=KTML_Bold=ترەمپ #هەسەدە# ڕادەستی شەرع دەکات؟=KTML_End=
#کارزان گلی#
دوای کۆبوونەوەی ترەمپ و شەرع، ئاییندەی هەسەدە چی لێدێت؟
سەردانی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ڕاگوزەری سووریا بۆ کۆشکی سپی و پێشوازیلێکردنی لەلایەن دۆتاڵد ترەمپ، سەرۆکی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەو پرسیارەی وروژاندوە، ئایە ترەمپ هەسەدە ڕادەستی شەرع دەکات و پشتی تێدەکات؟
سەردانەکەی شەرع بۆ کۆشکی سپی و ئەو پێشوازییە گەورەیەی لێیکرا، مێژووییە و لە میدیاکانی جیهان دەنگی دایەوە، چونکە پێشتر شەرع لەلایەن ئەمریکاوە وەکوو تیرۆرست ناسێنرابوو و تەنانەت زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلاریان دانابوو بۆ هەر کەسێک شوێنی شەرع ئاشکرا بکات، بەڵام ئەمجارەیان وەکوو سەرۆک و شۆڕشگێر پێشوازی لێکرا و ناوی هێنرا، ئەمەش هەسەدە و کوردی نیگەران کردووە، ترسیان هەیە بفرۆشرێن.
بەگوێرەی بۆچوونی بەشێکی زۆری شڕۆڤەکارانی سیاسی، دوو ئەگەر هەیە لەبارەی هەسەدە و ئاییندەی ئەو هێزە لە سووریا.
یەکەم: ڕەنگە ترەمپ داوای لە شەرع کردبێت، مافی کورد بدات و پێویستە هەسەدە بچێتەوە سەر سوپای بەرگری سووریا، بەو مەرجەی ناوچەی ڕۆژئاوای کوردستان خۆیان بەڕێوەی ببەن، واتە هەسەدە ڕادەستی سووریا ناکرێت و دەبیێت سووریا دانی پێدا بنێت. پێشتریش مەزلووم عەبدی گوتبووی، هەسەدە وەکوو هێز دەمێنێتەوە و ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوە دەبات، بەڵام وەکوو میلاک دەچنە سەر وەزارەتی بەرگری سووریا.
دووەم: ڕەنگە ترەمپ ڕێگە بدات هەسەدە بەتەواوی خۆی ڕادەست بکات و پێویست ناکات ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوە ببەن، واتە خۆرادەستکردن.
بەڵام ئەگەری دووەم زۆر لاوازە و ئەگەر ترەمپ هەنگاوی لەو شێوەیە بهاوێت متمانە لەلای دۆستانی لە جیهان لەدەست دەدات، چونکە تاوەکوو ئێستاش ڕەخنە لە ترەمپ دەگیرێت بەوەی لە #عەفرین# ڕێگەیدا تورکیا هێرش بکاتە سەر هەسەدە و ئەو شارە داگیر بکات.
وڵاتانی ئەندام لەو هاوپەیمانییەی بۆ لێدان لە #داعش# دروست بوو، دژی ئەوەن هەسەدە چەک بکرێت و پشتی تێبکەن، ئەوان پێیانوایە مەترسییەکە زۆر گەورە دەبێت.
ئەڵمانیا و فەڕەنسا، بەهەموو شێوەیەک دژی ئەوەن سووریا هێرش بکاتە سەر هەسەدە، چونکە شەڕێکی گەورەی ناوەخۆیی ڕوو دەدات، دەبێتە هۆی ئەوەی هەزاران هاووڵاتی تر ئاوارە بن و ئەو ئاوارانەش ڕوو لە ئەورووپا دەکەن، بەتایبەت ئەڵمانیا و فەڕەنسا، بۆیە هەموو هەوڵێک دەدەن بەرێگەی دیالۆک ناکۆکییەکان چارەسەر بکرێت.
تورکیا و ڕۆڵی لە ئاییندەی سووریادا
تورکیا خۆی یەکلایی کردوەتەوە، کە هەسەدەی پێتیرۆرستە و دەڵێت دەبێت بچنەوە سەر وەزارەتی بەرگری سووریا، هەروەها ژێرخانی سەربازی سووریاش هەر تورکیا دروستی دەکات، بەڵام تا چەند لەوەیاندا سەرکەوتوو دەبێت، لە ئاییندە ڕوون دەبێتەوە.
میدیاکانی نزیک لە ئاکەپە بڵاویان کردووەتەوە، تورکیا پاڵپشتی لە سووریا دەکات بۆ لێدان لە هەسەدە. باسیان لەوەش کردووە، پێویستە تا سەری ساڵ هەسەدە خۆی ڕادەست بکات و شتێک نەمێنێت بەناوی هەسەدە، ئەگەر ئەوە ڕوو نەدات هێرش بۆ سەر هەسەدە دەستپێدەکات.
ئاژانسی (BBC) تورکی بڵاوی کردووەتەوە، ئەگەر بێت و تورکیا هاوکاری سەربازی سووریا بکات بۆ لێدان لە هەسەدە، پرسی چارەسەری لە تورکیا کۆتایی پێدێت، واتە ئەو هەوڵەی لەناو پەرلەمانی تورکیا و لەلایەن عەبدوڵا ئۆجەلان و حکوومەتی تورکیا بۆ پرسی ئاشتی دەستپێکردووە، کۆتایی پێدێت و شەر هەڵدەگیرسێتەوە.
تورکیا باش دەزانێت پرسی چارەسەری کورد لە تورکیا، گرێدراوە بە پرسی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، واتە چەندە لەگەڵ ڕۆژئاوا نەرم بێت و دانووستان بکات، ئەوەندەش دانووستان لە باکووری کوردستان ئاسان دەبێت و پرسی چارەسەری ئەنجامی دەبێت.
ئەمریکا تاوەکوو ئێستا سیاسەتێکی ڕوونی نییە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، بەئاشکرا دژی هەسەدە نەوەستاوەتەوە، بەپێچەوانەوە تا دێت ئەو هێزە پڕ چەک دەکات، بەڵام خۆی یەکلایی نەکردووەتەوە بەوەی دەبێت هەسەدە وەکوو هێز بمێنێت و ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوە ببات، تەنیا لەژێر پەردە و کۆبوونەوە نهێنییەکاندا لەوڕووەوە گفتوگۆ کراوە، بەڵام ئەنجامەکەی بۆ ڕای گشتی بڵاونەکراوەتەوە، ئەمەش گومانی لای کورد دروست کردووە.
هەسەدە بەهێزترین هێزی سووریایە، ژمارەیان زیاترە لە 100 هەزار چەکدار و بەشێوەیەکی ئەکادیمی ڕاهێنراون بۆ جەنگ، لە شەڕ دژی گروپی تیرۆرستی داعشدا، ڕۆڵێکی گەورەیان هەبوو و توانیان لە سووریا داعش تێکبشکێنن و لەناوی ببەن، بۆیە بەگوێرەی هەموو پێشبینییەکان ئاییندەی سووریا بەبێ هەسەدە هیچ ئەنجامێکی نابێت و پەلاماردانی ئەو هێزە، سووریا دەباتەوە بۆ 2011 و ڕەنگە شەڕێکی گەورە بەرپا ببێت و ئەحمەد شەرع، لە بری ئەوەی سووریا ئاوەدان بکاتەوە و ئارامی بۆ وڵات بهێنێت، بە پەلاماردانی هەسەدە، ڕیسەکەی لێ دەبێتەوە بە خووری. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=