ڕووداوەکانی 59 ی کەرکووک و لاپەڕەیەکی نوێ
#12-07-2023#
#لەتیف فاتیح فەرەج#
یەک دوو ڕۆژی دیکە دەچینە 14ی تەموزەوە ، 14ی تەموز بۆ کەرکووکیەکان یادەوەریەکی تاڵ و ناخۆشە و بە ئاسانی بیر ناچێتەوە ، ئەوەش دوای ئەوەی یەکساڵ دوای 14ی تەموزی 1958 و لە ساڵیادی ئەو ڕۆژەدا لە کەرکووک ڕووداوێکی نەخوازراو ڕوویداو تا ئێستاش بە فیتی ناسیونالیزمی کوێر بین و ودەرو دراوسێ نەتوانراوە بە تەواوەتی ئەو برینە ساڕێژبکرێت ، من لێرەدا نامەوێت مێژوو بگێڕمەوە ، چونکە لەسەر ئەو ڕووداوە بە کوردی و عەرەبی و تورکمانی و تورکی زۆر پەڕتووک و بابەت نووسراوە ، لێرەدا لە بری گێڕانەوەی مێژوو دەمەوێت پرسیاری ئەوە بکەم ، بۆچی دوای 64 ساڵ هێشتا هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو ڕووداوە ، بە نهێنی ماوەتەوە ، بۆچی کورد و تورکمان کە دوو قوربانی سەرەکی ئەو کارەساتەن لە بری دژایەتی یەکترو هەمووساڵ تۆمەتدانە پاڵیەکتر بە دوای ئەوەدا ناگەڕێن ئەو ڕووداوە بۆ ڕوویدا، کێن ئەوانەی مەبەستیان بوو ڕوبدات ، ئامانج لەوە چی بوو؟
هەڵبەت ئەم بابەتە پێویستی بە بە دواداچوون و کنە و گەڕانی وردە ، بەڵام کەس ناتوانێ نکوڵی لەوە بکات ، کە تورکیا ، یان ناسیونالیستە کەسنەبین و فاشیەکانی تورکیا ، هەروەها ئینگلیزخوازەکان و خەڵکانی دیکەش خێریان لەوە دابوو ئەمە ڕووبدات، ئیتر کاردانەوەی کورد و شیوعی و ئەوانەش لەلایەکی دیکەوە بوەستێت ، بە باوەڕی من ڕۆڵی دەرەکی لەم کارەدا بۆ ترس لە گەشەی بیری نەتەوەیی کورد و تورکمان دەگەڕێتەوە لەو ماوەیەدا ، بە تایبەت تازە ساڵێک بە سەر ڕوخانی پاشایەتیدا تێپەڕیبوو ، هەموو نەتەوەکانی نێو چوارچێوەی ئێراقی بە زۆر درووستکراو خەونی ئازادی و خۆخاوەنیان دەبینی .
لە و ڕووداوە و ئەو بارودۆخەی بە دوایدا هات کەسانی نیشتمانپەروەرو کەرکووکی دڵسۆز بوونە قوربانی و خوێنی کورد و تورکمان ڕژا ، لە تورکمان کەسایەتییەکی دیاری وەک عەتا خەیروڵا کە خانەوادەیەکی دێرین و نیشتمانی کەرکووک بوون بووبە قوربانی ، عەتا خەیروڵا 1920-1959 کوڕی سەید خەیروڵا ئەحمەد سەبری ئەفەندی لە قەڵای کەرکووک لە دایک بووبوو، خانەوادەکەیان دۆست و نزیکی بنەماڵە و خانەوادە کوردەکان بوون ، سەید خەیروڵاو براو کەسوکارەکەی لەگەڵ عەلەبەستێ و کوردەکانی دیکەی کەرکووکا لە ڕووداوەکەی 1924ی لیڤیەکان پێکەوە بە گژ پەلامارو دڕندەی لیڤیەکاندا چووبوونەوە و حکومەتی بەریتانیان ناچار بەوە کردبوو ئەو کاتە لیڤیەکان لە کورکوک دور بخاتەوە ، باوکی عەتا کەسایەتییەکی ناسراو ، نیشتمانپەروەر ، خەمخۆری کەرکووک بووە ، بە ئامانجگرتنی عەتا لەو ڕووداوەدا بۆ تێکدانی پەیوەندی کورد و تورکمان بووە ، دواتریش دەیان تێکۆشەری کورد نموونەی مارف بەرزنجی ، حسێن بەرزنجی ، جەبار پیرۆزخان ، عەبدولحافز حاجی شەریف ، مەحمود حاجی عەلە بەستێ ، نەجمەدین نادر شوان و چەندانی دیکە بوونە قوربانی و لە دار دران ، جگە لە هەموو ئەو ڕووداوانەی کە لە ساڵانی دواتردا ڕوویاندا .
من لەم نووسینەدا گەواهی ئەوە دەدەم کە شێخ سامان شێخ مارف بەرزنجی ، چەند ساڵێک لەمەوبەر هەوڵی بێوچانی دا بۆ ئەوەی کورد و تورکمان ببنەوە براو سەبارەت بە و ڕووداوانە لاپەڕی نوێ هەڵبدەنەوە ، ڕاستییەکەی ئەم هەنگاوەی شێخ سامان کە باوکی یەکێک لە قوربانییەکانەئەو پەڕی ئەمەک و وەفایە بەرانبەر ئەو شارە و کورد و تورکمانی ئەو شارە ، شێخ مارف بەرزنجی وێڕای ئەوەی لەو ڕووداوانەدا هیچ تاوانێکی نەبوو ، یەکێکیش بوو لە بانگخوازانی ئاشتی و برایەتی کەرکووک و بۆ خۆیشی شاعیر و نووسەر و ڕۆژنامەوان و سیاسیەکی ئاوەزمەند بوو ، دوای ڕووداوەکانیش لەگەڵ هاوڕێکانیدا بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدا بوونە کێشەکان گەورە نەبنەوە ، لێدیارە ئەوانی بەرانبەر بۆ تێکدانی پەیوەندییەکە توانایان زۆر زیاتر بووبێت ، بە گوێرەی دنە و هاندانی میدیای تورکی و ئێرانی ئەو ڕۆژەش کە بە داخەوە تا ئێستا کۆنەکراوەتەوە و هەڵوەستەی لەسەر نەکراوە ، پێدەچێت ئامانجی تێکدانەکە زۆر گەورەترو فراوانتر بووبێت ، دواتریش بابەتەکە بە جۆرێک خوێندنەوەی بۆ کرا ، کە گوایە کورد دەیانەوێت تورکمان لە کەرکووک دەربکەن و کوشت و بڕیان بکەن و دەست بە سەر شارەکەدا بگرن ، وەک چۆن وا لە کوردیش دەگەیەنرا ، کە تورکمان بە پاڵپشتی دەرەکی دەیەوێت کورد کوشت و بڕبکات ، ئەم پڕو پاگەندانە کاری خۆیان کرد و ئامانجی ئاژاوە گێڕان و تێکدانی پەیوەندییەکە سەریگرت .
دوای 64 ساڵ لەو دیرۆکە خوێناویە ، ئێستا کاتی ئەوەیە جێی شایستە بە هەموو قوربانییەکان بدررێتەوە و کورد و تورکمان بە تایبەت کەسوکاری قوربانییەکان لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە ، بە باوەڕی من وەڵام بۆ ئەو هەوڵانەی نەیاران هەر ئەوەیە بە تەنیشت یەکەوە پەیکەری عەتا خەیروڵاو مارف بەرزنجی و سەڵاحەدین ئاوچی و هاوڕێکانی شێخ مارف دابنرێت و بە نەیاران بگوترێت نەوەکانی ئەم شەهیدانە ڕێگە نادەن تا سەر کار لەسەر تێکدانی پەیوەندییەکە بکەن ، وەک چۆن باوکی ئەو شەهیدانە پێکەوە داکۆکیان لە شەرەفی کەرکووک و کەرکووکیەکان کردووە ، ئێستا کاتی ئەوەیە کوڕ و نەوەی ئەوانیش پەیامی برایەتی بدەن بە گوێی ئەوانەدا کە هەمیشە ڕێگرن لە بەردەم پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی کەرکووکا. لەو نامەیەدا کە پێش لە داردانی شێخ مارف بۆ کوڕوکچ و خاڵ و کەسوکاری نووسیوە دەڵێت ناڕەوا دەمخنکێنن ئێستا کاتی ئەوەیە کە کەرکووکیەکان بە کورد و تورکمانەوە ئەو قەرزەی شێخ مارف و هاوڕێکانی بدەنەوە و بە یەکیشەوە چەپکە گوڵی برایەتی بەرنە سەرگۆڕو پەیکەی شێخ مارف و عەتا خەیروڵاو شەهیدەکانی دیکە . ئەم بابەتە قسەی زۆر تر هەڵدەگرێت.[1]
کوردیپێدیا بەرپرس نییە ل ناڤەڕۆکا ئەڤێ تۆمارێ و خودیێ وێ ژێڕە بەرپرسیارە. کوردیپێدیا ب مەرەما ئەرشیڤکرنێ تۆمار کرییە.
ئەڤ بابەت ب زمانێ (کوردیی ناوەڕاست) هاتیە نڤیساندن، کلیک ل ئایکۆنا

بکە ژ بو ڤەکرنا ڤی بابەتی ب وی زمانێ کو پێ هاتیە نڤیساندن!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی

بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
ئەڤ بابەتە 910 جار هاتیە دیتن
ڕایا خو دەربارەی ڤی بابەی بنڤێسە!