=KTML_Bold=پێویستە کورد بەرێگەی فەڵەستیندا بڕوات بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان=KTML_End=
#کارزان گلی#
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا، لە #24-07-2025#، لە وتارێکدا گوتی ”دوو مانگی تر فەلەستین وەکوو دەوڵەت دەناسێنین“، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پار ساڵ، هەریەک لە وڵاتانی (ئیسپانسا، نەرویژ، ئێرلەندا، سلۆڤینیا و ئەرمەنستان)، بە فەرمی فەلەستینیان وەکوو دەوڵەتێکی سەربەخۆ ناساند.
لە کۆی 193 وڵاتی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان، تەنیا 149 دەوڵەت بە فەرەنساشەوە فەلەستینیان وەکوو دەوڵەت ناساندووە، بەڵام ئەو ڕێژە زۆرەی وڵاتان نەبووەتە هۆی ئەوەی فەلەستین بەفەرمی وەکوو دەوڵەتێکی سەربەخۆ بناسرێت.
بەشێکی زۆری ئەو وڵاتانەی فەلەستینیان وەکوو دەوڵەت نەناساندووە، هۆکارەکەی تەنیا ئەوەیە، دەیانەوێت ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستین بێتە ئاراوە و لە کەشێکی ئارامدا گفتوگۆ بکەن و سنوورەکانی خۆیان دیاری بکەن. ئەگەر چی ئیسرائیل، دانپێدانانی فەلەستین وەکوو دەوڵەت بە مەترسی بۆ سەر ئاساییشی ئیسرائیل لێک دەداتەوە، بەڵام ئەگەر ئەو دوو وڵاتە بگەنە ڕێککەوتن، ئەو وڵاتانەی لەم کاتەدا دەنگ بۆ سەربەخۆیی فەلەستین نادەن، بۆچوونیان دەگۆڕێت و بەبەڵی دەنگ بۆ سەربەخۆیی دەدەن.
ئەوەی بووەتە کێشەیەکی گەورە لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستین، بوونی قودسە، کە هەردوو لا بە خاکی خۆیان دەزانن و هەردوولا وەکوو پایتەختی وڵاتی خۆیان وێنای دەکەن و لەڕووی ئاینییەوە لایان پیرۆزە، بۆیە تا لەسەر قودس نەگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی، ئەستەمە فەلەستین ببێت بە دەوڵەت، ئەمەش بۆچوونی بەشێکی زۆری شڕۆڤەکارانە.
تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی لە #15-11-1988#، بەفەرمی فەلەستینی وەکوو دەوڵەت ناساندووە، بەڵام هەریەک لە (ئەمریکا، ئینگلتەرا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا، کەنەدا، نەمسا، هۆڵەندا، ئیتاڵیا، پورتوگال، فینلەندا، دانیمارک، بەلجیکا، یۆنان، کۆریای باشوور، میانمار، تایوان، نیوزلەندا، پاناما و کامیرۆن)، فەلەستینیان وەکوو دەوڵەت نەناساندووە. نەمسا، لە 2024 ڕایگەیاند، ئەگەر ئەو دوو وڵاتە بتوانن کێشەکانیان چارەسەر بکەن، ئەوکات ئێمەش دەنگ بە سەربەخۆیی فەلەستین دەدەین.
لە تەواوی وڵاتانی ئەوروپا، تەنیا حەوت وڵات فەلەستین وەکوو دەوڵەت دەناسێنن، ئەو وڵاتانەش لەدوای ڕووخانی بلۆکی سۆڤیەت توانیویانە بگەن بە سەربەخۆیی و پێشتر لە چوارچێوەی یەکێتی سۆڤیەندا بوونە.
چەند هەفتەیەک بەر لە ئێستا، لەسەر داوای نەرویژ و ئیسپانیا و ئێرلەندا، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرا، فەلەستین وەکوو ئەندامێکی هەمیشەیی قبوڵ بکەن، بەڵام وڵاتانی ئەنجوومەنی ئاساییش، لە مانگی نیسان کۆبوونەوە و ئەمریکا ڤیتۆی بەکارهێنا و فەلەستین نەیتوانی ببێتە ئەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان.
ئەنجوومەنی ئاساییش، لە پێنج وڵاتی هەمیشەیی پێکهاتوون، دەبێت هەموویان ڕەزامەند بن ئەوکات فەلەستین، یان هەر لایەنێکی تر دەتوانن ببنە ئەندامی هەمیشەیی لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا، واتە نابێت هیچ یەکێک لەو وڵاتانە ڤیتۆ بەکاربهێنن و دەبێت هەر پێنجیان بەبەڵێ دەنگ بدەن. وڵاتانی ئەنجوومەنی ئاساییش ئەمانەن (ئەمریکا، ئینگلتەرا، فەڕەنسا، ڕووسیا و چین).
دوای ئەوەی ئەمریکا ڤیتۆی بەکارهێنا، لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد ”ئێمە پشتگیریی هەردوو وڵات دەکەین تا دانوستاندێکی بەهێز ئەنجام بدەن، ئێمە وەکوو ئۆپۆزسیۆنێک ڕەتمان نەکردووەتەوە کە فەلەستین وەکوو دەوڵەت نەناسێنین، بەڵکوو ئێمە لەو ڕێگەیەوە هانیان دەدەین تا بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی.“
لە 2011، فەڵەستین بەفەرمی داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، کە وەکوو ئەندامی هەمیشەیی قبوڵی بکەن، بەڵام ئەنجوومەنی ئاساییش ڕەتی کردەوە. فەلەستین بۆ جاری دووەم لە 2012 هەمان داوای کردەوە، بەڵام ئەمجارەیان وەکوو چاودێر لە نەتەوە یەکگرتووەکان قبوڵکرا، واتە لە کۆبوونەوەکان نوێنەری فەڵەستین دادەنیشێت، بەڵام ناتوانێت دەنگ بدات، چونکە ئەندام نییە.
ئەم هەنگاوەی فەلەستین گرنگ بوو، چونکە ڕێگەی بۆ خۆش کرد، تا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش ببێتە ئەندام، وەکوو دادگای سزا نێودەوڵەتییەکان. هەروەها ئەم هەنگاوە وای لە فەلەستین کرد، لەڕووی دیبلۆماسییەوە زیاتر بەرەو پێشەوە بچێت و ڕەنگە لە ماوەیەکی تردا ڕێگەی بدەن دەنگیش بدات، بەڵام ئەمە نابێتە هۆی ئەوەی چارەسەری کێشەکانی لەگەڵ ئیسرائیل بکات و وەکوو وڵاتێکی سەربەخۆی بناسرێت، تەنیا ئەوکات دەبێت کە لەگەڵ ئیسرائیلدا بگەنە ئاشتییەکی بەردەوام و لەسەر سنوور ڕێکبکەون.
کورد دەبێت بەو ڕێگەیەدا بڕوات کە فەڵەستین پێیدا تێپەڕیوە لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاخر پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە پرسی فەڵەستین گەورەتر و بەبایەخترە، بۆیە دەبێت ئێمەش سەرەتا داوا بکەین، کورد نوێنەری وەکوو چاودێر لە نەتەوە یەکگرتاوەکاندا هەبێت، پاشان بە هەوڵی دیبلۆماسی، دەتوانین بتوانین لە کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگیش بدەین، واتە ئەگەر کورد نوێنەری هەبێت لە نەتەوە یەکگرتووەکان وەکوو چاودێر، دەرگامان بۆ دەکاتەوە تا لە ڕێکخراوە گەورە و جیهانییەکان ببینە ئەندام، وەکوو ڕێکخراوی سزا نێودەوڵەتییەکان، ئەوکات دەتوانین بەرامبەر ئەو زوڵمەی بەغدا لە دەرگای ئەو ڕێکخراوە گەورەکانە بدەین.
تکایە با بەهەندی وەرگرین، کە گرنگە و زۆریش گرنگە، کورد وەکوو چاودێر لە نەتەوە یەکگرتووەکان بوونی هەبێت، با خۆمان لە فەڵەستین پێ کەمتر نەبێت. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=