ناو: ئەنوەر
نازناو: مەسیفی
ساڵی لەدایکبوون: 1952ز.
ڕۆژی کۆچی دوایی: #02-10-2005#ز.
شوێنی لەدایکبوون: گوندی #کۆڕێ#ی سەربە هاوینەهەواری #پیرمام#
$ژیاننامە$
ئەنوەر مەسیفی، لە ساڵی 1952ز. لە گوندی کۆڕێی سەربە هاوینەهەواری پیرمام لەدایک بووە. ئەو بە یەکێک لە شاعیرە ئاڤانگارد و پێشڕەوکانی ساڵانی حەفتای باشووری کوردستان دێتە هەژمار. مەسیفی لە ئەزموونی ئەدەبی خۆیدا لە دژی مەشی کۆن و دووپاتەی وێژەی سەردەمی خۆی بوو و بە شێواز و ڕەوتە تایبەتەکەی، خۆی لە هەموو هەڵبەستڤانانی سەردەمەکەی جودا دەکرد. ئەنوەر مەسیفی جیا لە چالاکی، نووسراوە و چاوپێکەوتنەکانی لە ژیانی ئەدەبی خۆیدا خاوەن هەفت پەرتووکی چاپکراوە کە پێنجیان لە کۆمەڵە هۆنراوە و پەرتووکێک تایبەت بە شانۆ و هەروەها پەرتووکێکی چاپکراویشی لە وتارێکی تیۆری-ئەدەبی پێک دێت. بە باوەڕی بەشێک لە نووسەران و ئەدەب دۆستان مەسیفی بەدەر لەوەی کە ئەدیبێکی دژەباو بووە و لە هەوڵی تێکشکاندنی چوارچێوە کلاسیکەکان بووە بە مەرامی چێکردنی زمان و فۆرمێکی نووسین تایبەت بە خۆی، بە شاعیرێکی سووریالیش دادەنرێت. مەسیفی بە هەموو ئەو تینوویەتی و زەوق و حەزەی کە بۆ ژیان و ئەدەبیات و جوانی هەیبوو، فەلەک دەرفەتی تەمەنێکی زیادتری پێ نەدا و لە تەمەنی 53 ساڵیدا لەگەڵ هاوژین و هەردوو منداڵەکانی لە ڕێکەوتی #2-10-2005#ز. بە ڕووداوی ئۆتۆمبێل کۆچی دوای دەکات و ماڵاوایی لە ئەدەبیات و نووسین دەکات.
$بەرهەمە چاپکراوەکانی ئەنوەر مەسیفی$
=KTML_LIST_icon_book_LISTTYPE=خۆرباران-هۆنراوە 1978ز.
جارێکی تر خۆرباران-هۆنراوە 1984ز.
جلوبەرگ و جمکەکان-هۆنراوە 1990ز.
#پیرەمێردێک بۆ فرۆشتن#-شانۆگەری بۆ خوێندنەوە یان هۆنراوەی سینەما-2003 ز.
#شەیتان 2#-هۆنراوە 2003ز.
#سێ فۆرمی گران#-وتاری ئەدەبی
ئەو گۆرانییەی نەمگوت-هۆنراوە (دوا پەرتووکی شاعیره)=KTMLLISTEND=
$دوو نموونە لە هۆنراوەەکانی مەسیفی$
«کارەسات»
لە پەرتووکی جارێکی تر خۆرباران-هۆنراوە 1984ز.
هێشتا لە دایک نەبووم
هەر لەناو لەشی باوکم هاتوو چۆم دەکرد
غار غارانێی ئەسپ سوارەکانی مێژووم ڕەسم دەکرد.
داگیرسانی ڕۆمام دەدی.
هێشتا لە دایک نە ببووم،
ئەو نۆ مانگەی لەناو منداڵدانی دایکم دانیشتبووم
ڕۆمانێکی نۆ ملیۆن پەڕم خوێندەوە.
حەفت ملیۆن پەڕی بەراییی،
ڕووتی لات و ڕشانەوەی کۆشکەکانی هەر حەفت کیشوەری لێ دەتکا
پەڕەکانی تریش داوەتی کۆڕێی لەناو دەکرا.
(لێرە، لەوێ، لە هەر بستێ دەست بۆ هەر پەنجەرەیێ درێژ بکەی لە هەر چ دەرگایێ بدەی
هەر دەبێ لەو ڕووبارانە بخۆیتەوە.
کە هەندێ جار هێندەی چیایێ باڵا دەگرن،
هەندێ جاریش ماسییەکی یەک ڕۆژیشیان لەناو دەخنکێ)
لە دایک بووم
سەرم پڕی شیکردنەوە و کۆکردنەوە و دابەشکردن و لێکدان و دەرکردن بوو،
دڵیشم لێ بووە مزگەفت.
مەلێ هێڵانەی لێ تێک درابێ
منداڵێ بە گوندی خۆی نە کەوتبێتەوە
هەتا دوایی، هاتن لە ناوی مانەوە
کەواتە دایکە گیان، چیتر خۆشت نەوێم
باوکە بیرم لێ مەکەوە.
دوێنێ ئاگرێکی بێ ئامان زەوی دەخوارد
ئەمڕۆش وەکوو مەڵۆتکەیەک لەناو بەفرێکی بێ خوودان گلۆر دەبتەوە
دوور نییە سبەش بایەکی قوڕاویم بۆ بکرێ بە کفن یان بکوژرێ
من ببم بە سەر کۆماری تۆپی زەوی، یان لافاوێکی وەکوو نوح
یان ببم بە گورزی ڕۆستەم
یان شتێکی وەکوو زولفەقاری عەلی خۆر دەگۆڕم
دەریاکانیش بە هیشکایی دەگۆڕمەوە
- ئای ڕۆ! سەرشین ئەوە خەڵەفاوی؟
- بنوو بەشکم بە ئاگانێی!
- ئەنوەر شێت بووی؟
- بنوون بنوون
بەشکەم بشێ سبەینێ کە بە ئاگا دێین هەر حەفت کیشوەر یەکی گرتبێ!
بنوون، کێ ناڵێ لە دەرگامان بیکەنەوە، منم خەونی مێژووی مرۆڤ.
یەکەم ئافرەتی پێغەمبەر
کێ ناڵێ گەر ئێوە بنوون، کێل ببنەوە،
کێو، دار، ڕووبار، مەل، ئاژەڵ، لم، مرۆڤ
مرۆڤ
هەموویان یەکیان نەگرتووە
تفەنگ، سیاسەت، تۆپ، ژەهر، درۆ
لە بن قوڵترین دەریاشا ژەنگیان نامێنێ،
بۆ دەرمان.
(شەیتان)
لە پەرتووکی شەیتان 1999ز.
لە داهاتوو هاتمەوە
ڕدێنیان لە ناو قەبر نام
پێش دوێنێ
قەبری دوێنێیە
دوێنێ قەبری ئەمڕۆیە
ئەمڕۆ قەبری سبەینێیە
سبەینێ
قەبری پاش سبەینێیە
لە داهاتوو هاتمەوە
کتابیان لە ناو قەبر نام
پاش سبەینێ
قەبری سبەینێیە
سبەینێ قەبری ئەمڕۆیە
ئەمڕۆ قەبری دوێنێیە
دوێنێ قەبری
پێش دوێنێیە
لە داهاتوو هاتمەوە
پێڵاویان لەناو قەبر نابووم
کراسیان لەناو
قەبر نابووم. [1]