لە پێش دامەزراندنی یانەی وەرزشی سلێمانی لە سەرەتای ساڵی 1956 لە زۆربەی گەڕەکەکاندا تیپی ئەهلی (میللی) هەبووە:
لە گەڕەکی مەڵکەندی تیپی پێشکەوتن کە خوالێخۆش بوو عەبدولڕەحمان عەبە گۆڕێ سەرپەرشتی ئەم تیپەی کردووە.
لە گەڕەکی شێخان تیپی ئەزمەڕ.
لە گەڕەکی کانێسکان تیپی ئاسۆ.
لە گەڕەکی سابوونکەران تیپی هێرش.
لە گەڕەکی سەرشەقام تیپی سەیوان لە پاشدا خەبات و تیپی ئاکۆ.
لە گەڕەکی هۆڵی تیپی هیوا لە پاشدا تیپی برسی گەڕەکی پیرمەسوور درووست بوو.
جگە لەم تیپانەش:
تیپی سوپا حامیەی سلێمانی.
تیپی فەرمانبەران.
تیپی پۆلیس.
ئەم تیپانە لەگەڵ یەکدا یاری دۆستانەیان ئەنجام دەدا و تیپەکانی دەرەوەشیان بە یاریکردن بەسەر دەکردەوە. لەو ساڵانەدا جێگری پارێزگاری سلێمانی بەڕێز عەبدوڵڵا بەگ بوو کە بەم جووڵانەوە بەو چالاکییە وەزشیانە زۆر خۆشحاڵ و پێی باش بووە و لە هەمان کاتدا خۆی حەزی لە وەرزش بوو، هەموو سەرۆک تیپەکانی بانگهێشت کرد بۆ دیوانی پارێزگا و پێی ڕاگەیاندن کە دەورەیەک بکەنەوە لەنێوان هەموو تیپەکان و بەڵێنی پێدان کە هەموو جۆرە یارمەتییەکیان بۆ دابین دەکات (لە خەڵات و کڕینی کاس و پێداویستییەکانی ئەو خولە) سەرۆک تیپەکان بە خۆشحاڵیەوە ڕەزامەندیان پیشاندا و زۆر سوپاسیان کرد. و بۆ ئەنجامدانی چۆنییەتی یارییەکان بڕیاریاندا کە یارییەکان بە (دۆڕاندنی دوو جار) بۆ هەر تیپێک بۆ خولەکە دەچێتە دەرەوە و لە پاشدا (قرعە) کرا بۆ یارییەکانیان لە ئەنجامی یارییەکان هەردوو تیپی سەیوان و پێشکەوتن مانەوە بۆ یاری کۆتایی و ڕۆژی یاری کردن دیاری کرا بەپێی ڕێکەوتنی ئەو سەرۆک تیپانە، یاری کۆتایی ئەگەر یەکسان بوون یاری دووەم ئەنجام بدەن خۆ ئەگەر یاری دووەمیش یەکسان بوون ئەوا یاری سێیەم ئەنجام دەدەن. بەرپرسی تیپی سەیوان شەهید مامۆستا یاسین حەمەساڵح بوو و تیپی پێشکەوتن کاک تاڵیب سەید عەلی بوو. وا ڕێکەوت هەردوو تیپ لە یاری یەکەم و دووەم دا یەکسان بوون ڕۆژی دیاری کراوی سێیەم دیاری کرا.
یاری سێیەم لە یاریگای تەیارەخانەکە، هەردوو تیپ دەستیان بە یاری کردن کرد و ماوەی (20 خولەک) تێپەڕ بوو، مامۆستای خوالێخۆشبوو (یاڵح عەلی یاڵح) هاتە ناوەوە و یارییەکەی ڕاگرت و ئەندامانی هەردوو تیپەکەی هێنایە قەراغ یاریگاکەوەو بە یاریزانەکانی وت ئەوە جەنابی (وەزیری ناوخۆی ئێراقە) بەڕێز (حمە سەعید قزاز) دەیەوێت قسەتان لەگەڵ بکات، کە یاریزانەکان کۆبوونەوە لەیەردەم وەزیری ناوخۆ و مامۆستا ساڵح عەلی لە قسەکانیدا زۆری پێخۆش بوو و لە هەمان کاتدا هانی دان کە بەردەوام بن لە وەرزش کردن، لەم کاتەدا یاریزانی تیپی پێشکەوتن (گالب سەید عەلی) بە مامۆستا (ساڵح عەلی) وت دە مامۆستا پێی بڵێ و داوای (کردنەوەی یانەیەکمان بۆ بکە)، مامۆستای خوالێخۆشبووش وتی (جەناب ئێمە چەند جارێک داوای کردنەوەی یانەیەکمان کردووە کەچی ڕێگەمان پێنادەن، بەڵکوو لە ڕێی جەنابتەوە یانەیەکمان بۆ بکەنەوە). خوالێخشبوو (حمەسەعید قەزازیش) وتی: ئێستا گەڕانێکم بەدەستەوەیە بۆ پارێزگاکانی (کەرکووک و موسڵ) ماوەی (10) ڕۆژم پێدەچێت دوای ئەو (10) ڕۆژە وەرن بۆ لام بۆ بەغدا سەرم لێبدەن، بەڵام کە هاتن (عەریزەیەکتان) پێ بێت ناوی کۆمەڵێک کەسان لە پارێزەر و فەرمانبەرو مامۆستا و کاسب کاری تێدابێت و لەگەڵ ناوەکانیان ئیمزایان کردبێت. کەلەم بەڕێزانە پێک هاتبوون:
بەڕێز ساڵح عەلی ساڵح چاودێری وەرزش و یارییەکان
بەڕێز ئەحمەد زرنگ پارێزەر و بوڕێوەبەری ڕۆژنامەی ژین
بەڕێز نامق تۆفیق قزاز پارێزەر و موڵکدار
بەڕێز خلیل ئیبراهیم خالید معاونی تەسویە
بەڕێز سەعید شفیق ژمێریار لە بەڕێوەبەرێتی تاپۆی سلێمانی
بەڕێز اسماعیل عەبد الوفا و خاوەنی کۆگای پرشنگ
بەڕێز دکران الیکسندریان بریکاری ڕادێوات
بەڕێز حسێن ڕەش ڕحیم بەرگدرو
بەڕێز عومەر محەمەد امین مامۆستای وەرزش لە سانەوی سلێمانی
بەڕێز عەزیز محەمەد ڕەشید مامۆستای وەرزش لە ناوەندی سلێمانی
پاش نووسینی عەریزەو ناوو ئیمزایان کە ژمارەیان (10) دە کەس بوون و لە دواییدا ناوەکانیان دێت، مامۆستای خواڵێخۆش بوو (ساڵح عەلی ساڵح) بردی بۆ بەغدا و ئیجازەی کردنەوەی یانەکەی هێنایەوە بەناوی (یانەی وەرزشی سلێمانی) لە مانگی (10/1956) کە ئەو دە (10) بەڕێزە بوون بە (هەیئەی گشتی)، لە پاش تێپەڕبوونی (6) مانگ بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری میری ئەو سەردەمە ئەبوایە ماوەی (6) مانگ بەسەر دامەزراندنی یانەکەدا تێپەڕ بکات ئەوسا دەتوانرێت دەستەی بەڕێوەبردنی یانە دابمەزرێت. هەر بۆیە بانگەوازێک لەلایەن ئەو بەڕێزانە دەرچوو و بڵاوکرایەوە بەناو شاری سلێمانیدا. کەوا یانەی وەرزشی سلێمانی هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبەری یانە دیاری دەکات. لە ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی 26-04-1957 لە هۆڵی قوتابخانەی (سانەوی سلێمانی کوڕان) کات ژمێر (10)ی سەرلە بەیانی هەڵبژاردن ئەنجامدرا. و لە ئەنجامدا ئەم بەڕێزانەی لای خوارەوە بەیەکەم دەستەی بەڕێوەبەری یانەی وەرزشی سلێمانی دەرچوون و لەهەملن کاتدا ناونیشانەکانیان بەم شێوەیەی خوارەوە دیاری کرا:
بەڕێز ساڵح عەلی ساڵح چاودێری وەرزش و یارییەکان سەرۆک
بەڕێز ئەحمەد زرنگ پارێزەر و بوڕێوەبەری ڕۆژنامەی (ژین) جێگری سەرۆک
بەڕێز سەعید شفیق ژمێریار لە تاپۆی سلێمانی سکرتێر
بەڕێز عومەر محەمەد امین مامۆستای وەرزش لە سانەوی سلێمانی بەڕێوەبەری ئیدارە
بەڕێز عومەر مەحمود میرزا مامۆستای وەرزش لە سانەوی سلێمانی ژمێریار
بەڕێز عەزیز محەمەد ڕەشید مامۆستای وەرزش لە ناوەندی سلێمانی چاودێر
بەڕێز هاشم عەزیز نووسەر (کاتب) لە ئەوقافی سلێمانی ئەندام
بەڕێز عەزیز کەریم ملاحزی بەڕێوەبەرێتی ئاوو کارەبا ئەندام
بەڕێز عەبد اللە سەعید شوفێر لە شەریکە ئەندام
بەڕێز گالب عەلی نووسەر (کاتب) لە تەلەفۆنات ئەندام
ئەم بەڕێزانەش وەک یەدەک (احتیات)
بەڕێز یاسین محەمەد ێاڵح قوتابی لە خانەی مامۆستایانی کوڕان یەدەکی یەکەم
بەڕێز جەمال حەکیم قوتابی شەو (مسائی) یەدەکی دووەم
بەڕێز ئەحمەد محەمەد قوتابی لە خانەی مامۆستایانی کوڕان یەدەکی سێیەم
جا بۆکارەکانی بەڕێوەبردنی یانە بڕیاریان دا کە خانووی بنەماڵەی (حەکیم حاجی مەلا سەعید) کە دەکەوێتە کۆڵانەکەی (مزگەوتی خانەقا)وە بە بڕی (16) دینار بۆ هەر مانگێک بە کرێ گرت. و بۆ ئەنجامدانی ڕاهێنان و مەشقی تیپەکان یاریگاکانی قوتابخانەی (سانەوی سلێمانی کوڕان) کە ئێستا ئامادەیی سلێمانی کوڕانە بەکار ئەهێنران، بۆ یارییەکانی (تۆپی پێ و باسکەو بالە) بارەگای یانەش بۆ یارییەکانی قورسایی هەڵگرتن و جوانی لەش و تۆپی سەرمێز و تەناف بازی و جمناستیک بەکار ئەهێنرا. مێژووی نوێ ی یانەی وەرزشی سلێمانی ئێستاش یانەی وەرزشی سلێمانی ناودارترین یانەی وەرزشییە لەسەر ئاستی کوردستان و ئێراق، پتر لە دوو هەزار ئەندام و دۆستی هەیە لە پیاوان ولاوان وکچان. بارەگاکانی یانە: بارەگای یەکەم کەبەپیتاک و هەرەوەزی ئەندامان و دۆستانی یانە درووستکرا.دەکەوێتە سەر شەقامی تەنیشت یانەی پزیشکان بەرانبەر بە نەخۆشخانەی (عەلی کەمال)، لەناو بارەگاکەدا (یاری تۆپی باسکەو بالەو تۆپی دەستی) تێدایە، یاریگای باسکەو بالەکەی لە مادەی (ڕیکۆبۆڵ) درووستکراوە لەگەڵ جێگای دانشتنی سەیرکەران (مدرجات)
لەناو بارەگاکەیدا هۆڵی تۆپی سەرمێز و هۆڵی قورسایی هەڵگرتن و جوانی لەش و ژووری کۆبوونەوەی ژووری میوانداری و چەند ژوورێک بۆ خۆگۆڕینی یاریزانەکانی تێدابوو. جگە لەم بارەگایە بارەگایەکی تر کەدەکەوێتە گەڕەکی (چوار باخ) نزیک مزگەوتی (عەبدوڵڵا لوتفیی) ەوە کەناودەبرێ بە (کۆمەڵگەی یانەی وەرزشی سلێمانی).لەبەر (بوونی هۆڵی داخراو) لەسەر تازەترین شێوەی مۆدیرن درووستکراوە، کە زەویەکەی بەمادەی (تارتان) درووستکراوە، لەگەڵ جێگەی دانشتنی سەیرکەران کە یاری تۆپی باسکەی تێدا ئەنجام دەدرێت، هەر لەم یاریگایەدا ژووری کۆبوونەوە و ژووری سەرۆک و ژووری جێگری سەرۆک و ژووری سکرتێر و ژووری ژمێریاری و ژووری خۆیەتی تێدایەجگە لە چەند ژوورێک کە بەجوانترین کەلوپەلی نووستن و حەوانەوە پڕ کراوەتەوە بۆ ئەو یاریزانانانەی جێ ی نیشتەجێبوونیان نییە لەوێ ئەنوون. هەروەها مەلەوانگەیەکی (داخراو) کە لەسەر تازەترین شێوەکە هەموو مەرجە یاساییەکانی تیادایە، لەسەر بوودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان درووستکراوە بە پێوانەی (25× 13) م. جگە لەمانە هۆلێکی تۆپی سەر مێز کە هەموو مەرجە یاسایی یەکانی تۆپی سەرمێزی تیادا هەیە. یاریگایەکی تۆپی دەستی تیادایە کە لە تەواو بووندایە و بەمادەی (تارتان) درووست دەکرێت. یاریگایەکی تۆپی پێ کە بەچیمەنی سەوز و پتر لە (000 20) بیست هەزار کەس دەگرێت، لەسەر تازە ترین شێوە نوێ کراوەتەوە لەسەر بوودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، و ئێستا بە کۆبوونەوەی هەموو یاریگاکان لە چوارچێوەی (مەلعەبەکە) داناونراوە (کۆمەڵگەی یانەی وەرزشی سلێمانی) لە گەڕەکی چوار باخ. پێویستە ڕۆڵی گرنگی بەڕێز خوالێخۆش بوو (ڕەشید میران) برا گەورەی شەهید کەمال سەلیم پێبزانریت کە لەپاش هەوڵدانێکی زۆر و ململانێیەکی گران توانی لە ساڵی (1970) ئەو زەویە لە وەزارەتی (بلدیە) وەربگرێت کەبووە بارەگای یانەکە کەلەسەر شەقامی (حەمدی) و لە هەمان کاتدا خوالێخۆشبوو (سەرۆکی ئەندازیاران) بوو. هەروەها ڕۆڵی بەرچاوی ماندوبوونی بەڕێز (حەمید میران) برای شەهید (کەمال سلیم) و برای خولێخۆشبوو (ڕەشید میران) ون نەکرێت کە بەڕێزی (ئەندازیارە) بوو خۆی نەخشەی بینای یانەی درووستکردوو لە کاتی کارکردنیشدا بۆ درووستکردنی دڵسۆزانە وەک کرێکارێکیش هاوبەشی دەکرد بۆ درووستکردن و لە هەمان کاتیشدا بەڕێزی سەرپەرشتی درووستکردنەکەی کردووە کە جێ ی ڕێزوپێزانینە. بە پێ ی بڕیاری حکومەت ماوەی (6) شەش مانگ لەژێر چاودێریدا دەمێنێتەوە ئەوسا دەتوانێت هەڵبژاردن ئەنجام بدات بۆ دیاری کردنی ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەر هەربویە لە (26-04-1957) دا یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجام داوە.