شێوازەکانی ئاخاوتن
چەند شێوازێکی ئاخاوتن و گفتوگۆکردن هەیە، کە قسەکەر لە شوێن و بۆنە جیاجیاکاندا بەکاریان دەهێنێت، بێگومان ئەم شێوازانە بەپێی بارو دۆخ و کات و شوێن و بۆنەی جیاجیا دەگۆڕێن و جیاوازن، هەروەها بەپێی جۆری کەس و تایبەتمەندی و ڕەگەز و تەمەنیش جیاوازن، بۆنمونە: ئه و شێوازەی ئاخاوتنەی کە لە پرسەیەکدا بەکاردێت، هەمان ئه و شێوازەی ئاخاوتن نییە، کە لە شاییەک یان بۆنەیەکی خۆشیدا دەگوترێت، لە پرسەدا، قسەکەر، ئەم ئاخاوتنانە ئاڕاستەی وەرگر، یان کەسی بەرانبەر و گوێگر دەکات:
بۆخۆتان خۆش بن.
دوا ناخۆشیتان بێت.
خوای گەورە لێی خۆش بێت.
خوای گەورە عەفوی بکات.
تەمەنی درێژی بۆ ئێوە بەجێهێشتبێت.
عەت بی و بەس بی (شێوازی ژنی کۆییان، لە پرسەدا)
بەڵام لە بۆنەیەکی خۆشی و شاییدا، قسەکەر، و ئەم وتانە دەردەبڕێت:
پیرۆزتان بێت.
خێر لەیەکدی ببینن.
هەر لە خۆشیدا بتان بینم.
پیر و خەڕۆبن پێکەوە.
هەروەها شێوازی ئاخاوتنی ژنیش، لە شێوازی ئاخاوتنی پیاو جیاوازە، بەتایبەتی لای چینی نەخوێندەوار، ئەم جیاوازییە پتر هەستی پێدەکرێت، چونکە ئەم چینە تێکەڵاوبوونیان لەگەڵ ڕەگەزی بەرانبەر کەمترە و زیاتر لە چوارچێوەی ماڵ و منداڵ و ژنە دراوسێدا ئاخاوتن و گفتوگۆکانیان ئەنجام دەدەن، لە شێوازی ئاخاوتنی ژناندا، هەست و سۆز و بیرکردنەوەی ژنانە دەخوێنیتەوە، بەرزی و نزمی و هەڵچوونی زۆری تێدا دەبینیت، ئاخاوتنەکان گوزارشت لە ناخی ئه و ژنانە دەکات، کە بە بارودۆخی جیاوازدا تێپەڕدەبن، هەروەها لەم ئاخاوتنانەی ژناندا، کلتور و دابونەریتیش ڕەنگدانەوەیان هەیە و کاریگەر دەبن، لێرەدا هەندێ نمونە لە ئاخاوتنی ژنانە دەهێنینەوە:
لە چاکو چۆنی و هەواڵ پرسیندا:
قسەکەر
خوشکم چۆنی، ماڵ و منداڵ چۆنن، بابی منداڵان باشە؟
گوێگر
خۆش بی سەلامەت بی، جەرگت نەسوتێ، بە دایکی کوڕان بی، ئێوە چۆنن، وەزعتان باشە؟
لەکاتی ناخۆشییەک، یان کە ژنێک ناخۆشییەکی بەسەر دا دێت:
پیاو باشیان هەر نییە.
ئەگەر پیاوەکی باش بووایە، ئاوای لە ژنەکەی نەدەکرد.
هەندێکجاریش بە پێچەوانەوە دەڵێن:
خوشکم هیچ ژنێک بە بەلاش ئاوای لێ بەسەر نایەت.
لە هەندێ بارو دۆخی جیاوازدا، ئاخاوتنی جۆراو جۆری ژنانە دەبیندرێت، وەک:
هەر ژن قوری بەسەر بووە.
غەمەکە هەر لۆ ژنانە.
لە پیاوان غەدار تر نییە.
بە زەیم بە پیاواندا نایەتەوە.
پیاو پارەی هەبی، یان پیاوەکی دەکوژی، یان ژنی پێ دەهێنێت.
پیاو گورگە.
کوڕیش هەر دەچنەوە دوو بابی خۆیان.
هەروەها لە کۆمەڵگای ئێمەدا، ئاخاوتنی ڕەگەزی نێریش هەندێک جیاوازی هەیە لە ڕەگەزی مێ، لەم جۆرە ئاخاوتنەدا، هەستی زاڵبوون و نێرایەتی و پیاوەتی دەردەکەوێت، داب و نەریت و کلتوریش ڕەنگ دەدەنەوە، وەک:
پیاویان پیاو گوتووە و ژنیش ژن.
ناوێرێ ژنەکی دی بهێنێت.
لە ژنەکەی دەترسێ.
پیاو کەڵەبابە و لەسەر ژنێ حیسابە.
لە بن دەستی ژنەکەیەتی.
ژن هەمووی بەرازن.
سەر ژنانییە.
بێگومان ئەم ئاخاوتنانە هەندێک جار پێچەوانە دەبنەوە و بەلایەنی ئەرێنی بۆ هەردوو ڕەگەز بەکاردەهێندرێن:
بۆنمونە:
ژنان دەڵێن: پیاو کۆڵەگەی ماڵە.
پیاو سێبەری ماڵە، تاجی سەرە.
ژن کە پیاوی نەما، بەستەزمان دەبێت، لێی دەقەومێ.
ئاخاوتنی ئەرێنی پیاوان سەبارەت بە ژنان:
ژن و ماڵیان گوتووە.
ماڵێک ژنی لێ نەبێت، ئاوی تێوەر بووە.
تەنیایی بۆ خوای باشە.
بەپێی تەمەنی قسەکەر و گوێگریش، جۆری ئاخاوتنەکان دەگۆڕێن و جیاوازن:
بۆ نمونە، کەسانی پیر و بەتەمەن، بە زۆری شێوازی ئاخاوتنیان، باسکردنی مردن و ژیان و پەند و ئامۆژگاری پێوە دیارە، وەک:
ئه و ژیانە هیچ نییە، هەر دەبرێتەوە.
کاتی خۆی خەڵک هێندە بێ چاو و ڕوو نەبوو.
ئاخری زەمانە.
لە سەردەمی ئێمە ژیان زۆر سادە و خۆش تر بوو.
خودا ڕەحمان و ڕەحیمە.
هەروەها بەپێی شوێنیش، جۆری ئاخاوتن دەگۆڕێت:
بۆنمونە، لە مزگەوتدا، ئەم شێوازانەی ئاخاوتن بە کاردێت:
خودا قبوڵی بکات.
خودا ڕەحمان و ڕەحیمە.
خودای گەورە پشتیوانت نەبێ سەرناکەویت.
بەڵام لە کۆرێکی زانستی و ناو زانکۆدا، شێوازەکە بەمجۆرەیە.
ئێستا پانێڵی یەکەم دەست پێدەکات.
لە دانیشتنی یەکەمدا، ئەم بەرێزانە بەشداری دەکەن. [1]