ئامادەکردنی: #زریان سەرچناری#
سلێمانی 2018
زێوەر
بازاڕی مەحەببەت
لە هیجرا ڕوو لە ساقی و شیشەیی سەهبا نەکەم چ بکەم؟
وجوودم گەر بە فەرشی مەیکەدە و مینا نەکەم چ بکەم؟
لە ناو تۆفانی ئەفکارا نەهەنگی (لا الە) هەستێ
تەشەببوس گەر بە کەشتی نووحی (إلا الله) نەکەم چ بکەم؟
مەتاعی حوسنی ئه و مەحبووبە نەقدی داغ و سەودایە
لە بازاڕی مەحەببەتدا بە ڕۆح سەودا نەکەم چ بکەم؟
ئەوا مەحروومی خۆی کردم دڵی بردم دەری کردم
بە سۆزی دڵ هەموو دەم ڕوو لە قاپی خوا نەکەم چ بکەم؟
لە هەرلا زەبتی ناکەم موددەعی تا تۆ ڕەئیسم بی
بە قانوونی مرووەت گەر ڕەجا ئیجرا نەکەم چ بکەم؟
بە ڕوتبەی وەسڵی ئەو ناگەم ئەگەر عومرم هەموو دانێم
لە دەست ئه و زاڵمە لەم کارە ئیستیغنا نەکەم چ بکەم؟
ئەڵێن ئەوراقی زوڵمی تۆ تەواو نابێ بە تەحریرات
وەکو (زێوەر) بە تەقریر گەر ئەدای مەعنا نەکەم چ بکەم؟
پادشای حوسن
کەتۆ ڕۆیی بەجوز ناڵاندن و گریان زووبان چ بکا؟
کە ئاهوو ڕەم بکا سەییاد بەجوز ناڵە و فوغان چ بکا؟
لە سایەی عەسکەری موژگان و توڕڕەی زولفی شەوڕەنگی
نیگارم پادشای حوسنە، لە حاڵی عاشقان چ بکا؟
ئەلا ئەی عاشقی بێ دڵ نیگارت میهرجۆ نابێ
لە قاپیدا عەبەس کەوتوی فەقیرە دەرگەوان چ بکا؟
بە وەعز و پەندی دانا مەردی نادان بەهرەوەر نابێ
کە بەخت و تالعی ڕەش بێ گەڕانی ئاسمان چ بکا؟
لە هەرلا ئیتتیفاقێ بوو، ئەگەر کێوە عەدوو هیچە
کە پەششە ئیتیفاقێ بوو ئەبێ فیلی دەمان چ بکا؟
بە حوکمی حەق ڕەزا نابێ ئەبەد مەتڕوود و مەحکوومی
ئەلا ئەی نەفسی دوون شەیتان ئەبێ غەیری زیان چ بکا؟
کە بەدخولقی تەبیعەت بێ بە میسقەل زەحمەتە لاچێ
لە دەست بوجەهل و ئەمسالی ڕەسوولی ئینس و جن چ بکا؟
لە دووریی تۆ ڕەفیقان و هەموو دنیام لەلا مەحوە
کە فەسڵی گوڵ نەما، بولبول لە باغ و باغەبان چ بکا؟
لە جیلوەی گوڵ لە نەشئەی مەی لە عەکسی تەلعەتی ساقی
کە دڵ ژەنگی غەمی تیابێ ئەبێ (زێوەر) لەوان چ بکا؟[1]