#قەسەدە# بانگەشەکانی وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی کاتیی سووریای ڕەتکردەوە کە بانگەشەی ئەوەی کرد، ئەو کەسانەی هێرشە خۆکوژییەکانی کڵێسەی مار ئیلیاسیان ئەنجامدا لە کەمپی هۆلەوە هاتوون. قەسەدە دووپاتی کردەوە، هیچ کەسێک لە کەمپی هۆل دەرنەچووە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) بە ڕاگەیاندراوێک دووپاتی کردەوە، بانگەشەکانی وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی کاتیی سووریای بەدرۆخستەوە کە باس لەوە دەکات ئەو خۆکوژەی هێرشەکەی کڵێسەی مار ئیلیاسی لە گەڕەکی دوەیلعە ئەنجامداوە و ئەو خۆکوژەی تر کە هەوڵی داوە هەرێمەکانی تر بکاتە ئامانج لە کەمپی هۆل لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاوە دەرچوون و سووریی نین.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، پاش ئەم بانگەشانە، دەزگا تایبەتەکانی قەسەدە پشکنینیان کردووە بۆ لیستی کەسانی نیشتەجێی کەمپی هۆل و ئەو کەسانەی لە پێشتردا لە کەمپەکە دەرچوون، دەرکەوتووە کە هیچ کەسێک لە کەمپەکە دەرنەچووە، بێجگە لەو کەسانەی لەسەر داوای حکومەتی کاتی سووریا دەرکراون و هەموویان خەڵکی سووریان. هەروەها ژمارەیەک ئێراقی دەرچوون، بەڵام ئەو کەسانە بەپێی ئەو لیستانە دەرکراون کە لەلایەن ئێراقەوە خراونەتەڕوو، و ئەم کەسانە براون بۆ کەمپی جەدعە.
بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکە، لە کەمپەکەدا خێزانی #داعش#ە سووری و بیانییەکان هەن و زۆربەیان ژن و منداڵن، هیچ تیرۆریستێکی بیانی تێدا نییە. ئەمەش بانگەشەی وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ ڕەتدەکاتەوە، دەربارەی گواستنەوەی دوو تیرۆریست لە کەمپی هۆلەوە کە خەڵکی سووریا نین.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، قەسەدە تاکە هێزە لە سووریا دژی داعش تێکۆشاوە و لە ساڵی 2019 داعشی لە باغۆز تێکشکاند. بە ئێستاشەوە، بەردەوامە لەسەر ئەرکە هاوبەشەکانی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر. لەڕووی نیشتمانی و ئەخلاقییەوە پابەندە بە درێژەدان بە ئەرک، ئەگەر پێویست بکات ئامادەیە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەم ئەرکە فراوانتر بکات.
لە ڕاگەیاندراوەکەی قەسەدە بانگەواز لە حکومەت کاتیی سووریا کراوە، لێکۆڵینەوەی شەفاف درووست بکات و لەگەڵ بەڵگەکاندا بۆ ڕای گشتی بڵاوی بکاتەوە، ئەمە تاکە ڕێگەیە بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەم هێرشە تیرۆریستییانە. [1]