خەندان- خۆشناو حسێن
لەئەمساڵدا 19 تەقینەوە لە کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕوویداوه و 202 ئەندامانی هێزەکانی ئاسایش بەهۆیەوە شەهید و برینداربوون، بەپێی ئاماری فەرماندەی گشتی ئاسایشی ڕۆژئاوا.
فەرماندەی گشتی ئاسایشی ڕۆژئاوای کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە کانتۆنی جەزیرە لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاماری تەقینەوه و تاوانەکانی ساڵی 2016 ی ڕاگەیاند، بەپێی ئامارەکان، 19 تەقینەوە لەمساڵدا ڕوویانداوە کە بەشێکیان لە ڕێگەی ئۆتومبێل و ماتۆرسکێلەوەبوە.
فەرماندەی گشتی ئاسایشی ڕۆژئاوا، هەروەها ڕایگەیاندووە، کە تەقینەوەکان بەشێکیان خوکۆژی بوون و بە ئۆتۆمبێل و ماتۆرسکلێی بۆمبرێژکراو، لە کانتۆنەکانی (جەزیرە و کۆبانی و عەفرین) ئەنجامدراون، هەر لەمساڵدا هەشت ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو پوچەڵکراونەتەوە و 26 بۆمبی چێندراو تەقیونەتەوه و و 54 بۆمبیش پوچەڵکراونەتەوە.
هەروەها لە تەقینەوەکان و شەڕ و پێکدادانەکان لە گەڵ چەکدارانی داعش و سوپای سوریا و گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن 106 ئەندامی ئاسایش شەهیدبوون و 196 ئەندامی تریش برینداربوون.
بەپێی فەرماندەیی ئاسایشی ڕۆژئاوا، بەراورد بە ساڵی 2015 لەمساڵدا، سەرکەوتنەکانی هێزەکانی سوریایی دیموکرات(هەسەدە) لە شەڕی دژی داعش بۆ ڕزگارکردنی شار و گوند و ناوچەکان لەکانتونی جەزیرە لە سەدا 13 و لە کۆبانێ سەدا 14 و لە عەفرین سەدا 9 فراوانبوون.
سەبارەت بە تاوانەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان ساڵی 2016، 59 کوشتن، 499 تاوانی دزی، 352 حاڵەتی بازرگانی و بەقاچاغبردنی شوێنەوار و 49 حاڵەتی لەشفرۆشی، 11 دەستدرێژی سێکسی، 177 تاوانی بەکارهێنان و مامەڵەکردن بە مادەی هۆشبەر، 17 تاوانی گەندەڵی و 324 تاوانی قاچاغیکردن بە مرۆڤ و 345 تاوانی پێشێلکاری ئەمنی گشتی ڕوویانداوە.
هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژئاوا لە ساڵی 2013 دامەزرا کە لە (دەزگای ئاسایشی ژن، ئاسایشی بازگەکان، دەزگای ئاسایشی گشتی و دەزگای دژەتیرۆر و پۆلیسی هاتوچۆ و هێزەکانی فریاکەوتنی تایبەت) پێکدێت.
- 29-12-2016