵی ڕووباری ئاراس و لە هەر دوو هەرێمەکەدا زیاتر خەڵکی ئەم هەرێمانە پەیوەست بوون پێوەی و ناوی (ئاران) کاریگەریی لەسەر ناوی (ئازەربایجان) هەبوو کە زیاتر بە ناوبانگ بوو. ڤاسیلی بارتڵت پێی وایە لەم کاتەدا، ئاران بەبێ نێوەندگیری چووە پاڵ ئازەربایجان.
بە وتەی چەند لێکۆڵەرێک لە ڕاستیدا لە سەدەکانی ڕابردوو و نەخشەکانی پێش ساڵی 1918دا، هەرگیز ئەو بەشەی ئێستا پێی دەوترێت کۆماری ئازەربایجان، ناوی ئازەربایجان نییە و بەشی باشووری ڕووباری ئاراس کە ئێستا دەکەوێتە ئێرانەوە بە ئازەربایجان ناو دەبراو بەشی باکووری ڕۆژاوای ڕووباری ئاراس بە ئەلبانیا و بە شەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئاراس بە شێروان ناودەبران و لە سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەتدا ئەم هەرێمانە ناونران (کۆماری ئازەربایجانی سۆڤییەت).
لە جوگرافیای سەردەمی ئیسلامیدا، زۆربەی کات (ئاران و شێروان) دوو هەرێمی جیابوون و هەرێمی شێروان لە خەلافەتی عەباسییەوە تاوەکوو سەردەمی سەفەوییەکان لەلایەن فەرمانڕەواکانی هەرێمەکەوە بەڕێوە دەبران بەناوی (شێروان شاکان)ەوە. بەوتەی ڤلادیمیر مینۆرسکی، کۆماری ئازەربایجان لە مێژوودا بە ئەلبانیای قەوقاز ناونراوە و لە سەردەمی ئیسلامدا پێیان دەوترا ئاران.
ئیبن حەقول وێنەیەکی جیا لە سێ هەرێمی ئەرمەنستان، ئازەربایجان و ئاران پێشکەش دەکات، ڕووباری ئاراس بە سنووری نێوان (ئازەربایجان و ئاران) دادەنێت، شارەکانی (بارزا، جانزە، شەمکۆر، شەمخێ، شێروان، شابران، قیلبێ و شکی) خاکی ئاران دادەنێت، شارەکانی (ئەردەوێڵ، دەخرەقان، تەورێز، سەڵماس، خۆی، بێرکێری، ورمێ، مەراغە، ئاشنا، مینج، مەرەند، بۆرزاند) بە ئازەربایجان دادەنێت.
=KTML_Bold=قەوقاز:=KTML_End=
بە وتەی ڤاسیلی بارتڵت، ئازەربایجان بە ناوی هەرێمەکانی قەوقازەوە ناونراوە، کەوا باوەڕ دەکرا کۆمارێکی نوێ بە ناوی ئازەربایجان دامەزرابێت. ئەو دەڵێت؛ «ناوی ئازەربایجان بۆ کۆماری ئازەربایجان هەڵبژێردرا لەبەر ئەوەی باوەڕی وابوو لەگەڵ دامەزراندنی کۆماری ئازەربایجان، هەرێمی ئازەربایجان و کۆماری ئازەربایجان یەکن ناوی ئازەربایجان لەو بارەیەوە هەڵبژێردرا.
هەر کاتێک پێویست بکات ناوێک هەڵبژێرێت کە بتوانێت تەواوی کۆماری ئازەربایجان بگرێتەوە و بگونجێت لەگەڵ مێژوو و جوگرافیایدا ئەوا پێویستە لەو حاڵەتەدا ناوی ئاران دابنرێت».
لە هەمان کاتدا دژایەتی لەو ناونانە هەبوو لە ئێراندا، وەک تاک، میدیا، محەمەد خیابانی، ڕۆژنامەی جەنگەڵ و ڕۆشنبیرانی هەرێمی ئازەربایجان، کاردانەوەی نەرێنیان هەبوو بەرانبەر ناونانەکە. ڤلادیمیر مینۆرسکی دەڵێت؛ ناوی حکومەتی یەکسانی خوازی کۆماری ئازەربایجان لە سەردەمی (نووری پاشا)دا ڕوویدا.
لەو بارەیەوە جۆزێف مارکوارت وتارێکی نووسی لە ڕۆژنامەی (ئێرانشار)دا بڵاوکرایەوە؛ «لە لاپەڕەکانی مێژوودا ئەوەندە نەگۆڕنییە کە (ئازەربادگان یان ئازەربایجان)، کە لەلایەن عەرەبەکانی ئازەربایجانەوە نووسراوە، لە هەموو سەردەمەکانی مێژوودا ئازەربایجان تاوەکوو ڕووباری ئاراس بووە و لە سەرەتادا بەشێک بووە لە دەوڵەتی مادەکان. ئەم هەرێمەی دەوڵەتی مادەکان لە سەردەمی داگیرکاری ئەسکەندەری مەزندا لەژێر ئیدارەی (ساتراپ) حاکمی ئەو سەردەمەی کە بە ئاتۆرپات (ئازەرباد) ناودەبرا. لەگەڵ ئەوەشدا یەکێک لە جێگرەکانی ئاتورپات، لە باکوور و باکووری ڕۆژاوایەوە حوکمی خۆی بۆ چیاکانی قەوقاز و گورجستان فراوان کرد، ئەم فراوان بوونە کاتی بوو، لەگەڵ دامەزراندنی ئەرمەنستان لەلایەن ئارتەکسی ئەو هەرێمانە گەڕێنرایەوە بۆ ئەرمەنستان. بەڵام ئەو وڵاتەی کە لە باکووری ڕووباری ئاراس بوون ئەمڕۆ زۆرینەی تاتارن، لە سەردەمانی کۆندا بە ئەلبانیا ناو دەبرا، کە بە زمانی پاڵەوی و سریانی (ئاران)یان پێدەوت و لە پەرتووکی مێژوونووسانی عەرەبدا بە (الران) هاتووە». ئەم لێکدانەوەیە لە مێژووی ژیانی شا ئیسماعیلی یەکەم و شەرەفخانی بەدلیسیدا ڕوویداوە. حکومەتی ڕووسیا بە خراپی ئەم لێکدانەوەیەی مێژووی (ئاران)ی بەکارهێناوە، هەر دوو هەرێمی (ئازەربایجان و ئاران)، کە یەکەمیان دەکەوێتە باشووری ڕووباری ئاراس و دووەمیان دەکەوێتە باکووری، جگەلە گۆشەی ڕۆژهەڵات، (شێروان)ی ئەمڕۆ لە پەیوەندییە ڕەگەزییەکاندا بە شێوەیەکی بنەڕەتی و تەواو جیاوازە، تا سەردەمی مەغۆلەکان لەگەڵ (ئاران) هەریەکەیان مێژووی جیای خۆیان هەبوو، بۆیە پێویستە هەریەکەیان لێکۆڵینەوەی و پشکنینی خۆی لەسەر بکرێت.
ئەحمەد کەسرەوی لە (شاریارانی گومنام) دەنووسێت «جێگەی سەر سووڕمانە کە ئێستا ئاران بە ئازەربایجان ناودەبرێت، لە کاتێکدا (ئازەربایجان یان ئازەربایگان) ناوی خاکێکی ترە، لەبارەی ئاران گەورەتر و ناسراوترە لەوەی هەیە و ئەو دوو خاکە هەمیشە جیابوون و هەرگیز ناوی ئازەربایجان لەسەر ئاران نەنراوە. ئێمە هێشتا لەوە نەگەیشتووین کەبرا ئارانییەکانمان کە حکومەتێکی ئازادیان بۆ خاکەکەیان دامەزراندوە و ویستوویانە ناوی بۆ درووست بکەن. ئەمە لەبەر ئەوە نییە کە ئێمە سەر هەڵدانەکانی ئازەربایجان و ستەم و ستەمی نیشتمانەکەمان دەهێڵینەوە، ئاخۆ ئازەربایجان بەم کارە زیانی پێنەگات، بەڵکوو لەبەر ئەوەی برایانی ئارانی ئێمە لە سەرەتای ژیانی نەتەوەیی و ئازادیاندا پشت لە مێژوو ڕابردووی خاکەکەیان هەڵدەکەن و ئەمەش خەسارێکی گەورەیە و دواتر لە مێژووی خۆیان بێبەش دەبن».
هەروەها محەمەد جەواد موشکۆر لەم بارەیەوە نووسیوێتی؛ «ویلایەتی ئاران کە لە سەردەمی ئیسلامیدا بەو ناوە دەناسرا، لە سەردەمانی تورکەکانی قەرەقۆینلۆ و ئاق قۆینلۆوە تا جەنگی جیهانی یەکەم هەروا وتراوە. دوای شکست هێنانی (ڕووسیای تزار)، خەڵکی ئەو هەرێمە داوای سەربەخۆییان دەکرد، لە ئەیلولی 1918دا حکومەتێک بەناوی کۆماری ئازەربایجان لەژێر کاریگەریی دەوڵەتی عوسمانی دامەزرا. ناونانی ئەم هەرێمە بۆلاوازی دەوڵەتی قاجاڕەکان دەگەڕایەوە. خەڵکی هەرێمی ئازەربایجانی ئێرانی وەک خەڵکی قەرەباغ بە شێوەزاری تورکی قسەیان دەکرد و دەوڵەتی عوسمانی دەیوویست دەوڵەتی ئازەربایجان هەر دوو قۆڵی ڕووباری ئاراس بگرێتەوە، بەڵام بە شکستی دەوڵەتی عوسمانی ئەو دەوڵەتەش شکستی هێنا.
=KTML_Bold=ژمارەی دانیشتووان ساڵی (2016)=KTML_End=
=KTML_Bold=• سەرجەم:=KTML_End=
8٬445٬291
=KTML_Bold=• زمان=KTML_End=
ئازەری و کوردی
کەمینە: (تاتی، تاڵشی، ئەرمەنی و ئاشووری)
=KTML_Bold=• ئایین:=KTML_End=
شیعە و سوننە
کەمینە: یارسان و مەسیحی
=KTML_Bold=• نەتەوە:=KTML_End=
کورد، ئازەربایجانی، فارس، ئەرمەنییەکان، ئاشوورییەکان، تاڵشەکان و تاتەکان. [1]