ڕێبازی لێکدانی وشە
بریتییە لە کردەی دروستبوونی وشەیەکی نوێ، لە دوو مۆرفیمی سادەی واتادار یان زیاتر، وەک: شاجوان، باڵابەرز، خوێندنی باڵا، خةمخواردن..هتد.
لێکدراو (وشەیەکە لە سەرە و دیارخەرێک پێکدێت)، دەشێ ناو بێ، وەک: تۆپی پێ، یان ئاوەڵناو بێ، وەک: چاوجوان، یان کردار بێ، وەک: خەمخواردن، لە تۆپی پێدا، (تۆپ)، سەرەیە و (پێ) دیارخەرە، لە (باڵابەرز) دا، (باڵا) سەرەیە و (بەرز) دیارخەرە، لە (خەمخواردن) دا، (خەم) سەرەیە و (خواردن)، دیارخەرە).
لێکدان بە ڕێبازێکی چالاکی دروستکردنی زاراوە دادەندرێت، بە چەندین ڕێگا وشەی لێکدراو لە زمانی کوردیدا دروستدەکرێت، مەرج نییە واتای وشە لێکدراوەکە، لە واتای ڕاستەوخۆی کەرتەکانیيەوە بێت، وشەی لێکدراو واتایەکی نوێی فەرهەنگی دەگەیەنێت، هەندێکجاریش واتایەکی خوازەیی دەگەیەنێت.
زمانی کوردی لە زمانە لکاوەکانە، هەربۆیە ژمارەیەکی زۆر لە وشە و دەربڕینەکانی ناسادەن، هەروەکو لە زمانی مۆرفۆلۆژیدا باوە، زمانێکی بەیەکەوە نوساوە، یاخود بە واتای ئەوەی کە ژمارەیەکی زۆر لە وشە و دەربڕینەکانی ناسادە و لێکدراون، ئەم پۆلە زمانە خاوەنی وشەی چەند مۆرفیمین، بەواتایەکی دیکە لەم زمانانەدا وشە بریتییە لە زنجیرەیەکی یەک بە دوای یەکی مۆرفەکان، بەجۆرێک هەر مۆرفێک مۆرفیمێک دەنوێنێت. سنوری نێوان مۆرفیمەکانیش هەمیشە ڕوونە و بەئاسانی لەیەک جیادەکرێنەوە، ئەم تایبەتمەندییەی زمانی کوردی بەوە چەسپاوە، کە بەهۆی ڕێبازی لێکدانەوە زۆربەی ناو وکردارەکان لەسەر بنەمای یەکگرتنی دوو وشەی واتادار یان پتر لە فەرهەنگی زمانی کوردیدا لە دایکبوون، کە وەک وشەیەکی خاوەن واتایەکی سەربەخۆ خۆیان چەسپاندووە. وشەی لێکدراو دوو بناغەی هەیە، واتە وشەی نوێ لە دوو وشەی سەربەخۆ و هەندێکجار بە یارمەتی ئامرازێک دروست دەبێت.
نموونە/ پێدەشت، مانگە شەو، شار بەدەر، خاکەناز، داربەسەر، چاولەدەر، شه و کوێر، ڕەشەوڵاخ، پیاو کوژ، دەستوبرد، کۆنەفرۆش، مشت ومڕ، بەربانگ، گورج وگۆڵ، خشەخش، کون کون، زمانەوانی، گەچکاری، ...هتد[1]