یەکێکە لە شارۆچکەکانی پارێزگای #هەولێر# کە دەکەوێتە سەر ڕێگای ھامڵتۆن. ئەم شارۆچکەیە 180 کیلۆمەتر لە باکووری پارێزگای هەولێر و 25 کیلۆمەتر لە سنووری ئێران دوورە و دەروازەی نێودەوڵەتیی #حاجی ئۆمەران# کە خاڵێکی سنووریی گرنگی نێوان کوردستان و ئێرانە دەکەوێتە شارۆچکەی #چۆمان#، هەروەها بەرزترین لووتکە چیای هەرێمی کوردستان کە #هەڵگورد#ە دەکەوێتە ئەم شارۆچکەیە. ئەم شارۆچکەیە لە ساڵی 1961 درووستکراوە و ساڵی 1970 کراوە بە شارۆچکە. لە ساڵی 2010دا، ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارۆچکەیە 28٫404 کەس بووە. قائیمقامیەتی شارۆچکەی چۆمان لە شارەدێکانی (#سمێلان#، #گەڵاڵە#، #حاجی ئۆمەران# و #قەسرێ#) پێک دێت و کۆی گشتی گوندەکانی 116 گوندە و ڕێژەی دانیشتووانی لە ئێستادا (ساڵی 2022) 47 هەزار کەسە.
$مێژووی شارۆچکەی چۆمان$
چۆمان کە بە ناوچەی باڵەکایەتی ناسراوە لە ساڵی 1961 بۆ یەکەمجار ئاوەدان کراوەتەوە. چۆمان بە درێژایی مێژوو ناوچەیەکی سەخت و شوێنی بەرنگاربوونەوەی داگیرکەرانی کوردستان بووە، باڵەکایەتی بە مەڵبەندی شۆڕش و لانکەی کوردایەتی دەناسرێت و لە کاتی سەرهەڵدانی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بە ڕابەرایەتیی #مەلا مستەفا بارزانی# بوو بە مەڵبەندی ئەو شۆڕشە و تا ساڵی 1974 دانیشتووانی ئەم دەڤەرە سەرەوەرییەکی مێژووییان بۆ ناوچەکە تۆمار کرد کە بوون بە هەڵگری چەکی شەڕەف و بەرگرییان لە خاک و ئاوی کوردستان کرد. لەم کاتەدا ئەم سنوورە بە سەدان ڕووداوی جۆراوجۆر و داستانی مەزنی بەخۆیەوە بینی، لە هەمووی گرنگتر ئەو ناوچەیە شوێنی دانووستانی نێوان حکوومەتی ناوەندیی ئەوسای بەغدا و سەرکردایەتیی شۆڕش بوو. شارۆچکەی چۆمان وەک پایتەختی شۆڕشی ئەیلوول وای کرد گرنگی دەربکەوێت، تا وای لێهات ڕژێمی #بەعس#ی دیکتاتۆر چەندین پلانی بۆ لەناوبردنی ناوچەکە داڕشت، بەڵام خۆڕاگریی پێشمەرگەکانی شۆڕشی ئەیلوول و بەچۆکداهێنانی سوپای ئێراق وای لە سەرانی حکوومەتی ئەوسای ئێراق کرد کە لە ڕۆژی 11ی ئازاری ساڵی 1970 لە چۆمان دەسەڵاتی خۆجێیەتی کە بە حکوومی زاتی ناسرابوو بدات بە کورد و لە هەمان ساڵیش بڕیاری بە قەزابوونی ناوچەکە دەرچوو، بەڵام دواتر بەهۆی بیری شۆڤێنیی عەرەب و ڕێککەوتنی ئێران لەگەڵ سەدامی دیکتاتۆر وای کرد شۆڕشی ئەیلوول تووشی نسکۆ ببێت و لە ساڵی 1983 بەهۆی شەڕی چەند ساڵەی هەردوو وڵاتی ئێران و ئێراق بۆ ماوەی هەشت ساڵ بەتەواوی سنوورەکە چوڵ کرا. لە 1991/3/10 دوای ئەوەی شارۆچکەکە لەگەڵ زەوی تەخت کرابوو جارێکی تر ئاوەدان کرایەوە و سەرلەنوێ ژیان لەم سنوورەدا دەستی پێ کردەوە. ئەم قەزایە لە ساڵی 1991 دوای ئاوەدانکردنەوەی جارێکی تر ڕووداوێکی مێژووییی بەخۆیەوە بینی کە بوو بە شوێنی مانەوەی نزیک لە یەک ملیۆن هاووڵاتی کوردستان کە لە ترسی بەعس لە ڕاپەڕینی بەهاری 1991 کۆچی بەکۆمەڵیان بۆ ناوچەکە کرد.
$سنووری جوگرافی شارۆچکەی چۆمان$
شارۆچکەی چۆمان سنوورێکی جوگرافی بەرفراوانی هەیە، کە لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ شاری #پیرانشار# هاوسنوورە، لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە بە زنجیرە چیای #قەندیل#دا بۆ سنووری شارەدێی #سەنگەسەر#ی پشدەری سەربە پارێزگای #سلێمانی# درێژ دەبێتەوە، لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە شارۆچکەی چۆمان لەگەڵ چیای حەسارۆست کە لوتکەکەی هەڵگوردە و بەرزییەکەی نزیکەی (3607) مەترە، دەبەسترێتەوە، لە ڕۆژاواشەوە بە ئیدارەی سەربەخۆی #سۆران# دەبەسترێتەوە، هەروەها لە باشوورەوە بە سنووری شارەدێی #سیدەکان#ی سەربە ئیدارەی سۆران کۆتایی دێت.
ناوچەی باڵەکایەتی ناوچەیەکی فروانی بەرزونزمە، بەشێکی بەرچاوی زەوی کشتوکاڵی تێدا هەیە، ڕووبەری گشتی چۆمان دەکاتە 283780 دۆنم، ڕووبەری شیاو بۆ چاندن 36915 دۆنمە ڕووبەری ئاوییەکەی 27230 دۆنمە و ڕووبەری دێمیشی (زەوی نەکێڵدراو) 9685 دۆنم زەوی دەبێت. خەڵکی ئەم ناوچەیە بەزۆری بە کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە خەریکن، بەرهەمەکانی جۆراوجۆرن و بەزۆری دوو وەرزین، هاوین و پاییزین، ناوچەکە لە زستاندا سەخت و ساردە و لە هاوینش گەرم و مامناوەندە، ڕێژەی بارانبارینی وەرزییە و مامناوەندە، بە گشتی کەشوهەوایەکەی شێدارە لە وەرزی زستانیشدا ڕێژەی بەفربارین بەرزدەبێتەوە کە هەندێک ساڵ دەگاتە 100 سم.
$باری ئابووری$
لەڕووی مرۆیییەوە خەڵکی ناوچەی باڵەکایەتی ڕێژەیەکی بەرچاو لە فەرمانگە حکوومییەکان هەڵدەسووڕێنن و بەشێکی زۆری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەڕێوە دەبەن، لە ڕووی هۆشیاریی کۆمەڵایەتیشەوە خەڵکەکە ئاستێکی بەرز و باشییان هەیە.
سامانی ئاژەڵ لەو ناوچەیە گرنگیی زۆرە، چونکە ناوچەیەکی شاخاویە و پێکهاتە سرووشتییەکەی وای کردووە کە ناوچەیەکی لەبار و بەسوود بێت بۆ بەخێوکردن ئاژەڵ. لەو ناوچەیە ڕێژەیەکی زۆر لە بزن، چێڵ، مەڕ و جۆرەکانی تری ئاژەڵ بەخێو دەکرێن.
لەڕووی ڕووەکەوە ناوچەیەکی سرووشتی و بەرفراوانی ڕووەک هەیە بە تایبەت ڕووەکی سرووشتی کە بووەتە هۆی ئەوەی لە وەرزی لەوەڕین زیاتر لە سەدان هەزار مەڕ و بزن ڕووبکەنە ناوچەکە، ئەمەش بووەتە سەرمایەیەکی بەهێز بۆ دانیشتووانی ناوچەکە.
لەڕووی کشتوکاڵەوە ناوچەیەکی تەسک و بەرزونزمە، زەوییەکانی شیاون و لە گرنگترین بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی گەنم، خەیار و تەماتەن، هەروەها لە جۆرەکانی میوەش بە ناوبانگرترینیان گوێز، سێو، خۆخ و قەیسین کە ساڵانە بە هەزاران تەن ڕەوانەی بازاڕە ناوخۆیییەکان دەکرێن.
لەڕووی سامانی سرووشتییەوە تا ئێستا ئەو ناوچەیە جگە لە کانەبەردەکانی گەڵاڵە، بەردەزەرد و ئاوێکی زۆری شیرینی سرووشتی هیچ جۆرە سامانێکی تری لێ نەدۆزراوەتەوە کە پێشبینی دەکرێت ناوچەیەکی دەوڵەمەندی بواری سامانی سرووشتی بێت.
$باری کۆمەڵایەتی$
ناوچەی باڵەکایەتی لە ڕووی پێکهاتەی ئایینییەوە لە ٪100 پابەندن بە ئایینی ئیسلامەوە، هەر لە کۆنەوە مەڵبەندی فێرکردنی زانست و ئایینی ئیسلام بووە بۆ نموونە کەڵەشاعیری گەوەری کورد نالی و حاجی قادری کۆیی لە حوجرەکانی شێخ وەتمان و خۆشکان کە دوو گوندی سەربە چۆمانن خۆێندوویانە، هەروەها مامۆستای گەورە مەلا ئادەم لە گوندەکانی دۆڵی ڕووست و ناوچەی باڵەکایەتی ڕۆڵێکی کاریگەریی هەبووە.
ڕێژەی ئافرەت: ٪46
ڕێژەی پیاو: ٪54
ڕێژەی منداڵ: ٪28
$پڕۆژە ستراتیجییەکانی سنووری شارۆچکەی چۆمان$
ئاو: ئاو پڕۆژەیەکی ستراتیجیی گەورەیە کە لە پرژێ بۆ شارۆچکەی چۆمان دێت، بە هاتنی ئەو پڕۆژەیە بۆ چەندان ساڵی داهاتوو کێشەی گەیشتنی ئاو بۆ مەڵبەندی شارۆچکە چارەسەر کراوە. گەڕەکەکانی وەک پێویست تۆڕی ناوخۆیییان بۆ دابین نەکراوە و پێویستیان بە فراوانکردن هەیە، گوندەکانی دەوروبەری سەرجەمیان پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەیان بۆ دابین کراوە زۆربەشیان دوای فراوانبوونی گوندەکان بۆیان فراوان کراوە. مەڵبەندی قەزایەکە لە ڕووی گەیاندن و ئەنجامدانی پڕۆژەی ئاوی شیرین هیچ گرفتێکی نییە.
کارەبا: لە سنووری شارۆچکەی چۆمان کەڵک لە تۆڕەکانی کارەبای نیشتمانی وەردەگیرێت و لە ڕێگەی وێستگەی چۆمانی (33) کەی ڤەی ئەی تۆڕی کارەبا بۆ سەرجەم گوندەکانی مەڵبەندی شارۆچکە و گەڕەکەکانی دابین کراوە و بەپێی کاتی نیشتمانی کارەبا دەگاتە هاووڵاتییان.
خوێندن: لە مەڵبەندی شارۆچکە نۆ قوتابخانە هەن کە دوو دەوامیان تێدا دەکرێت لەگەڵ یەک پەیمانگا و دوو باخچەی ساوایان، هەروەها لە گوندەکانی سنووری مەڵبەندی شارۆچکە 6 قوتابخانە هەیەن.[1]