گوندێکە، دەکەوێتە شارەدێی #بنگرد# لە شارۆچکەی #دوکان#ی پارێزگای #سلێمانی#، باشووری کوردستان.[1]
دەکەوێتە نێوان بەرزاییەکانی چیای کۆسرەت و چیای ئاسۆس و گردە باسک و باسکی بەردبەرداوی و گردە کەروێشک و گردە ژیلوانەوە.
هەروەها دەکەوێتە نێوان گوندەکانی سێوکان و مەرگەو شارەدێی بنگردەوە.
بەگوێرەی گەورەیی گۆڕستانەکەی بێت مێژووی درووستبوونی بەردەشان زۆر کۆنە چونکە خاوەنی گۆڕستانێکی زۆر گەورەیە کە ئەمەش شایەتی دێرینی گوندەکەیە. لە سنووری ئەم گوندەدا جۆرە بەردێک هەیە کەهاوشێوەی شانەی هەنگە، هەر بۆیەش پێدەچێت ناوی بەردەشان لەوەوە سەرچاوەی گرتبێت، دەڵێن سەرەتا وتراوە شانە بەرد یان بەردەشانە و پاشان دەماودەم بووەتە بەردەشان.
دووبەردەشان
ئەم گوندە پێشتر بناغەی درووستبوونی لەسەرووی شوێنی ئێستایەوە بووە، پاشان وردەوردە بەرەوخوارەوە هاتوون بەهۆی بوونی ئاوی باشتر و زەوی کشتوکاڵی لەبارتر. تا ساڵی 1994 یش یەک بەردەشان هەبووە، بەڵام لەوساڵەدا و دوای کۆچی دوایی سەرکردە ڕەسوڵ مامەندو بەخاک سپاردنی لە زێدی باب و باپیرانی لەبەردەشان، کۆمەڵێک خێزان لەدەوروبەری مەزارەکەی خانوویان درووستکرد و بەردەشانیان جێهێشت، بەمەش بەردەشان بوو بە دوو بەش ماڵە تازەکان ناونرا بەردەشانی خواروو کە ژمارەیان 25 خێزانە کە ئەم گوندە نوێیە نزیکی جادەیەو گوندە کۆنەکەش ناونرا بەردەشانی سەروو کە ژمارەیان 40 خێزانە.
دانیشتووانی بەردەشان بەگشتی بەسەروو خوارووشەوە سەر بەهۆزی شیلانەن و ژیانێکی ئاسوودە پێکەوە دەگوزەرێنن.
$بژێوی گوندەکە$
بژێوی ژیانی ئەم گوندە پشتی بەستووە بەکشتوکاڵ و ئاژەڵداری و ڕاوە ماسی، ئەوەی شایەنی باسە بەردەشان خاوەنی ڕووبەرێکی زەوی کشتوکاڵی بەرفراوانە کە ساڵانە دەکرێت بە گەنم و جۆو نۆک و لەکۆنیشدا تا پێش ڕاگواستن دەکرایە توتن و گەنم و جۆو نیسک و نۆک و گوڵەبەڕۆژەو و کاڵەک و شووتی. لەناو گوندیشدا هەندێک پارچە زەوی بەراو هەیە کەپێی دەوترێت دەرماڵ کە لە ساڵانی زوودا دەکران بە توتن و بامێ و تەماتە، بەڵام ئێستادا ئەم دەرماڵانە بەشێکیان کراون بەباخچە لەلایەن خاوەنەکانیانەوە، هاوکات چەندین باخی هەنارو هەنجیرو ڕەز، ئەمە جگەلە داری سرووشتی وەک دارەبەن و بەڕوو، لەکۆندا گرنگی زیاتر بەکشتوکاڵ دەدرا، چونکە بەروبوومەکەیان پارەی دەکرد بژێوی ژیانیانی دابین دەکرد، بەڵام بە وتەی خۆیان لە ئێستادا حکومەت وەک پێویست هاوکاری جووتیاران ناکات بەپێدانی تۆوی باش و پەینی کیمیایی و کڕینەوەی بەروبوومەکانیان هەر ئەو هۆکارەشە وای کردووە لەو ژمارە زۆرەی دانیشتووانی بەردەشان کە زیاتر لەسەد ماڵ بووە ئەو ژمارە کەمە بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان بە بەراورد بەزیاد بوونی ژمارەی دانیشتووانەکەی.
$ئاژەڵداریی$
سەبارەت بە ئاژەڵداریش لەکۆندا تا پێش ڕاگواستن ژمارەیەکی زۆر ئاژەڵ لەم گوندەدا بەخێو دەکران لەبەر بوونی لەوەڕگاو شوێنی پێویست لە ناوچەکەدا کەژمارەی ئاژەڵەکانیان دەگەیشتە 2000 سەر مەڕو بزن و زیاتر لە 90 سەر ڕەشە وڵاخ، لە ئێستاشدا ئەم ژمارەیە زیادی کردووە تێکڕا لە هەردوو بەردەشانی سەروو خوارو زیاتر لە 3200 سەر مەڕوماڵات و نزیکەی 200 سەڕێک ڕەشە وڵاخ بەخێو دەکرێن.
خێزانێکی زۆریش بژێوی ژیانیان لەسەر ڕاوە ماسی بووە، بەو پێیەی نزیکە لەدەریاچەی دوکانەوە لە ئێستاشدا ژمارەیەکی زۆر لەو خێزانانە دەستبەرداری ڕاوە ماسی نەبوون، ماسی لە بازاڕەکاندا داواکاری لەسەرەو نرخێکی تایبەتیی خۆی هەیە.
ئێستاش دوو کێڵگە بۆ بەخێوکردنی پەلەوەر لە سنووری گوندی بەردەشاندا هەیە هەرچەندە موڵکی خەڵکی بەردەشان نییە بەڵام لەبەر ئەوەی لەخاکی بەردەشاندا بەرهەم دەهێنرێت هەموو لایەک کەڵک لەبەروبوومەکەی وەردەگرن.
$سەرچاوەکانی ئاو$
سەرچاوەکانی ئاوی ئەم گوندە بریتین لە: (کانی گۆمەشین) کەئاوێکی باشی هەیەکە لەکۆندا کشتوکاڵێکی زۆری لەبەردا کراوە، لە ساڵی (1996)ەوە لەلایەن ڕێکخراوی KLA ەوە پڕۆژەی ئاوی لەسەردرووستکراوە بۆ گوندی بەردەشانی سەروو، (کانییە سەرچاوە) کە ئەم کانییەش سوودی لێوەرگیراوە و بۆ کشتوکاڵ بەڵام لە ئێستادا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەوروبەرەوە سی کۆلی بۆ ئاودانی ئاژەڵ لەسەر درووستکراوە هەندێک جاریش سەرچاوەکە بۆ خواردنەوە بەکاردەهێنرێت. کانی مزگەوت یاخود کانی ژنان بەشێکی بۆ مزگەوت و بەشەکەی تریش بۆ پێداویستی ڕۆژانە سوودی لێوەردەگیرا، هەروەها (کانی بەران) هیچ جۆرە کشتوکاڵێکی لەبەردا نەکراوە گوندنشینان خۆیان دەڵێن بەهاراوەکانی مام بایز کە مام بایز خۆی دۆزیویەتەوە بۆ کشتوکاڵ بەکار دەهێنرێت کە دەکەوێتە بەردەشانی خوارووەوە. پێشتر توتن و تەماتە و بامێ ئێستا کراوەتە حەوزی ماسی، جگە لەوەش حکومەتی هەرێم بیری ئیرتیوازی بۆ لێداون و تۆڕی ئاوی گونجاوی بۆ درووستکردوون ئەمە جگە لەوەی زۆربەی زۆری ماڵەکانی بەردەشانی سەروو و خوارووش بیری سووری-یان لێداوە بۆ خواردنەوە بەکاردەهێنرێت و کەمێکیش کشتوکاڵی لەبەردا دەکرێت. سەرچاوەیەکی تری ئاو کە وەک ڕووبارۆچکەیەک وایە پێی دەڵێن (خڕی بەردەشان) کە بەردەشانی سەرووی کردووە بە دوو بەشەوە بە ناوەڕاستی گوندا دێت و بەلای مزگەوتدا دەچێتە بەردەشانی خواروو دواجار تێکەڵ بەدەریاچەی دوکان دەبێت، ئەم ئاوە لە وەرزی باران باریندا زۆر زیاد دەکات کە خەڵکەکە ناچار دەکات بە ئۆتۆمبێل پیایدا بپەڕنەوە کە ئەمە کارێکی زەحمەتە بۆ خوێندکاران، زۆربەی جاریش ئاژەڵداران ناچار دەبن بە ئۆتۆمبیل ئاژەڵەکانیان لەم بەر بۆ ئەو بەر بپەڕێننەوە. ئەوەی شایەنی باسە وەک خەڵکەکەی دەڵێن ئەم کێشەیە بە درووستکردنی سێ پردی بچووک لەسێ شوێنی جیاوازدا چارەسەر دەبێت.
$ڕۆڵی لە شۆڕشدا$
ئەم گوندە تاکە گوندە کە بەو فراوانییە لەبەری مەرگە بەشداری بەرچاو کاریگەریان هەبووبێت لە شۆڕشی شێخ مەحمودی نەمر دژ بە سوپای ئینگلیز، هەرئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە ئینگلیز بەتوندی بۆردومانی ئەم گوندە بکات بە ناپاڵم و بەجۆرە چەکێکی تر کە پێی دەوترا شەستیر کە خەڵکەکەی زۆر زەرەرمەند بوون و خانوویەکی زۆر ڕووخاوەو مەڕوماڵاتیشی بەرکەوتووە. لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلولیشدا ئەم گوندە خزمەتێکی زۆری کردووە و بارەگا هەبووە لە مزگەوتەکەی بەردەشاندا، هەروەها لە شۆڕشی نوێدا ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە، لە ساڵی 1983دا لە شەڕێک کە هەر بەشەڕی بەردەشان ناسراوە سوپای ڕژێم و جاشەکانی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە ڕووبەڕووی یەکدی بوونەتەوە و شەڕێکی گەورە لەنێوانیاندا ڕوویداوە لە ئەنجامدا بەشێک لە ماڵەکان لەو شەڕەدا سووتاوەو حکومەت داوای لە خەڵکەکە کردووە گوندەکە چۆڵ بکەن خەڵکەکەش بە ناچاری ڕوویان کردووەتە شارەدێی بنگردو چەند ڕۆژێک لەوێ ماونەتەوە پاشان گەڕاونەتەوە گوندەکەی خۆیان ماڵەکانیان درووستکردووەتەوە.
ئەم گوندە لە ساڵی 1988 لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە ڕاگوێزراوە بۆ ئۆردوگای زۆرەملێی حاجیاوا کە تا ئێستاش ژمارەیەکی زۆر لەحاجیاوا نیشتەجێن چونکە حکومەت وەک پێویست هاوکارییان ناکات بۆ گەڕانەوەو خزمەتگوزاری پێویست لە گوندەکەدا جێبەجێ نەکراوە تاوەکوو پاڵنەر بێت بۆ خەڵکەکەو بەتایبەتیی گەنجانیش بگەڕێنەوە بۆ ناوگوند.
پاش ڕاپەڕین و ئاوەدانکردنەوەی کوردستان جارێکی تر لەلایەن گوندنشینانەوە و لە ساڵی 1992 ئەم گوندە ئاوەدانکرایەوە ژمارەیەک خێزان گەڕانەوە گوندەکەیان ئاوەدانیان کردەوەو زەوی و باخ و باخاتەکانیان ژیایەوە. لە ساڵی 1964 یەکەم ئۆتۆمبیل کەدۆجێکی ئەمریکی بووە بۆ ڕژاندنی دەرمانی مەلاریا هاتۆتە ناوگوند، ساڵی 1970 جادەی گڵ بۆ گوند لێدراوە کە بەداخەوە تا ئێستاکەش قیرتاو نەکراوە، لە ساڵی1979 بۆ یەکەم جار کارەبای نیشتمانی گەیشتۆتە ئەم گوندەو پاشان لە ساڵی 2000 دا لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کارەبایان پێگەیشتۆتەوە، لە ساڵی 1980دا بۆ یەکەم جار خوێندنگەی تێدا کراوەتەوە یەکەم مامۆستاش مامۆستا جەمال سەنگەسەری بووە، لە ساڵی 1999 خوێندنگەیەکی شەش پۆلی تێدا کراوەتەوە کە تا پۆلی شەشی سەرەتایی تێدا خوێنراوە. ساڵی 1964 کوێخا برایم یەکەم ڕادیۆ و عەبدوڵڵا ئاڵی عەبدوڵڵا لەهەشتاکاندا یەکەم تەلەڤزیۆنی بردۆتە ناوگوند.
لەگەڵ درووستکردنی گوندەکەدا مزگەوت درووستکراوە و مەلا حەمەد ئەمین بەردەشانی یەکەم مەلای مزگەوت بووە، تا ئێستا بنکەی تەندرووستی تیادا درووستنەکراوە خەڵکەکەی ناچارن ڕووبکەنە شارەدێی بنگرد بۆ چارەسەر.
$کەسە دیارەکانی گوند$
لە کەسە دیارو بەناوبانگەکانی گوند ڕەحمەتی کوێخا عەبدوڵڵای ئاڵی کە ناسراوە بەئاڵای ئاڵی کەکوێخای گوند بووە کەسێکی شۆڕگێڕ بووە بەشداری بەرچاوی هەبووە لە شۆڕشی شێخ مەحمود چەکی ماوزەڕی لەلایەن شێخی نەمرەوە پێشکەشکراوە، لەبەر ئەوەی لە شەڕی تابین لەگەڵ ئینگلیز دەورێکی کاریگەریی هەبووە.
ڕەحمەتی کوێخا مەمەندی ئامۆزایشی کە کەسێکی دەستڕۆیشتوو دەوڵەمەند و خانەدان و میوان دۆست بووە، ڕیش سپی گوند بووە زۆرێک لە کێشەکانی گوندی چارەسەرکردووە. عەلی بەردەشانی شاعیری میللیش لەم گوندە چاوی بە دونیا هەڵهێناوە،
خوالێخۆشبوو ڕەسوڵ مامەند کە لە سەرەتای شەستەکانەوە چووەتە ڕێزی شۆڕش و خزمەتێکی زۆری بە شۆڕشی کورد کردووە بەقۆناغە سەختەکانی پێشمەرگایەتیدا تێپەڕیوەو تا دواجار بووەتە کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
خوالێخۆشبووان کوێخا برایم و مەمەند ئاڵی عەبدوڵڵا و کوێخا پیرۆت کە برا گەورەی شەهید ڕەسوڵ مامەند بووە و دەستێکی باڵایان هەبووە لە چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکاندا.
محەمەد حاجی قادر کە کەسێکی شۆڕشگێڕەو تەمەنێکی لە شۆڕشی کوردستان بەسەربردووە ئێستاش بەردەوامە. مام کانەبی کەجەڕاحێکی لێهاتوو بووە و چارەسەری چەندین شکاوی و لەجێچوونی کردووە و لە ئۆردوگای حاجی ئاوا کۆچی دواییکردووە. لە ژنانیشدا پور بنەوش کە کەسێکی کارامەو دەستڕەنگین و مامانی گوند بووە هاوکات حەکیمی منداڵان بووە و هاوکار و ڕێنیشاندەری ژنان بووە.