=KTML_Bold=بۆچی ئۆجەلان پەیامی بۆ هەڵوەشاندنەوەی #هەسەدە# نەنارد؟=KTML_End=
#کارزان گلی#
تورکیا هیچی دەستنەکەوت لە ڕۆژئاوای کوردستان، بۆیە پرسی چارەسەریی لە تورکیا پێشوەچوونی بەخۆیەوە نەبینی، بە کورتی (هێواش کرا). دیارە بەڕێز ئۆجەلان هەستی بەوە کرد پڕۆسەکە لەسەرخۆ دەڕوات، بۆیە داوای لە پەکەکە کرد لە هەنگاوی دووەمدا، هێزەکانیان لە تەواوی خاکی تورکیا بکشێننەوە.
پێشتریش گوتوومە و دەیڵێمەوە، تورکیا سیاسەتی بەرامبەر بە ڕۆژئاوا توند بێت و هەوڵی لەناوبردنی هەسەدە بدات، پرسی چارەسەری لە تورکیا پەکی دەکەوێت، ئەو دوو پرسە بەیەکەوە بەستراوەتەوە، جیا نابنەوە. پرسی ڕۆژئاوا و باکووری کوردستان، گیانێکن لە دوو جەستەدا، بەڵام تورکیا پێیوایە دوو گیان و دوو جەستەن.
باخچەلی هەوڵی زۆریدا تا فشار بخاتە سەر بەڕێز ئۆجەلان بۆ ئەوەی داوا لە هەسەدە بکات چەک دابنێت و خۆیان هەڵوەشێننەوە، ئەمەی بۆ نەکرا، بۆیە پرسی چارەسەری لە تورکیا هەنگاوی کرداری نەنا و تەنیا لە چوارچێوەی برایەتی تورک و کورد سووڕدەخواتەوە.
دەبێت تورکیا قبوڵی بێت ڕۆژئاوای کوردستان ببێتە دراوسێی و ئاڵوگۆڕی بازرگانیان لەگەڵدا بکات، سوودی بۆ هەردوو لا دەبێت و لەکۆڵ بەڵای تیرۆریش دەبنەوە، پرسی سووریاش بەرەو چارەسەری دەچێت و شەر کۆتایی پێدێت و بەفیدڕاڵییەت بۆ کورد، سووریا پێشوەچوونی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت.
هەرێمی کوردستان نموونەیەکی زیندوو و گرنگە بۆ تورکیا، چونکە لە 1991 تورکیا دژی ئەوەبوو کورد ببێتە خاوەنی حوکمی زاتی و دەیانگوت کاریگەریی لەسەر جیابوونەوەی باکوور دەبێت، ئێستا ساڵانە بە بەهای 13 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ دەروازەکانی هەرێمدا هەیە و هەرێم نەک نەبووەتە کێشە، بەڵکوو نموونەیەکە بەگرنگەوە لە تورکیا باس دەکرێت.
بۆ ئەوەی چەکەکان بێدەنگ بن، پێویستە تورکیا بۆ فیدڕاڵییەتی ڕۆژئاوای کوردستان بێدەنگ بێت و دەستی دۆستایەتی بۆ درێژ بکات، بەپێچەوانەوە پرسی چارەسەریی لە تورکیا دیسان تێکدەدرێت و ڕەنگە لەسەردەمی ئاکەپەدا نەیەتەوە بەرباس. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=