(فەیک) چاوی کوێرکردین سا لەڕێی پێغەمبەرا چارێ
#ئازاد جوندیانی#
بە بۆنەی ڕۆژی رۆژنامەگەری کوردییەوە، پیرۆزبایی لەهاوپیشەکانم ئەکەم، هەرچەندە لەڕاستیدا نازانم ئێستا، کە هەموو پۆستنووس و کۆمێنتنووس و جنێونووسێکیش هەر بە ڕۆژنامەنووس هەژمارئەکرێن ((ژمارەمان)) چەندە؟
ڕۆژنامەگەری کوردی هەر لە دەرچوونی (کوردستان)ەوە تا ئەگاتە ئەمڕۆ سەدان و بگرە هەزاران شانازی بۆ پیشەکارانی میدیا و بۆ بزووتنەوەی کوردایەتیش تۆمارکردووە، کە بێگومان له و پێناوەشدا، پێناوەکانی ئه و شێوەیە لە تێکۆشان قوربانی زۆریشیان داوە.
دەرچوواندنی یاسای ڕۆژنامەگەریش، بە هەموو کێشمە کێشەکانیەوە، دەستکەوتێک بوو بۆ بواری میدیا و هەموو ئەوانەی کاری تێدا ئەکەن، هاوکات و بگرە پتریش لەوە، دەستکەوتێکی جێ ئاماژەپێدان و بەرزنرخاندنی پەرلەمان و دەسەڵاتی کوردستانیشە. ئێستاش لە یادی ساڵانەی ڕۆژنامەگەری کوردیدا هەم پەرلەمان و هەم سەرۆکایەتی هەرێم و هەم حکومەت و هەم هەموو حزبەکانی کوردستانیش، لەگەڵ ڕۆژنامەنووساندا، ئه و یادە بەرزڕائەگرن و بەردەوامیش دووپاتی ئەکەنەوە، کە ئەبێ ئازادی ڕۆژنامەگەری ڕێزلێگیراو بێت و نابێ میدیاکارانیش لەسەر کاری میدیایی لە دەرەوەی یاسادا لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێ. ئەمە یاسا و بڕیارێکی بەهادارە و ئەگەر هەردەستدرێژیێکی نایاساییش کرایە سەر ڕۆژنامەنووس و میدیاکان، ئەبێ خودی یاسا و دەسەڵاتی یاسایی بەرگری لێبکا، بەواتایەکی تر ئازادی میدیایی پارێزراو و ڕێز لێگیراوە، ئه و سکاڵا یاساییانەش کە تاک و تەرا لە میدیاکاران ئەکرێن، چونکە پەنابردنە بۆ بەر یاسا، هەر کاردانەوەیەکی یاسامەندە، بەڵام بەداخەوە هەرکاتێک کەسێک، یان بەرپرسێک، یان دامەزراوەیەک، یان کەسایەتیەکی سیاسی و حزبی لەسەر ناوزڕاندنی، یان لەسەر درۆ بۆهەڵبەستنێ سکاڵا تۆمار ئەکا، یاخۆ داواکاری گشتی لەسەر کەیسێک کە بەرژەوەندی گشتی ئەگرێتەوە ڕێکاری یاسایی ئەگرێتەبەر و دامەزراوەی دادوەریش ڕێوشوێنە یاساییەکان ئەگرێتەبەر، کە ئەمەش هەر یاساسەروەرییە، بەڵام بەداخەوە هەرهێندە هەواڵی سکاڵاکردن لەسەر ڕۆژنامەنووسێک یان فەریکە پۆستنووسێک بڵاوبووەوە ئیتر دونیا دێتەوە یەک و جۆرەها کەمپین بەڕێئەخرێن و جۆرەها تۆمەت ئەخرێنە پاڵ داواکارە تاکە کەسییەکان و داواکارە گشتییەکان و تەواوی دەسەڵاتی دادوەری، وەک ئەوەی کەس بۆی نییە سکاڵا لە هاووڵاتیێکی ڕۆژنامەنووس بکا و دادوەریش بۆی نییە بە پێی جۆری تۆمەتەکەی نەک هەر دادگایی بکا، بەڵکو هەر لە سەرەتای ڕێکارە یاساییەکانەوە، ئەیکەن بە هات وهاوار و کەمپین و مەمپینکاریێک کە ئەوسەری دیارنەبێ.
ئاشکرایە هەمیشە هاوپیشەکان پشتیوانی لە یەکتر ئەکەن و ئەمە وەک پرنسیپ ڕێزلێگیراوە، بەڵام ئەوەی بەر لەهەر شتێک ئەبێ ڕێزی لێبگیرێ خودی یاسایە، کە بەداخەوە لە بواری ڕۆژنامەنووسیدا، ئەوەی ئێمە لێرە دیومانە هەندێ لە ڕووناکبیر و ڕۆژنامەنووس و ئەکادیمی و هەندێ سیاسیش بە پێی پرنسیپ و دەق و بنەما یاساییەکان هەڵوێست وەرناگرن، بەڵکو پرەنسیپێکی هەمیشە ڕەخنەلێگیراو ئەکەنە لێڤەگەڕی کاردانەوەیان، کە ئەویش پرەنسیپی بە سەقەتلێکدراوە (بەرگری لە براکەت بکە ئەگەر زاڵم بێ یان مەزڵوم). نامەوێ لەمه زۆرتر باس بکەم، بەڵام بە پێویستی ئەزانم پێشنیار بکەم بۆ سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و ناوەندەکانی هاوشێوە، کە ئەمساڵی ڕۆژنامەگەری کوردی بکرێتە ساڵی بەخۆداچوونەوە و خۆڕەخنەکردنی میدیاکاران، کە شارەزا و پسپۆڕ و ئەکادیمیانی بواری میدیا و یاسا تێیدا بەشداربن، بەتایبەت کە میدیاکاران و میدیاکان بە بەردەوامی باس لەوە ئەکەن، کە ئەبێ حکومەت، حزب، کەسایەتییە سیاسی و دەوڵەتدارەکان بەخۆیاندا بچنەوە، یان دەستبەرداری کار و پۆستەکانیان بن، ئەگەر بە ((دیموکراسی))یش هاتبنە دەسەڵات، ئەمە سەرەتایەکە، باش یان خراپ، ڕێچکەی گرتووە و با میدیا و میدیا کاران، ئەگەر لەبەر بەرژەوەندی یان لە ڕقی ئەم، یان ئه و حزب، یان کۆمپانیاش بێ، با لە سەری بەردەوام بن و وەک ئەوەی گەرەکیانە، با کار لەسەر فەزای گشتی بکەن. بەڵام ئەبێ ئەمە لەسەر بنەمای ڕاستی بێت. ئایا دیارکردنی بنەمای ڕاستی بۆ کاری میدیاکار شتێک نییە جێی ئەوەبێ، کە خودی ڕۆژنامەنووسان پیایا بچنەوە؟
هەروەها مەسەلەیەکی تری گرنگیش ئەوەیە، ڕۆژنامەنووسان، چ وەک سەندیکا و چ وەک ڕێکخراوەکانی تری پەیوەندیدار بە کاری میدیایی هەڵاوێردێکی تەواو پیشەییانە بکەن لە نێوان ڕۆژنامەنووس و پۆستنووس و جنێونووس، نەک بەمجۆرەی ئێستا، هەر کە کەسێک لەسەر درۆ و بوختانێک، یان ئاژاوە نانەوەیەکی کۆمەڵایەتی، یان ناوزڕاندنەوە سکاڵای لێکرا و دادگا ڕێکاری یاسایی بە پێی یاسا بەرکارەکان گرتەبەر، ئیتر ئه و کۆمێنت یان پۆست، یان جنێو نووسە بەخێرایی و بێ هەبوونی هیچ پێوانەیەکی پیشەیی یان یاسایی، بەرگی ڕۆژنامەنووس و میدیاکاری ئەکرێ بەبەرداو، کەیسەکەی پێچەوانەی دادگا لە کەیسێکی کەتن، یان تاوانی مەدەنییەوە بۆی ئەکەن بەکەیسێکی پەیوەست بە ئازادی ڕۆژنامەنووسی و ڕادەربڕین.
گرنگ لای ئه و جۆرە ((چالاکوان))انە گووشار دروستکردنە بۆ دەربازکردنی سکاڵالێکراو لە گرتنەبەری هەر ڕێکارێکی یاسایی، هەمیشەش هەروا کەوتۆتەوە، کە ئه و گووشارانە سەریان گرتووە، نەک چونکە گووشاری ڕاست و ڕەوان، بەڵکو لەبەر ئعتباراتی سیاسی، یان ئەمنی، یان کۆمەڵایەتی.
له و بەڕێزانەی کە خێرا خێرا کەمپین ئەکەن و بەرنامەی ڕادیۆیی و تەلەڤزیۆنیان بۆساز ئەکرێ و وتار ئەنووسن، ئەپرسم: ئەرێ بەڕێزان ئەوه بڕوامان بەوە هێناوە کە هەرچی ڕۆژنامەنووسی ڕاستەقینەیە و هەرچی سکاڵالێکراوی مەزڵومە، ئێوە خۆتانی لێ بکەن بە خاوەن و کەمپینی فراوان فراوانی بۆ بکەن و گووشاری بۆ دروست بکەن، بەڵام ئێوە بۆچی بۆ جنێونووس و درۆنووس و بوختان نووسیش خۆتان ئەکەن بە خاوەن، مەگەر ئێوە لەگەڵ ئەوەدان، کە ڕۆژنامەگەری لە درۆکردن و بووختانکردن و جنێوداندا کورت بکرێتەوە؟!
بەڕێزان، هەواڵی فەیک، پۆستی درۆ، کۆمێنتی جنێو لە هێندێ میدیا و لە زۆرینەی پەیج و ئەکاونتەکانی سۆشیال میدیا، چاوی ئێوەش و ئیمەمانانیشی کوێر کرد، ئەرێ ئێوە کەی دونیای خۆتان لە دونیای ئه و ئاژاوەیە جیا ئەکەنەوە، تا دونیای ئێوەش نەڕووشێ؟ [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=